رۆندک

Monday, September 05, 2016

کورد لە باشوور لەنێوان بوون و هەبووندا


کوردبوون، لەو زەمەنە پر لە دابەشبوون و لەژێر دەستەڵاتی گەلانی دیکەدا، ڕووبەڕووی کۆمەڵێك پرسیاری وجودی بۆتەوە. کوردبوون چیە؟ ئایا هەر هەبوونێکە بەدوای ژیانێکی ئاساییدا دەگەڕێت، یا بوونێکە دەیەوێت ببێت.
ئاخر جیاوازی لەنێوان هەبوونێك کە دەیەوێت بژیەت، لەگەڵ بوونێك کە دەیەوێت ببێت، زۆر گەورەیە؟

ئاژەڵ لەهەموو دۆخێکدا دەیەوێت بژیەت، لەناو قەفەسدا بێت یا لە دارستان. بۆیەشە هەبوونی هەمیشە لەژێر هەڕەشە دایە.
ئەوەی تێبینی دەکرێت، تا ئەو چرکەساتەش کوردبوون بریتیبووە لەوەی دەیەوێت بژیەت، بۆیە تا ئەمڕۆش بەهۆی ئەوەی نەیویستووە ببێت، بوونی لەژێر هەڕەشە دابووە. کاتێك هێزێكی دەرەکی بەئاراستەی دۆستایەتی یا دژایەتی هەڵوێستێك دەنوێنێت، کورد شاگەشکە دەبن یا زەندەقیان دەچێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە جیاوازی لەنێوان بوون و هەبووندا ناکەن. ئیدی ئەو دەنگانەی کە ویستوویانە ببن، زۆر کەم سەریخۆیان دەرهێناوە، زۆریش لەوانەی کە دەنگیان بەرز کردۆتەوە، دوایی هەر زوو لەبەردەم کۆمەڵێك گۆڕانکاریدا، لەبەردەم کۆمەڵێك چڵێسیدا هەڕەسیان هێناوە. هۆکارەکەش هەر ئەوە بووە کە جیاوازییان لەنێوان بوون و هەبووندا نەکردووە.


ئیمە وەکو تاك کە ڕۆژانە لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ڕەخنە دەگرین، هەڵپەی ئەوەمانە سەرنجی ئەوانی دیکە بۆخۆمان کێش بکەین، لەپێناو دیاربوونە یان بوون؟

بوونی ڕاستەقینە پێویستی بە سەنرجڕاکێشانی ئەوانی دیکە نیە، چونکە ناوەرۆکی هەیە، هەست بە بوونی مانای خۆی دەکات، باوەڕبەخۆبوونی بەهێزە، بۆیە تاکە شتێك کە دەیەوێت پەیدای بکات یا بەهێزی بکات، هەبوون نیە بەڵکو بوونیەتی. بوونێك مانا بەبەر ئێستا و ئایندەیدا بکات. بوونێك نە چڵێسییەکانی ژیان، نە خۆبینین بە بچوکی لەبەرامبەر ئەوانی دیکەدا، کاری تێ نەکات. بوونێکی بەکەرامەت.


تۆ ئەگەر هەر دەتەوێت بژیت، پێویست ناکات ژیانی خۆت بخەیتە مەترسی، دەتوانی بجوڵێیت بچیتە شوێنێك ژیانی تیادا مسۆگەر بێت، بەڵام کۆیلەبیت یان کرێکار، ئیدی ئەوە دەژیت و ترس لەسەر جەستەت نیە و خواردنت دەبێت، لەوانەیە زۆری ستی دیکەشت ببێت. بەڵام بەجیددی کورد چی دەوێت، ترس لەسەر جەستەی نەمێنێت و بژیەت، یا دەیەوێت بوونێكی مەعنەوی، شکۆدار و خاوەن کەرامەت بێت؟


ئەمڕۆ لەو هەرێمە بچوکەی ئێمەدا کە بەشێکە لە کوردستانی باشوور، کوردبوون لەهەموو مانا وجودییەکانی بەتاڵ کراوەتەوە. ئەوەی دەیبینین، ئاڕاستەیەکە بەرەو تێرکردنی جەستە دەڕوات. هێندەی ترسی برسیبوونی هەیە هێندە کێشەی بوونی نیە.
ئاخر کە مرۆڤ لەهەرشوێنێك بتوانێت ببێت، کێشەی هەبوونی نامێنێت. بەڵام کاتێك ویستی بژیەت، لەهەموو چرکە ساتێكدا بوونی لەژێر هەڕەشە دایە.


