رۆندک: November 2004

Tuesday, November 30, 2004

ڕێنوسی كوردۆ

له دوا بابه‌تی جه‌ماوه‌ردا دیدارێك له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نامۆ سازدراوه كه خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه. شێوه تیپی ئاڤێستای كۆنی زیندوو كردۆته‌وه، ناوی لێناوه شێوه ڕێنوسی كوردۆ
هه‌موومان ده‌زانین كورد به سێ شێوه ڕێنوس ده‌نوسن. له باشورو و ڕۆژهه‌ڵات به شێوه ڕێنوسی عه‌ره‌بی. له باكور و ڕۆژئاوای باشوور به شێوه ڕێنوسی لاتینی. كوردی ئه‌رمه‌نستان‌و قه‌فقارو كۆماره‌كانی تری كۆنی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی به شێوه ڕێنوسی سلاڤی
كاك نامۆ د‌‌بێژه كه تا ئێستا زیاتر له 2000 كه‌س له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌م ڕێنوسه شاره‌زان! ئه‌زیش ده‌بێژم: ماڵ له خۆی نیه‌و میوانیش بێته سه‌ر. كه‌م ڕێنوسمان هه‌یه‌و یه‌كی تریش لێ هه‌ڵكشێته لای ژۆری دیوه‌خانێ. ئه‌ز به‌ش به حاڵی خۆم دژی هیچ شتێك نیم كه خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌م بكات. به‌ڵام پێم وایه ئه‌م هه‌نگاوه زێده‌ڕۆییه‌‌و خاڵی زۆر گه‌وره‌ترمان هه‌ن كه سیمای دیارو گه‌وره‌ن بۆ نه‌ته‌وه‌بوونی كورد. ئه‌ز د‌بێژم خۆزگه له‌سه‌ر یه‌كێك له دوو ڕێنوسه باوه‌كان ڕێكده‌كه‌وتین‌ و لاتینی یان عه‌ره‌بیمان ده‌كرده شێوه ڕێنوسی نه‌ته‌وه‌یی، با مام نامۆش له كاره‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وام بێ، بزانین به‌كێ ده‌گا. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌ز به‌ته‌نێ مامه‌وه‌ و بوو به شێوه ڕێنوسی هه‌موو كوردستان، ئه‌وا له‌سه‌ر لێواری قه‌بریش بم هه‌ر ده‌بێ فێری بم. پێم وایه شتی گرنگترو گه‌وره‌ترمان هه‌یه پێویستی به خۆ پێوه ماندوو كردنه‌ و پێویسته به شتی لاوه‌كی خه‌ریك نه‌بین. به‌ر له ئێستاش له بابه‌تێكمدا كه له دوا ژماره‌ی میدیا له‌سه‌ر ڕێنوسی كوردی و زمانی یه‌كگرتووی كوردی بڵاو بووه‌وه‌، هه‌نگاونان به‌ره‌و زمانی یه‌كگرتوو به ئه‌ركێكی هه‌نوكه‌یی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانم‌ و پێویستی سه‌رشانی هه‌موو لایه‌كه‌ به دڵسۆزی كاری بۆ بكه‌ن
نازانم میوانانی ئازیزی ڕۆندكیش چ ده‌بێژن؟

Saturday, November 20, 2004

یه‌كه‌م ڕۆندك


كه یه‌كه‌م ڕۆندك هه‌ڵوه‌ری
خوێن بوو
ڕۆح بوو
كۆمه‌ڵێك هه‌نكسی زۆر بوو
به‌ر له‌وه‌ی ببێ به چیڕۆك
بوو به سروود
له شێوه‌ی وشه‌ی له بیركراو
ده‌ژیایه‌وه
تا هه‌نوكه‌ش
له قه‌تاری
ڕژان‌و هه‌ڵسانه‌وه‌دا
هه‌ڵپه‌یه‌تی
له خوێن ده‌بێته‌وه به ڕۆح
هه‌نسكه‌كانی ده‌بنه‌وه
به نه‌موراو
ده‌ژیێته‌وه
كه دێته‌وه
بۆنی خاك‌و شه‌وی لێ دێ
ئه‌مجاره‌شیان
ده‌یه‌وێ بێ
به‌ڵام بۆنی ئه‌ڤینی بێ
فرمێسكی ویستی
ئه‌به‌دی سه‌ر زه‌وی بێ

