رۆندک: March 2012

Tuesday, March 20, 2012

لە نەبوونی فیکردا چ دەگوزەرێت؟

"ئایا دەکرێت دەستنیشانی نەخۆشی عەرەبەکان بکرێت؟"، بابەتێكی بڵاوکراوەی هاشم ساڵحە لە شەرقولئەوسەت، کە لە فەرەنسا دادەنیشێت و وەرگێڕی کتێبەکانی محەمەد ئەرگۆنە و لە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بە بەردەوامی دەنوسێت.*

ئەو نەك هەر لە نوسینەیدا، بەڵکو لە چەند نوسینێکی دیکەشدا پێی وایە کێشەی عەرەبەکان کێشەیەکی فیکریە، نەك سیاسی. خاڵی نێگەتیڤیش لەو نێوەندەدا ئەوەیە کە نەك هەر سیاسیەکان بە فیکرەوە خەریك نین، بەڵکو ڕۆشنبیرانیش خۆیان لە فیکر دزیوەتەوە و باس لە ڕۆشنگەری فیکری عەرەب و موسوڵمانان ناکەن. کێشەیەکیش کە لەو نێوەندەدا سەری هەڵداوە پرسی کەمینەکانە کە داوای فیدراڵی و سەربەخۆیی دەکەن، چونکە هەموو خەڵك لە یەکدی دەترسن، بەتایبەتیش لە دەستەڵاتی ئیخوانی – سەلەفی – تۆتالیتێر، بەڕای ئەو؛ ئەوە ئایدیۆلۆژیایەکە باوەڕی بە یەکسانی نێوان مرۆڤەکان نیە!

ئایا ئەم وروژاندنە تاچەند ڕاستە؟ کێشەکە لەنەبوونی فیکردایە یا لە سەرهەڵدانی فیکری ئیخوانی؟

ئەو لە وەڵامی ئەو ئیشکالیەتەدا پرسێکی گرنگی ئەزمووندار دەوروژێنێت، ئەویش پرسیارێکە و دەڵێت؛ کێ مرۆڤێکی شەرعی خاوەنی هەموو مافەکانە لە جیهانی ئێراندا؟ ئەویش فارسی موسوڵمانی شیعە! کە ئەمەش مرۆڤێکی سێ ڕەهەندە. کەواتە ئەگەر هەر کەسێك یەکێك لەو سێ ڕەگەزەی تێدا نەبوو نابێتە کەسێکی شەرعی و خاوەنی هەموو مافەکان و دەرفەتیشی پێ نادرێت. لە جیهانی عەرەبیشدا لە ئێستا و ئێرەدا هەمان پێوەر ئامادەیە. کێ کەسێکی شەرعی خاوەنی هەموو مافەکانیەتی، بێگومان عەرەبێکی موسوڵمانی سوننی! لێرەشدا مرۆڤێکی سێ ڕەهەند خۆی دەسەپێنێت. بۆیە ئەو دەپرسێت باشە چ لە کوردێك یا ئەمازیغیەك بکەین کە موسولمانە و سوننیشە بەڵام عەرەب نیە. لەلایەکی دیکەوە، چ لە کریستیانەك بکەین کە عەرەبە بەڵام موسوڵمان نیە، یا چ لە شیعەیەك بکەین کە عەرەبە و موسوڵمانیشە بەڵما سوننی نیە؟

ئەو دەپرسێت بۆ دەبێت دابەشبوونی مەزهەبی مەترسیدار تر بێت لە هەر دابەشبوونێکی دی؟ خۆ تەنها ئەو جۆرە وروژاندنە ئاماژەیەکە بۆ مەترسی ڕەوشەکە. بۆیە ئەو باس لەدوو ئاڕاستەی چارەسەر دەکات، یەکەمیان: درۆکردن و گۆڕینی واقیعەکەیە بە دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە و دەڵێن نەخێر شتی ئاوا نیە و گەلی ئێمە تائیفی نیە. ئەمانە دان بە کێشەکاندا نانێن، بۆیە ناشتوانن چارەسەری بکەن. ئاڕاستەی دووەمیش بریتیە لە ڕاشکاوی مێژوویی و ڕۆشنگەری ئاینی و فەلسەفی. ئەمەش ڕێگایەکی ئەستەم تر و درێژترە بەڵام سەرکەوتوو ترە. ئەو پێی وایە ئەوەی پێشتر خۆیان لێ پاراستووە و باسیان نەکردووە دەبێت ئەمڕۆ باس بکرێت و توێژینەوەی لەسەر بکرێت. بەڕای ئەو ئەمەش هەرگیز پێك نایەت ئەگەر فیکری کۆنی سەدەکانی ناوەڕاست کە سەدان ساڵە جێگیربووە و قەدی خواردووە، هەڵنەوەشێتەوە. ئەمە فیکرێکە پڕیەتی لە بیروبۆچوونی ڕەگەزپەرستی و تائیفی و تەکفیرکردن.

لێرەدا، ڕووی پرسیاریش لە واقیعی ئەمڕۆی خەڵکی کوردیشە، بەتایبەتی ڕۆشنبیران، کە بەداخەوە هێندەی بە سیاسەت و عاتیفەی سیاسی و دەغدەغەدانی سۆزداریەوە خەریکن، هەرگیز نە بە فیکر و نەبەدونیای زانستەوە خەریکن، هێندەی دەیان سەعات لەپێناو کێشەیەکی لاوەکی دەبەخشن، ئامادەنین بۆ چارەکی ئەمەش ڕەخنە لەخۆ بگرن و بیربکەنەوە. بەڵام ئەو ڕۆشنگەریە هەردەبێت بێت و فیکری توندڕەو و داخراو و قەدخواردوو لەگۆڕ بنێت.

http://www.aawsat.com//leader.asp?section=3&article=668904&issueno=12166