لەکۆتاییشدا ئەوەی گرنگە بزانین، بوون بەو گەڕەلاوژێیەی کە لەهەرێمە بچووکەکەماندا هەیە، بەدەست نایەت. لەڕێی ئەو حیزبە چەپرەکانەی کە هەموو غەم و خواستیان پۆستێکە، یا کۆکردنەوەی پارەی زیاترە، یا کۆکردنەوەی ئەندامی زیاترە، بۆ ئەوەی هەبوونی خۆیان وەکو مێگەل زۆربکەن، ئەمانە خەمی بوونیان نیە. ئەمانە لەفیکر و لەژیان بەتاڵن، جەستەیەکی جوڵاون و دەیانەوێت قەڵەوی بکەن، هەر ڕۆژە و لەبەردەرگای گەلانی سەردەستدا خۆیان مەڵاس داوە. هێندە بچوکن، بچوکترین کەسی سەر ئەو زەویە نایانبینێت. هەر ئەوەش بووە کە سەدان ساڵە کورد ویستوویەتی دیاربێت، بەڵام نەیتوانیوە خۆی بەدەر بخاتە، چونکە نەیتوانیوە بوون و هەبوون لەیەك بکاتەوە. ئەو حیزبانەی ئەمڕۆی باشووریش ناتوانن هیچ سەروەرییەك یا بوونێك بۆ میللەتی خۆیان دەستەبەر بکەن، چونکە نازانن بەدوای چیدا وێڵن، بوون یان هەبوون.

سەرکردەیەك ئەگەر بیەوێت ببێت، بەر لەهەموو شتێك دەبێ خۆی بیەوێت ببێت، هەموو بوونێکی رۆحی و بەکەرامەتیش، کە ناو و ناوبانگی تائەبەد دەمێنێت، پۆست و موڵك و ماڵ دەخاتە ژێر پێی خۆی. ئەوانەش کە دەیانەوێت بژین، بەڵام لەناو دونیایەك چڵێسی و پۆست و پارەدا، ڕووی مادییانەی خۆیان دەردەخەن و دەخەنە سەر سەریان، تەنها گرنگی بە پۆست و ماددە دەدەن، لەو پێناوەشدا حیساب بۆخوێن و فرمێسکی خەڵك ناکەن. هەبوونێکی خودسەرانەی نامرۆڤانەی ناشەریفانە دەژین.
ئەوە حیزبەکان و سەرکردەکان وەهان، ئەی خەڵك، ئەو هەزاران هەزار خەڵكە، چیان دەوێت، بوون یا هەبوون، بۆ ئەوەی هەڕەشە لەسەر ئێستا و ئایندەیان نەمێنێت؟


ئاخر جیددیترین پرسیار ئەوەیە؛ چیمان دەوێت، دەمانەوێت بژین یا ببین؟

Tuesday, October 20, 2015

گلاسێک لە ڕێواقەی زەردەخەنەکانت


رۆح لەژێر جاجمێکا
جار جار خۆی لە هەناسەم دەئالاند و
جار جاریش
،ترپەی دڵی تنۆک تنۆک
سەرەیان بۆ 
،ڕووتکردنەوەی عەرش دەگرت
تالەوێ
دەمامکەکان
.بکەن بە ئاڵا

ترێم نەدیوە
.وەک تۆ ببێت بە مرواری
سێویشم نەدیوە
ببێت بە موم و
،لەگەل ڕێواقەی مسکەکانت
ئاوێتەی پیالەیەک
.حەزم بکات

کە لەناو تۆدا رووت دەبوومەوە
،حەزم بۆ نوێژ دەچوو
حەرەمێک نەدەما
نەیپێچمەوە و
.نەیکەم بە شیلەی سەر رۆحە داگیرساوەکەت

،شەوەکان لەمن تێر دەبوون
.بەلام من هەمیشە برسی تۆ بووم
،کە کەوەکان بەڕیزە 
،تێمومیان بە رووتی دەکرد
هەستێک بە شێنەیی دەهات و
پیالەیەک رێواقەی
بۆ برسیەتی من
.دەکردە قەنەفر

،شەوت رووت دەکردەوە
،حەیات دەکردە بەفر
مۆمت دەکردە ئەو کولانەی
کە جێ ژوانی
.هەناسەیەکی رووتی وێل بوو

گوێم لێ نەبوو ببم بە سوالکەری
،کابەکەی تۆ
سوژدە بۆ ئەو بەردە بەرم
.کە لەگەل بیابانی رۆحت رووت دەبوەوە

،فیکرێکی لاسار بووم
.کە بۆ رووتیت دەبووم بە رێواقە
،لەوێ هەموو ئەو گوڵانەی
بە لیکێکی رژاوی ژێر زمانت حۆل دەبوون
کۆم دەکردنەوە و
،لەژێر سوخمەکەتدا
.دەمخەواندن

بۆ گەیشتن بە نهۆمی حەوتەمی تۆ
.شەڕم بوو
لەگەل رووباری خەمر و
رووباری شیر و
سوپای حۆریەکان
ئەو پردانەی
لە چاوت تیژ تر و
لە زەردەخەنەت باریک تر بوون
بەسەر بەرزایی
رۆحما
دەبوون و
.دەکشان

چیرۆکی تۆ
،وەک چیرۆکی گەردوون نیە
لە پێکی حەز
دەست پێ بکات و
لە پیاڵەی مەرگ
.قنیات بدات
چیرۆکی تۆ چەرخە و
دڵم دەفڕێنێ و
.ئاوڕ لە مەرگ ناداتەوە

