رۆندک: دەستوور لەنێوان دین و سێکیولاریزم دا

Tuesday, July 28, 2015

دەستوور لەنێوان دین و سێکیولاریزم دا


دەستوور لەسادەترین پێناسەی دا، کۆمەڵێك بنەمای بنەڕەتین، پەیوەندی نێوان حکومەت و دامەزراوەکان، هاوڵاتیان و هێزە سیاسی و کۆمەلایەتییەکان بەگشتی و ماف و ئەرکەکانیان ڕێك دەخات یا دیاری دەکات. دەستوور ژمارەیەك ناوی دیکەی هەن لەوانەش “پەیماننامە”، “سیمبۆڵە کۆمەڵایەتییەکان”، “قانون”، بۆتەی قانونەکان”، “سیستمی قانونەکان”، و “بنەماکان” یا “بنەما گشتییەکان”. بەپێی ئەو کۆدانە بێت دەستوور کاتەلۆکێکە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و دیاریکردنی ئەرک و مافەکان بە مەبەستی پێشگرتن لە فەوزا و پاراستنی ئاسوودەیی و ئارامی هاوڵاتییان و نیشتمان. بەمەش دەبینین کە دەستوور زۆربەی جاران دەقێکی گۆڕاو و لاستیکییە و لە ساتێك و بارودۆخێکی تایبەتەوە بۆ ساتێك و بارودۆخێکی دی دەگۆڕێت. ئەو لایەنەش کە دەیگۆڕێت هەر هەمان ئەو لایەنەیە کە دایان ناوە. دەستوور سیفەتێکی کۆللێکتیڤی دامەزراوەیی هەیە. لەخودی خۆیدا سیفەتێکی سێکولاری هەیە، بەو مانایەی کە مرۆڤەکان دای دەنێن و ژیانی خۆیان بەو جۆرە ڕێك دەخەن، بۆیە جۆرێك لە پەیمان و ڕێککەوتن لەنێوان خۆیاندا دەسنیشان دەکەن و پێیەوە پابەند دەبن.
بەڵام لە دیوەکەی دیدا، دین هەڵگری ئەو کۆمەڵە تێکستە مێژووییەن کە لەچاوی هەوادارانییەوە هێزێکی باڵادەست ناردوویەتی بۆ مرۆڤەکان، ئەو مرۆڤانەی کە ئەقڵیان سنووردارە، بەرژەوەندییەکانی خۆیان باش ناناسن، ئەرکی بەندایەتی خودایان لەسەر شانە و دەبێ بەپێی ئەو ئەرکە مل بۆ دەقەکان کەچ بکەن، بە مەبەستی ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان خودا و خۆیان، پەیوەندی نێوان خودی مرۆڤەکانیش لەنێو خۆیان دا. لێرەدا دین زیاتر سیفەتێکی تاقانەی هەیە، واتە بەر لە هەر شتێك وابەستەبوونێکی تاکە کەسیی نێوان مرۆڤ و خودایە، بۆیە بەپێی زۆر دەقی ناو قورئان مرۆڤەکان ناچار نین پێڕەوی لەو دەقانە بکەن، لەوانەش “تۆ هەژموونت بەسەریاندا نیە”، “تۆ زاڵ نیت بەسەریاندا”، “دەتوانی تەنها خۆت پابەند بکەیت” و “دینی خۆ و بۆ خۆ و، دینی خۆشم بۆ خۆم”. ئەمانە هەمووی بەڵگەی ئەوەن کە سەپاندن بەزۆری کاری دین نیە، چونکە لەتێڕوانینی دیندا لەدوای مردن، ژیانەوە هەیە و تەنها خوداش مافی لێ پێچینەوەی هەیە.