Wednesday, November 17, 2004

پرسی دوو دیمه‌نی جیاواز

له‌ هاوینی ڕابردوودا سه‌فه‌رێكمان بۆ پیره وه‌ڵات كرد، كوڕێكی پێنج ساڵ‌و نیومان هه‌یه‌و له هۆڵه‌ندا له دایك بووه. به‌ر له‌وه‌ی سه‌فه‌ر بكه‌ین، هه‌ر دیمه‌نێكی جوانی بدیبایه به دڵنیاییه‌وه ده‌یگوت
بابه ئه‌وه كوردستانه
كه چوینه‌وه بۆ وڵات‌و تێر گه‌رما بووین‌و دونیایه‌ك تۆزی پیرۆزی بێنازی وڵاته‌كه‌مان هه‌ڵمشت‌، شوتی‌و كاڵه‌ك (گندۆره‌و) و هه‌نجیرو ترێ‌و خیارو ته‌رۆزیمان خوارد
زێده‌ڕۆییش نیه ئه‌گه‌ر بڵێم هه‌رچی جاده‌و ڕێگاو بانی ئه‌و وڵاته هه‌یه هه‌مووی له ژێر كاركردن‌دا بوو، به‌ڵام زۆریان هه‌ڵوه‌شێنرابوون‌و به هه‌ڵوه‌شاوه‌ی وازیان لێهێنرابوو، پێده‌چوو زه‌مه‌نێك بێ هه‌ر ئاوا وازیان لێهێنرا بێ
ئه‌و دیمه‌نه تۆزاوی‌و كۆسپ‌و خه‌نده‌ك‌و ڕێگاوبانه هه‌ڵوه‌شاوانه جێگای هه‌موو دیمه‌نه جوانه‌كانیان له دیدی هۆشڤانی مناڵ داگیر كردبوو
كه گه‌ڕاینه‌وه بۆ هۆڵه‌ندا ئه‌و شه‌قامه‌ی به به‌ر مه‌كته‌به‌كه‌ی سه‌ره‌تایی هۆشڤان‌دا تێده‌په‌ڕێ، له ژێر كاركردن‌دا بوو، بندۆزه‌رو ماشێنی هه‌مه‌جۆر كاریان تێدا ده‌كرد. خه‌نده‌كی گه‌وره‌یان لێدابوو، خۆڵی زۆریان هه‌ڵدابووه‌وه. هه‌ركه له دووره‌وه هۆشڤان چاوی به‌و دیمه‌نانه كه‌وت كه‌وته قسه‌و پرسی
بابه ئێره‌ كوردستانه؟

Monday, November 15, 2004

تێیۆ فان خۆخ؟

ئه‌و ده‌رسانه چی بوون له كوشتنی تێیۆ ڤان خۆخ وه‌رگیران؟
بێ هۆ نه‌گوتراوه: نه‌زانێك به‌ردێك ده‌هاوێته گۆمێك به سه‌د زانا نایه‌ته ده‌ره‌وه. نه‌زانێكیش به تاوانێك هه‌ڵده‌ستێ به‌ڵام ده‌یان تاوانی تری به‌دوادا دێن! لێره‌دا پڕ به پێستی خۆیه‌تی وشه‌ی تیرۆر به‌كار بێنین. ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی تێیۆ ڤان خۆخ ده‌كوژێ تیرۆریست نه‌بێ ئه‌وا نابێ كه‌س تیرۆریست بێ. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر هۆیه‌كی زۆر ئاسان، ئه‌ویش: یه‌كێك ماڵی له شوشه بێت نابێ به‌رد له ماڵی خه‌ڵك بگرێ.
ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆژانه له هۆڵه‌ندا ڕوو ده‌دا هه‌رگیز جێی دڵخۆشی هیچ كه‌سێكی ئه‌و وڵاته نیه. ئه‌و كوشتنه كۆمه‌ڵێك ده‌رگای فیتنه‌ی كردنه‌وه نه به سه‌رۆك وه‌زیران‌‌ داده‌دخرێ‌و نه به ڕه‌وه‌ندی مسوڵمانیش.
باشه ئه‌ی قورئان ناڵێ: فان اعتدو علیكم فاعتدوا علیه بمثل ما اعتدی علیكم. تێیۆ پیاوێكی گاڵته‌جار بوو، بۆ ئه‌و هه‌موو دینه‌كان له‌یه‌ك ڕێز بوون. زۆر له مێژه به‌زمی خۆی به كریستیانه‌كان كردووه‌و له خۆ بووبووه‌وه، كه‌چی به وشه‌و نوسین‌و ناڕه‌زایی هه‌ندێ كه‌نیسه وه‌ڵامی درایه‌وه. به‌ڵام ئه‌و وه‌ڵامه‌ ئیسلامیه نه‌ك هه‌ر تێیۆی كرده پاڵه‌وان، به‌رهه‌مه‌كه‌شی كرده شاكارێكی مه‌زن‌و تا ئه‌مڕۆ ده‌یه‌ها كۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تی داوای كڕینی ئه‌و به‌رهه‌مایان كردووه. به‌ینی خۆمان بێ ئه‌و نسكۆیه خومه‌ینیانه بوو، خومه‌ینی سه‌لمان ڕوشدی ناودار كرد. ئه‌وانه‌ش تێیویان كرده پاڵه‌وانی هونه‌رو به‌رهه‌مه‌كه‌شی بوو به شاكارو خه‌وی هه‌زاران ڕه‌وه‌ندی مسوڵمانیشیان زڕاند.
ده‌بێ ڕاست بێ كه ده‌ڵێن: چۆن ئیسلام 600 ساڵ له دوای مه‌سیح هاتووه، ئه‌وه‌نده‌ش مسوڵمانان له دواوه‌ی ژیاری ڕوژئاواو مۆدێرنێته‌ن؟