،کە تۆ لێرە نابیت
،شێرە بەفرینەکان
،پڕم دەکەن لە ڕنووەکانی وەرز
عابیدەکانی حەرەم
،سەرم
،دەستی ڕاستەم
،پێی چەپەم
بە تۆمەتی
،توانەوە لەناو نوێژ بۆ تۆ
لەبەر دەرگای تنۆکە تواوەکان 
.هەڵدەواسن

ئیدی بێ ئەوەی کەسمان نیگەران بین؛
هێلانەی دڵم و
،بیلبیلەی چاوەکانم
.بگۆرە بۆ حەرەمسەرای حەزەکانت
،لەورا منیش
،باوەشی رۆحت
دەکەم بەدوا مەنزڵگای
!زیکرەکانم

Tuesday, July 28, 2015

دەستوور لەنێوان دین و سێکیولاریزم دا


دەستوور لەسادەترین پێناسەی دا، کۆمەڵێك بنەمای بنەڕەتین، پەیوەندی نێوان حکومەت و دامەزراوەکان، هاوڵاتیان و هێزە سیاسی و کۆمەلایەتییەکان بەگشتی و ماف و ئەرکەکانیان ڕێك دەخات یا دیاری دەکات. دەستوور ژمارەیەك ناوی دیکەی هەن لەوانەش “پەیماننامە”، “سیمبۆڵە کۆمەڵایەتییەکان”، “قانون”، بۆتەی قانونەکان”، “سیستمی قانونەکان”، و “بنەماکان” یا “بنەما گشتییەکان”. بەپێی ئەو کۆدانە بێت دەستوور کاتەلۆکێکە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و دیاریکردنی ئەرک و مافەکان بە مەبەستی پێشگرتن لە فەوزا و پاراستنی ئاسوودەیی و ئارامی هاوڵاتییان و نیشتمان. بەمەش دەبینین کە دەستوور زۆربەی جاران دەقێکی گۆڕاو و لاستیکییە و لە ساتێك و بارودۆخێکی تایبەتەوە بۆ ساتێك و بارودۆخێکی دی دەگۆڕێت. ئەو لایەنەش کە دەیگۆڕێت هەر هەمان ئەو لایەنەیە کە دایان ناوە. دەستوور سیفەتێکی کۆللێکتیڤی دامەزراوەیی هەیە. لەخودی خۆیدا سیفەتێکی سێکولاری هەیە، بەو مانایەی کە مرۆڤەکان دای دەنێن و ژیانی خۆیان بەو جۆرە ڕێك دەخەن، بۆیە جۆرێك لە پەیمان و ڕێککەوتن لەنێوان خۆیاندا دەسنیشان دەکەن و پێیەوە پابەند دەبن.
بەڵام لە دیوەکەی دیدا، دین هەڵگری ئەو کۆمەڵە تێکستە مێژووییەن کە لەچاوی هەوادارانییەوە هێزێکی باڵادەست ناردوویەتی بۆ مرۆڤەکان، ئەو مرۆڤانەی کە ئەقڵیان سنووردارە، بەرژەوەندییەکانی خۆیان باش ناناسن، ئەرکی بەندایەتی خودایان لەسەر شانە و دەبێ بەپێی ئەو ئەرکە مل بۆ دەقەکان کەچ بکەن، بە مەبەستی ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان خودا و خۆیان، پەیوەندی نێوان خودی مرۆڤەکانیش لەنێو خۆیان دا. لێرەدا دین زیاتر سیفەتێکی تاقانەی هەیە، واتە بەر لە هەر شتێك وابەستەبوونێکی تاکە کەسیی نێوان مرۆڤ و خودایە، بۆیە بەپێی زۆر دەقی ناو قورئان مرۆڤەکان ناچار نین پێڕەوی لەو دەقانە بکەن، لەوانەش “تۆ هەژموونت بەسەریاندا نیە”، “تۆ زاڵ نیت بەسەریاندا”، “دەتوانی تەنها خۆت پابەند بکەیت” و “دینی خۆ و بۆ خۆ و، دینی خۆشم بۆ خۆم”. ئەمانە هەمووی بەڵگەی ئەوەن کە سەپاندن بەزۆری کاری دین نیە، چونکە لەتێڕوانینی دیندا لەدوای مردن، ژیانەوە هەیە و تەنها خوداش مافی لێ پێچینەوەی هەیە.
دوای ئەوەی دین لە دەقە ئەبستراکت یا موجەرەدەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ چیایەك لە تەفسیر و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن، چیدی مرۆڤەکان لەبەردەم دەقی پیرۆزدا نابن، بەڵکو لەبەرامبەر کۆمەڵێك تێڕوانینی جیاوازدا دەبن، کۆمەڵێك ڕاوبۆچوون لەسەر خودی دەقەکان و تەوزیفکردنیان لەپێناو ئەو ئامانجانەی کە خودی گروپەکان و پێکهاتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو خۆیاندا بەکاری دێنن و مۆبیلیزەیان دەکەن. دەتوانین بە یەك وشە ئەو تێڕوانین و کەلەکەبوونەی فیکر و هزری مرۆڤەکان لەسەر دەقە دینیەکان وەسف بکەین، ئەویش سێکولاریزمە. واتە چیتر مرۆڤەکان لەبەردەم دەقی پیرۆزدا نین، چیدی ئەو پەیوەندییە شاقوڵییە یا ستوونییەی نیوان سەرەوە و خوارەوە نابینرێت، بەڵکو هەموو ململانێکە دەکەوێتە نێوان تەفسیر و فیکر و لێکدانەوە جیاوازەکان، دەکەوێتە نێوان هەوادارانی فیکرە جیاوازەکانی ناو دەقەکان. لەوێدا “ئێوە لەکاروباری ژیانی خۆتان شارەزا ترن”، دەبێتە ئەو ئەزموونەی کە خودی پەیامبەر دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەێتی ژیانی ڕۆژانەی خەڵك. پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شتوومەکەکان. کاتێك ئەو لەڕوانگەیەکی مرۆییەوە بۆچوونێکی خۆی دەڵێ خەڵك وەکو دین لێی وەردەگرن، بەڵام کاتێك کە ئەنجامەکە پێچەوانەی ئەو کارە پێشینە و ئەزموونیەی مرۆڤەکان دەبێت، لەوێدا ئەو دین و دونیا لەیەکدی جیا دەکاتەوە، لەوێدا سێکولاریزم زۆر بە ئاشکرایی خۆی تەجەللا دەکات. لەوێدا “ئێوە لەکاروباری ژیانی خۆتان شارەزا ترن”، یا باشتر دەزانن، جلەوی کاروباری ڕۆژانە لەدینەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەزموون. لە موقەددەسەوە بۆ چەند دەقێکی نەرم و قابیلی لێكۆڵینەوە و گۆڕان و شڕۆڤە کردن. لە چەند دەقێكی پەیوەست بە ئاسمانەوە بۆ چەند دەقێکی دونیایی سێکولار.