دوای ئەوەی دین لە دەقە ئەبستراکت یا موجەرەدەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ چیایەك لە تەفسیر و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن، چیدی مرۆڤەکان لەبەردەم دەقی پیرۆزدا نابن، بەڵکو لەبەرامبەر کۆمەڵێك تێڕوانینی جیاوازدا دەبن، کۆمەڵێك ڕاوبۆچوون لەسەر خودی دەقەکان و تەوزیفکردنیان لەپێناو ئەو ئامانجانەی کە خودی گروپەکان و پێکهاتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو خۆیاندا بەکاری دێنن و مۆبیلیزەیان دەکەن. دەتوانین بە یەك وشە ئەو تێڕوانین و کەلەکەبوونەی فیکر و هزری مرۆڤەکان لەسەر دەقە دینیەکان وەسف بکەین، ئەویش سێکولاریزمە. واتە چیتر مرۆڤەکان لەبەردەم دەقی پیرۆزدا نین، چیدی ئەو پەیوەندییە شاقوڵییە یا ستوونییەی نیوان سەرەوە و خوارەوە نابینرێت، بەڵکو هەموو ململانێکە دەکەوێتە نێوان تەفسیر و فیکر و لێکدانەوە جیاوازەکان، دەکەوێتە نێوان هەوادارانی فیکرە جیاوازەکانی ناو دەقەکان. لەوێدا “ئێوە لەکاروباری ژیانی خۆتان شارەزا ترن”، دەبێتە ئەو ئەزموونەی کە خودی پەیامبەر دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەێتی ژیانی ڕۆژانەی خەڵك. پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شتوومەکەکان. کاتێك ئەو لەڕوانگەیەکی مرۆییەوە بۆچوونێکی خۆی دەڵێ خەڵك وەکو دین لێی وەردەگرن، بەڵام کاتێك کە ئەنجامەکە پێچەوانەی ئەو کارە پێشینە و ئەزموونیەی مرۆڤەکان دەبێت، لەوێدا ئەو دین و دونیا لەیەکدی جیا دەکاتەوە، لەوێدا سێکولاریزم زۆر بە ئاشکرایی خۆی تەجەللا دەکات. لەوێدا “ئێوە لەکاروباری ژیانی خۆتان شارەزا ترن”، یا باشتر دەزانن، جلەوی کاروباری ڕۆژانە لەدینەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەزموون. لە موقەددەسەوە بۆ چەند دەقێکی نەرم و قابیلی لێكۆڵینەوە و گۆڕان و شڕۆڤە کردن. لە چەند دەقێكی پەیوەست بە ئاسمانەوە بۆ چەند دەقێکی دونیایی سێکولار.
لێرەدا لەبەردەم دوو کۆنترادیکشن، یا دۆخی دژ بەیەك دا دەبین. ئەویش ئەو تێکستە دینییانەی کە جێبەجێ کردنیان لە گروپێکەوە بۆ گروپێك، لە زانایەکەوە بۆ زانایەك، بەڵکو لە میللەتێکەوە بۆ میللەتێك دەگۆڕین، لەلایەك سیفەتی پیرۆزیان لێ دادەماڵرێت، دەبنە دەقگەلێك کە لەنێوان خودی هەوادارانی دا پێویستی بە سازانە. ئەگەر نەتوانن لەسەر تێڕوانینەکاندا ڕێك بکەون خوێن دەڕژێت. مێژووش پێمان دەڵێت مسوڵمانەکان لەسایەی دەیەها دەقی پیرۆزەوە نەیانتوانی خوێنی یەکدی حەڵاڵ نەکەن، نەیان توانی بە هەزاران لەیەکدی نەکوژن، چونکە تێڕوانینیان بۆ ئەو دەقانە جیاواز بوو. ئێستا دوو گەورەترین پێکهاتەی دینی کە سوننە و شیعەن و هەردوویان بە تەواوەتی باوەڕیان بە قورئان هەیە وەکو کۆمەڵە دەقێكێ پیرۆز، بەلام ناتوانن لەنێوان خۆیاندا ڕێك بکەون. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ڕاستە ئەوان لەسەر خودی دەقەکان کۆکن، هەردوو لا باوەڕیان وایە کە ئەم دەقە قورئانییانە پیرۆزن، لەلایەن خوداوە هاتوون، بەڵام تێڕوانینی جیاوازیان لەسەر لێکدانەوەکانیاندا هەیە، هەر یەکە و لە سیاقێكەوە دەیانخوێنێتەوە، تەنانەت کۆمەڵە ڕووداوێكی پێش خۆیان کاریگەری لەسەر شڕۆڤەکردنەکان هەیە، کۆمەڵە ڕووداوێك کە بواری گەڕانەوە دواوە و ڕاست کردنەوەی ڕووداوەکانی تێدا نییە و ناتوانن دەسکاری  ئەو مێژووە بکەن. ئیدی ڕووداوە مێژووییەکان دەکەونە بۆتەی جێگیر و بەقەد پیرۆزی دەقەکان، پیرۆز دەبن. تێروانینەکانیش بەقەد پیرۆزی دەقەکان جێگیر و پیرۆز دەبن. بەڵکو کێشەکە ڕەهەندی دەقەکانیشی بڕیوە و بە پیرۆزکردنی کەسەکانەوە بەستراوەتەوە. شوێنکەوتوانی ئەمڕۆی دینێك چی لەوە بکەن داخۆ ئەبوبەکر پێش تر بووە بە خەلیفە و عەلی نەبووە؟! ئایا ئەو دوو کەسە وەکو دەقەکان پیرۆزن؟ بێگومان نەخێر. ئەی ناکرێت هەردوو لا، واز لەو گەمە سیاسییەی ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا بێنن و نەئەویان یەکەم بێت و نەئەوی دیکەشیان دواهەمین. بێگومان ڕوداوێکە و ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە دواوە، ناشتوانرێت لەسەری ڕێكکەوتن بکەن، چونکە لای هەردولا ڕووداوەکان پیرۆزێندراون، ئیدی چارە یا ئەو، یا ئەم، یا هیچیان.
ئەگەر لە شیعەو سوننە بگەڕێین، بێینە ناو خودی ئەهلی سوننە و ئەگەر تەنها دەقێكی وەکو دەست بڕین، کە لە قورئاندا هاتووە، ئەگەر لە کورتە ڤیدیۆیەکدا جێبەجێ کردنی حوکمێکی دەست بڕین، کە یەکێکە لە حوکمە جێگیرەکانی ئیسلام، بخرێتە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت، چی ڕوودەدات؟ لێرەدا باس لە نامسوڵمانەکان ناکەم، بەڵکو لە مسوڵمانە دیندارەکان و پابەندەکان بە بنەماکانی ئیسلام و پایەکانی ئیمان و ئیسلام. بێگومان هەر یەکە و بەپێی تێڕوانینی خۆی وەها ڕووداوێك شڕۆڤە دەکات. هەیانە بێزی لە ڕووداوەکە دەبێتەوە، هەیانە بە قسە سەرکۆنەی دەکات. هەیانە بە کردەوە دەیەوێت وابکات جارێکی دی وەها ڕووداوێك دووبارە نەبێتەوە. هەشیانە دەست خۆشی لێ دەکات. ئەمەش بەهەمان ئەو واقیعەی کە ئەمڕۆ لەناو هەرێمی کوردستان بەرقەرارە. بەدەیان پێكهاتەی ئیسلامی جیاوازمان هەن، هەر لە سەلەفییەکانەوە بەهەموو بالەکانیان، تا ئیسلامییە میانەڕەوەکان، تا دەگاتە سۆفییەکان و یەکێتی وتارخوێنان و وەزارەتی ئەوقاف و ناوەندە مەدەنییە دینییەکان و ڕاگەیاندنەکانیان، هەموویان بەیەکەوە پێیان دەگوترێت مسوڵمان. کەسێکیش لەوانە مەگەر سەلەفییەکان هەندێك بوێرن لە بە کافر ناسینی ئەوانی دی، ئەگینا کەم وایە یەکدی بە کافر بزانن، بەڵام زۆر کەمیش وایە تەنانەت لەسەر سەوابیتەکانیش یەك تێڕوانینی یەکسانیان هەبێت. دەی ئەم هەموو جیاوازی و ناکۆکییە لە دونیابینی بۆ خودی دەقە دینییەکان، لەخۆیدا جۆرێکە لە سێکولاریزم.