Sunday, November 14, 2004

ده‌به‌ر یه‌كڕاچوونێك

كه وشه ده‌ست ده‌كه‌ن به گریان، كه‌س گوێی لێیان نابێت، ئه‌وان ده‌گرین بۆ ئه‌وه‌ی ماناكان به قسه بێنن. گریانی وان ئه‌و كاتانه ده‌بێ كه گوێیان لێناگیرێ، گریانیان نزایێكی ئه‌به‌دیه‌و هێزی روحێكی تازه‌ن بۆ جموجۆڵی دیرۆكی مانایه‌كان. كه ئێمه‌ش ده‌گرین تاكه پانتاییه‌ك كه جێگای گریانی ئێمه‌ی تیادا ببێته‌وه باوه‌شی وشه‌كانه، هه‌ر ئه‌وانن ته‌عبیر له مانای گریانه‌كانمان ده‌كه‌ن. ئه‌وان نه‌بوان ده‌بوایه ئێمه به شێت بوون ته‌عبیر له خۆمان بكه‌ین. ئه‌گه‌ر گریانی ئێمه‌ش نه‌بوایه ده‌بوایه ئه‌وان بێ دیرۆك بوان. ئه‌وان له گریانی ئێمه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن‌و ئێمه‌ش له گریانی ئه‌وانه‌وه دیرۆك دروست ده‌كه‌ین. ئێمه‌و ئه‌وان له ده‌ست له‌ملان بوونێكی ئه‌به‌دی داین، هه‌ردوو گریانه‌كانمان له پانتایی مانایه‌كان ئاهه‌نگ ده‌گێڕن.


Friday, November 12, 2004

گواستنه‌وه‌

له‌گه‌ڵ ڤه‌ژین ئه‌زموونێكی باشم بوو، به تایبه‌تیش تا ئه‌و ساتانه‌ی گیروگرفتی نه‌بوو. گیروگرفته‌كانی هه‌مه‌جۆر بوون، جارێك شێوه‌ڕێنوسی كوردی ده‌گۆڕین، جارێك ده‌قه‌كانی په‌خش نه‌ده‌كردن. هه‌ر جاره‌و كێشه‌یه‌ك. به چاكم زانی هه‌وار بگوازمه‌وه، ڤه‌ژینیش وه‌كو ئه‌رشیف هه‌ر بمێنێ بۆ هه‌موو ئه‌و ده‌قانه‌ی كه پێشتر نوسراون.
ڕۆندك درێژبوونه‌وه‌ی ڤه‌ژینه. ڕۆندك وێنایه‌كی تری ڤه‌ژینه بۆ ته‌عبیر له‌خۆ كردنه‌وه‌یه‌كی تری به‌رده‌وام.
گواستنه‌وه‌ی هه‌وار زۆرجاران ته‌عبیركردن نیه له خۆشی به قه‌د ئه‌وه‌ی ته‌عبیركردنه له پێویستی. هه‌موو پێویستیه‌كیش مه‌رج نیه بۆ خۆشی بێ، به‌ڵكو بۆ درێژه پێدانی ژیانه.
ڕۆندك بۆ كۆنه هه‌وار هه‌ڵناوه‌رێن، هه‌ڵوه‌رانیان ته‌عبیرێكی ئه‌به‌دی‌و ئاماده‌ن بۆ به‌رده‌وام بوون.