لێرەدا لەبەردەم دوو کۆنترادیکشن، یا دۆخی دژ بەیەك دا دەبین. ئەویش ئەو تێکستە دینییانەی کە جێبەجێ کردنیان لە گروپێکەوە بۆ گروپێك، لە زانایەکەوە بۆ زانایەك، بەڵکو لە میللەتێکەوە بۆ میللەتێك دەگۆڕین، لەلایەك سیفەتی پیرۆزیان لێ دادەماڵرێت، دەبنە دەقگەلێك کە لەنێوان خودی هەوادارانی دا پێویستی بە سازانە. ئەگەر نەتوانن لەسەر تێڕوانینەکاندا ڕێك بکەون خوێن دەڕژێت. مێژووش پێمان دەڵێت مسوڵمانەکان لەسایەی دەیەها دەقی پیرۆزەوە نەیانتوانی خوێنی یەکدی حەڵاڵ نەکەن، نەیان توانی بە هەزاران لەیەکدی نەکوژن، چونکە تێڕوانینیان بۆ ئەو دەقانە جیاواز بوو. ئێستا دوو گەورەترین پێکهاتەی دینی کە سوننە و شیعەن و هەردوویان بە تەواوەتی باوەڕیان بە قورئان هەیە وەکو کۆمەڵە دەقێكێ پیرۆز، بەلام ناتوانن لەنێوان خۆیاندا ڕێك بکەون. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ڕاستە ئەوان لەسەر خودی دەقەکان کۆکن، هەردوو لا باوەڕیان وایە کە ئەم دەقە قورئانییانە پیرۆزن، لەلایەن خوداوە هاتوون، بەڵام تێڕوانینی جیاوازیان لەسەر لێکدانەوەکانیاندا هەیە، هەر یەکە و لە سیاقێكەوە دەیانخوێنێتەوە، تەنانەت کۆمەڵە ڕووداوێكی پێش خۆیان کاریگەری لەسەر شڕۆڤەکردنەکان هەیە، کۆمەڵە ڕووداوێك کە بواری گەڕانەوە دواوە و ڕاست کردنەوەی ڕووداوەکانی تێدا نییە و ناتوانن دەسکاری  ئەو مێژووە بکەن. ئیدی ڕووداوە مێژووییەکان دەکەونە بۆتەی جێگیر و بەقەد پیرۆزی دەقەکان، پیرۆز دەبن. تێروانینەکانیش بەقەد پیرۆزی دەقەکان جێگیر و پیرۆز دەبن. بەڵکو کێشەکە ڕەهەندی دەقەکانیشی بڕیوە و بە پیرۆزکردنی کەسەکانەوە بەستراوەتەوە. شوێنکەوتوانی ئەمڕۆی دینێك چی لەوە بکەن داخۆ ئەبوبەکر پێش تر بووە بە خەلیفە و عەلی نەبووە؟! ئایا ئەو دوو کەسە وەکو دەقەکان پیرۆزن؟ بێگومان نەخێر. ئەی ناکرێت هەردوو لا، واز لەو گەمە سیاسییەی ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا بێنن و نەئەویان یەکەم بێت و نەئەوی دیکەشیان دواهەمین. بێگومان ڕوداوێکە و ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە دواوە، ناشتوانرێت لەسەری ڕێكکەوتن بکەن، چونکە لای هەردولا ڕووداوەکان پیرۆزێندراون، ئیدی چارە یا ئەو، یا ئەم، یا هیچیان.
ئەگەر لە شیعەو سوننە بگەڕێین، بێینە ناو خودی ئەهلی سوننە و ئەگەر تەنها دەقێكی وەکو دەست بڕین، کە لە قورئاندا هاتووە، ئەگەر لە کورتە ڤیدیۆیەکدا جێبەجێ کردنی حوکمێکی دەست بڕین، کە یەکێکە لە حوکمە جێگیرەکانی ئیسلام، بخرێتە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت، چی ڕوودەدات؟ لێرەدا باس لە نامسوڵمانەکان ناکەم، بەڵکو لە مسوڵمانە دیندارەکان و پابەندەکان بە بنەماکانی ئیسلام و پایەکانی ئیمان و ئیسلام. بێگومان هەر یەکە و بەپێی تێڕوانینی خۆی وەها ڕووداوێك شڕۆڤە دەکات. هەیانە بێزی لە ڕووداوەکە دەبێتەوە، هەیانە بە قسە سەرکۆنەی دەکات. هەیانە بە کردەوە دەیەوێت وابکات جارێکی دی وەها ڕووداوێك دووبارە نەبێتەوە. هەشیانە دەست خۆشی لێ دەکات. ئەمەش بەهەمان ئەو واقیعەی کە ئەمڕۆ لەناو هەرێمی کوردستان بەرقەرارە. بەدەیان پێكهاتەی ئیسلامی جیاوازمان هەن، هەر لە سەلەفییەکانەوە بەهەموو بالەکانیان، تا ئیسلامییە میانەڕەوەکان، تا دەگاتە سۆفییەکان و یەکێتی وتارخوێنان و وەزارەتی ئەوقاف و ناوەندە مەدەنییە دینییەکان و ڕاگەیاندنەکانیان، هەموویان بەیەکەوە پێیان دەگوترێت مسوڵمان. کەسێکیش لەوانە مەگەر سەلەفییەکان هەندێك بوێرن لە بە کافر ناسینی ئەوانی دی، ئەگینا کەم وایە یەکدی بە کافر بزانن، بەڵام زۆر کەمیش وایە تەنانەت لەسەر سەوابیتەکانیش یەك تێڕوانینی یەکسانیان هەبێت. دەی ئەم هەموو جیاوازی و ناکۆکییە لە دونیابینی بۆ خودی دەقە دینییەکان، لەخۆیدا جۆرێکە لە سێکولاریزم.
وەهم و هەڵەی گەورەی ئەوانەی دەیانەوێت لە دەستوورێكی سێکولاردا بنوسرێت، “نابێت هیچ دەقێك پێچەوانەی بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام بێت”، زوڵم هەم لە ئیسلام و هەمیش لە دەستوور دەکەن.
زوڵـم لە ئیسلام دەکەن بەوەی کە ئەوان بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام دەخەنە چوارچێوەی دەقێكی گۆڕاو و سێکولار. لەلایەك پێچەوانەی ئەو ئایەتانەی کە خودا ڕێگا بە تەنانەت پەیامبەرەکەی نادات هیچ شتێك بەسەر مرۆڤەکاندا بسەپێنێت، تۆ بە پێچەوانەی ئەو دەقانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، دەتەوێت سەپاندن بکەیت بە بنەمایەك کە لەخودی خۆیدا بنەمایەکی لەرزۆك و گۆڕاوە. لەلایەکی دیکەدا، پێچەوانەی ئەو واقیعەیە کە پێکهاتووە لە چەندین پێکهاتەی دینی و ئایدیۆلۆژی جیاوازەوە. ئێمە لێرەدا لەبەردەم ماتماتیك نین بۆ ئەوەی بە زۆرینە و کەمینە لێکی بدەینەوە. ئەگەر وەکو حیزبێکی مەدەنی ئیسلامییەکان باوەڕیان بە مافەکانی مرۆڤ هەیە، بە مافەکانی تاکەکانەوە لە مافی ئازادی ڕادەربڕینەوە، تا مافی ئاینداری و بێ ئاینی، تا مافی ژیان و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان، ئەوا ناکرێت باوەڕیان بە سەپاندن هەبێت و ناشکرێت دەقێك لە دەستوردا هەبێت کە دەستەویاخە بێت لەگەڵ چەندین دەقی دی. تاکەکان ئازادن خۆیان بە چییەوە پابەند دەکەن بەڵام لەوەیان ئازاد نین کە هیچ دەقێك بەسەر ئەوانی دیدا بسەپێنن. هەروەها زوڵم کردنیش لەدەستورێکی مەدەنی هەر ئەوەیە کە تیایدا بنوسرێت “نابێ هیچ یاسایەك دژی بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام دەربچێت”. لێرەدا ئێمە لەبەردەم چەند کێشەیەک داین، کێشەی یەکەم: ئەو ترسەیە کە زۆرینەی خۆ بە مسوڵمان زان هەیەتی. ئەگەر ئەوان باوەڕیان وایە ٪٩٨ ی خەڵك مسوڵمانە بۆ لەوە دەترسیت سبەی ڕۆژ قانونێك لە پەرلەمان پەسەند بکرێت کە پێچەوانەی بنەما نەگۆڕەکانە؟ مەگەر نوێنەرانی ئەو ٪٩٨ نین لە پەرلەمان؟ دەبێ لە وەها هەڵومەجێکدا، کەسیك هەبێت هێندە بوێر بێت شتێك لە پەرلەمان دەربکات پێچەوانەی ویستی ٩٨٪ بێت؟ بێگومان نەخێر. جگە لەوەش ئەگەر ٩٨٪ مسوڵمانن ئەی بۆ ئەو ئیسلامیانەی کە بەڕاست و چەپ دەیانەوێت وەها دەقێك بسەپێنن، کەمینەن و تا ئەمڕۆش نەیانتوانیوە ببنە زۆرینەی پەرلەمان؟
خۆ ئەگەر واش نەبێت و ٩٨٪ مسوڵمان نەبن، دەی ئەوان زوڵـم لە خەڵكێك دەکەن کە کۆك نین لەگەڵ لێکدانەوەی ئیسلامییەکان. کێشەیەکی دی ئەو بنەمایانەن کە ئەوان بە نەگۆڕ وەسفیان دەکەن، کامانەن ئەو بنەما نەگۆڕانە. ئەگەر مەبەست لایەنی عەقیدە و بیروباوەڕی خەڵكە، یا پایەکانی ئیمان و ئیسلامە، ئەوا پرسێكی ویژدانی کەسەکانە و کەس ناتوانێت لەکۆمەڵگایەکی فرەیی وەکو هەرێمی کوردستاندا قانونێك بۆ نوێژ نەکردن یا ڕۆژونەگرتن دەربکات. خەڵك بەبێ قانون ڕێز لە زۆرینەی خەلك دەگرێت کە بەڕۆژوون. کێشەکە لەو بنەمایانەدا نیە، بەڵکو لە قانونەکان دایە، واتە لە بنەماکانی شەریعەت. بەو مانایەش بێت ئەوان دەیانەوێت هیچ شتێك پێچەوانەی شەریعەت نەبێت. لەوێشدا، کۆتایی بە هەموو ئەو بنەما مرۆییانە دێت کە لەڕێی ئەزموونەوە کۆمەڵگاکان پێی گەیشتوون.
دوا خاڵی ئەو نوسینەم پەیوەستە بە ڕێز. ئایا زۆرینەی خەڵك بەبێ ئەوەی لە دەستوریش ئاماژەی پێ بکرێت، ڕازییە بە بێ ڕێزی کردن بە ئیسلام و تەنانەت دینەکانی دیکەش؟ لەوەڵامدا نەخێر. خۆ ئەگەر لەناو هەزاران کەس یەکێك کارێکی سەرەڕۆیانە بکات، ئەوە بەکەس ڕێگری لێ ناکرێت، کە کراویشە و هیچیش لەو کەسانە نەکراوە، چونکە نەقانون و نەهیچ کەس دەستی بەوانە گەیشتووە؟
کەواتە بێڵن، با دەستور میکانیزمێك بێت، دوور لەهەموو ئایدیۆلۆژیا و پێناسەیەکی زۆرینە و کەمینە. هەموو هاوڵاتیان لەبەرامبەر قانوندا یەکسان بن و دەوڵەت شوێنەکوتووانی هەموو ئاین و بیروباوەڕە ئاسمانی و زەمینییەکان دەپارێزێت.

* ئەم بابەتە لە ژمارە ٥٢٥ی رۆژنامەی چاودێر بڵاو بۆتەوە

Thursday, July 09, 2015

دەمـەتەقێیــەك لـەگـەڵ خـەو


وتم ئەی خەو نامەوێ رەنگت بگرم
نامەوێ لەباوەشی پیرت بمرم
نیوەی تەمەن بە ناهەشی ئیخ بکەی
دەستبەرداری نیوەکەی تریشی بم

نا، ئیتر وشیارم بەسیە ناهەشی
بەسیە بۆرژان و باوشکە و چاوڕەشی
خولیای تۆ بوو، بەجێماوە تەپیوە
چیم داوە لە بەجێمان و بێ بەشی

تۆ بەشێکی لە چارەی ڕەشی مردن
تۆ تەپین و ئاڵۆزی و خەمی بۆ من
کەسی نوستووم نەبینی داهێنەر بێ
ئیتر هات و هاوارتە بێ لەدەست من

١٠/١٢/٢٠٠٩

Saturday, June 20, 2015

کاوێـــژ ...*

دەڵێن مێژوو خۆی دووبارە ناکاتەوە.
دەڵێن مێژوو بەهیچ جۆرێك ئیدی کاوێژ ناکاتەوە.

ئەوە بەڵگە، شایەتمانی هەوادارانی ئەو دەردە،
کت و مت کۆپی بۆتەوە.

ئەگەر باوەڕ بەوەش ناکەیت،
دڵنیابە، بەسەهوو چوویت، چونکە مێژووت بیر چۆتەوە!



:فەرموون ئەمەش بەڵگە  *

https://scontent-lhr3-1.xx.fbcdn.net/hphotos-xaf1/v/t1.0-9/11181700_1602065853368894_5857435628901728211_n.jpg?oh=cc10790a0730981eaff65bc9900429ef&oe=55F77B94

Friday, June 13, 2014

دڵم پڕە ئەی فەلەك



وەرە، ئەی فەلەك، لەسەرەوە، لەبەرزاییەکانی کەشکەشانی ئاسمانەکان، لەدوور لەدوور، ئاوڕێك لە دەڤەری ئاڵۆزی من،

لە دەڤەرێك کە هێشتا قوڕ بەخوێن دەشۆن

فرمێسك بە دڕك دەسڕن

لەدەڤەرێك سەر پەڕاندن هێند ئاسانە، وەکو ڕنینی گوڵانە

لە دەڤەرێك، ئەم کوردانە، وەك تاقانە، چاویان لە تاقی ئاسمانە

نەدۆستمان هەن، نەخۆشمان بووین بە هی خۆمان.

 

دە ئەم جارە بمانخەرە ناو مەساری ئەم هەسارە،

بمانکە بە ڕۆژی تازەی ئەم ژیارە..

گەلانی سەردەستی ئێرەش

بکە بە ستێرکی خولاوەی پەراوێزی ئەو نسارەی

کە نەیانویست بیپارێزن،

ڕێز لە خوێن و لە ئەقڵ و لە ئاژەڵ بگرن.

دە ئەمجارە، بمانکە بە ڕۆژێکی نوێ،

تیشکمان بۆ هەمووان ببێ

بەڵکو ئەمجارە، وەك مرۆڤ، وەکو دادوەر، ژیان بۆ هەموو ئەوانە فەراهەم بکەین، کە دەیانەوێت مرۆڤ بن.

 

هۆی فەلەك

دەئەمجارە

موعجیزەیەك لەناو دڵی ئەم کوردانە بخولقێنە

ئەم خۆرهەڵاتە ڕزگار کەن

ئەم ناوەڕاستە ببێت بە ڕۆژی تازە و ڕووناکی بۆ گەردوون ببێت.

تاکە داوام ئەوەیە کە خۆمان ببین بە هی خۆمان

نەكەسمان دەوێ بۆ خۆمان، نەخۆشمان ببین بەهی کەس!

 

Wednesday, May 14, 2014

لە بەرامبەر یۆرۆسەنتریزمدا، ئەرەبسەنتریزم (٢)

 
دوای ئەوەی کورتە بابەتێکم بەناوی "عەرەبسەنتریزم لەبەرامبەر یۆرۆسەنتریزم"دا، وروژاند، چەند برادەرێك پێیان باش بوو تیشکێك بخەینە سەر مانا و ئاماژەکانی چەمکی یۆرۆسەنتریزم.
لە ئەفسانە گریکیەکاندا پرۆمیثیۆس بەمانای شڕۆڤەکراو، یا لێکٶلراو یا تێگەیشتوو. بوونەوەرێکی زۆر گەورە و زەبەلاح بووە، پاڵەوانی کولتورییە و نموونەیەکی جوانە بەوەی کە گەورەیی دروستکردنی مرۆڤی لە قوڕەوە، بۆ دەگەڕێتەوە. دواتریش بە ڕکابەری هەموو خوایەکان، کە بینی مرۆڤ لە ترس و بێ هیواییدا دەژیەت، ئاگری خودایی، 'کە بریتییە لە ئاگری مەعریفەت'، دزی و بەخشییە مرۆڤایەتی، چونکە مرۆڤی زۆر خۆشویستووە و بەزەیی پێیدا هاتۆتەوە. ئەم هەنگاوەش بووە هۆی گەشەسەندن و شارستانیەت. پڕۆمیثیۆس بەوە ناسراوە کە زۆر زیرەکە و پاڵەوانی مرۆڤایەتییە. سزای پڕۆمیثیۆس لەئەنجامی ئەو دزیەی کە کردی بابەتی سەرەکی ئەفسانەکەیە، بابەتێکی میللی هونەری کۆن و نوێیە. زیۆس پادشای خوایەکانی ئۆلۆمپیا، بەهۆی سەرپێچی کردنی، "تیتان" یا پرۆمیثیۆسی بە ئەشکەنجەی تاهەتایە سزا دا. پڕۆمیثیۆسی نەمر لە بەردێكی بەرز بەسترایەوە، لەشوێنێك کە هەموو ڕۆژێك داڵێك کە دروشم یا سیمبۆڵی زیۆس بوو، دەنێردرا بۆ ئەوەی جەرگی بخوات، کە دەکرا دووبارە ئەو جەرگە بڕوێتەوە و بۆ ئەوەی جارێکی دی لە ڕۆژی داهاتوودا بیخواتەوە، بۆیەشە جەرگیان تەرخان کرد، چونکە لە گریکی کۆندا هەموو سۆزە مرۆییەکان لە جەرگدا کۆ دەبوونەوە. لە هەندێك چیرۆکی کۆندا پرۆمیثیۆس لەلایەن هیراکلۆسی پاڵەوانەوە ئازاد کرا.
لەچوارچێوەی ئەو ئەفسانەیەدا، خۆرئاوا یا (ئەوانەی خۆیان بە سەنتەری خۆرئاوایی) دەزانن، هەمیشە خۆیان لە وێنەی پرۆمیثیۆسی خودای گریکدا دەبیننەوە، کە ئاگری مەعریفەی دزی بۆ ئەوەی بیدات بە مرۆڤ و لە ترس و بێ هیوایی ڕزگاری بکات. لەهەمان کاتیشدا هەمان خۆرئاوا یا "ئەوانەی کە بەو جۆرە بیر دەکەنەوە" یا لەژێر کاریگەری ئەو ئایدیۆلۆژیایە دان، شارستانیەتەکانی دیکە بە پرۆمیثیۆس نازانن. بێگومان ئەم چەمکە ڕامان دەکێشێت بۆ پرسی پێناسەکردنی کولتور و شاستانیەت. بۆ پرسی دین و پەیوەندی بە کولتورەوە، بەڵام لێرەدا و لەو کورتە بابەتەدا ئەستەمە بتوانین جێگای بکەینەوە. بۆیە لە ئایندەدا و لەو چوارچێوەیەدا دەگەڕێمەوە سەر پرسی کولتور و پەیوەندی بە دین و ژیارەوە.
بە گشتی، یۆرۆسەنتریزم بریتییە لە بەناوەند یا سەنتەر ناسینی ئەوروپا لەهەموو بوارە مەعریفی و کولتوری و سیاسی و ئابووریەکانەوە. هەر لەو دووڕیانەشەوە یا لەو دیدگایەوە "لە فۆرمی ئایدیۆلۆژیادا" تەماشای دونیای دەرەوەی ئەوروپا دەکرێت، بەوەی کە ئەوروپا پێشەنگی هەموو بوارە مەعریفیەکانە، لەو پێناوەشدا دەبێ هەموو دونیا پێڕەوی لەو نەهج و میتۆدانە بکات کە ئەوروپا دەیانگرێتە بەر. بێگومان یۆرۆسەنتریزم ڕوبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆتەوە بەتایبەتیش لەلایەن سەمیر ئەمین، کە کتێبێکی هەر بەو ناوە نوسیوە. ئەو پێی وایە یۆرۆسەنتریزم دیاردەیەکی کولتوریە، بەمانای گریمانەی بوونی ژمارەیەك کولتوری جێگیری تایبەتمەند کە ڕاڕەوی مێژوویی گەلانی هەمەجۆر فۆرمولە دەکات. بۆیە، یۆرۆسەنتریزم دژی جیهانبینیە، چونکە گرنگی بەوە نادات هەوڵ بدات بۆ قانونە گشتیە چاوەڕوانکراوەکانی گەشەسنەدنی مرۆیی، بەڵکو خۆی وەکو جیهانبینی دەخاتە ڕۆژەڤەوە، چونکە پێی وایە شوێنکەوتەیی هەمو وگەلان بۆ مۆدێلی ئەوروپا تاکە چارەسەرە بۆ ڕکابەریەکانی ئەو سەردەمەی ئێمە.
 ئا لەو چوارچێوەیەدا، زۆرێك لە گەلانی دونیا جۆرێك لە سەنتریزم بەخۆیان ڕەوا دەبینن. ئێستا چینا زۆر بەهێزەوە کار لەسەر چیناسەنتریزم دەکات. ژاپۆن و ئیندیا و پانئیرانیەکان بەهەمان ئایدیۆلۆژیاوە لە دونیا و گەلانی دی دەڕوانن. بەهەمان شێوەش زۆرینەی ئێلیتە و دەستەبژێری عەرەبەکان بە ئیسلامی و ناسیۆنالیست و ئایدیۆلۆژیا هەمەجۆرەکانیەوە، لەو چوارچێوەیەدا تەماشای غەیرە عەرەب دەکەن. چەمکی "الشعوبية"ش هەر لەو پانتاییەدا چەکەرەی کردووە، بەڵام ئەوەندەی من ئاگادار بم لەناو نوسەر و ئێلیتەی عەرەبدا، تا هەنوکە چەمکێك بەناوی عەرەبسەنتریزم قسەی لەسەر نەکراوە بێجگە لە مانا و مەغزاکانی، بەو مانایەی ئەوان باوەڕێکی لەو جۆرەیان هەیە بەڵام بەو فۆرمە قسەیان لێ نەکردووە.
ئێستای گەلی کورد لەبەرامبەر عەرەبسەنتریزم، بەتایبەتیش لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئینجا لە باکووردا، لەبەرامبەر پانتورکیزم و لە خۆرهەڵاتدا لەبەردەم پانئێرانیزمدا، لەبەردەم دوڕیانێكی گرنگ دایە، لەسەر هەموو ئاستەکانی کولتور و سیاسەت و ئابووری و پەروەردە و تاد. ئەگەر کورد خۆی لە هەیمەنەی کولتوری ئەو گەلانە ڕزگار نەکات، ناتوانێت هەیمەنەی سیاسی بەدەست بێنێت. بەڵگەش ئەو دۆخە پەشێوەی خەڵك و سیاسیەکانی باشوورە لەئاست عەرەب و ئەو پەیوەندیانەی کە بە بەغداوە دەیانبەستێتەوە!.