وەهم و هەڵەی گەورەی ئەوانەی دەیانەوێت لە دەستوورێكی سێکولاردا بنوسرێت، “نابێت هیچ دەقێك پێچەوانەی بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام بێت”، زوڵم هەم لە ئیسلام و هەمیش لە دەستوور دەکەن.
زوڵـم لە ئیسلام دەکەن بەوەی کە ئەوان بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام دەخەنە چوارچێوەی دەقێكی گۆڕاو و سێکولار. لەلایەك پێچەوانەی ئەو ئایەتانەی کە خودا ڕێگا بە تەنانەت پەیامبەرەکەی نادات هیچ شتێك بەسەر مرۆڤەکاندا بسەپێنێت، تۆ بە پێچەوانەی ئەو دەقانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، دەتەوێت سەپاندن بکەیت بە بنەمایەك کە لەخودی خۆیدا بنەمایەکی لەرزۆك و گۆڕاوە. لەلایەکی دیکەدا، پێچەوانەی ئەو واقیعەیە کە پێکهاتووە لە چەندین پێکهاتەی دینی و ئایدیۆلۆژی جیاوازەوە. ئێمە لێرەدا لەبەردەم ماتماتیك نین بۆ ئەوەی بە زۆرینە و کەمینە لێکی بدەینەوە. ئەگەر وەکو حیزبێکی مەدەنی ئیسلامییەکان باوەڕیان بە مافەکانی مرۆڤ هەیە، بە مافەکانی تاکەکانەوە لە مافی ئازادی ڕادەربڕینەوە، تا مافی ئاینداری و بێ ئاینی، تا مافی ژیان و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان، ئەوا ناکرێت باوەڕیان بە سەپاندن هەبێت و ناشکرێت دەقێك لە دەستوردا هەبێت کە دەستەویاخە بێت لەگەڵ چەندین دەقی دی. تاکەکان ئازادن خۆیان بە چییەوە پابەند دەکەن بەڵام لەوەیان ئازاد نین کە هیچ دەقێك بەسەر ئەوانی دیدا بسەپێنن. هەروەها زوڵم کردنیش لەدەستورێکی مەدەنی هەر ئەوەیە کە تیایدا بنوسرێت “نابێ هیچ یاسایەك دژی بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام دەربچێت”. لێرەدا ئێمە لەبەردەم چەند کێشەیەک داین، کێشەی یەکەم: ئەو ترسەیە کە زۆرینەی خۆ بە مسوڵمان زان هەیەتی. ئەگەر ئەوان باوەڕیان وایە ٪٩٨ ی خەڵك مسوڵمانە بۆ لەوە دەترسیت سبەی ڕۆژ قانونێك لە پەرلەمان پەسەند بکرێت کە پێچەوانەی بنەما نەگۆڕەکانە؟ مەگەر نوێنەرانی ئەو ٪٩٨ نین لە پەرلەمان؟ دەبێ لە وەها هەڵومەجێکدا، کەسیك هەبێت هێندە بوێر بێت شتێك لە پەرلەمان دەربکات پێچەوانەی ویستی ٩٨٪ بێت؟ بێگومان نەخێر. جگە لەوەش ئەگەر ٩٨٪ مسوڵمانن ئەی بۆ ئەو ئیسلامیانەی کە بەڕاست و چەپ دەیانەوێت وەها دەقێك بسەپێنن، کەمینەن و تا ئەمڕۆش نەیانتوانیوە ببنە زۆرینەی پەرلەمان؟
خۆ ئەگەر واش نەبێت و ٩٨٪ مسوڵمان نەبن، دەی ئەوان زوڵـم لە خەڵكێك دەکەن کە کۆك نین لەگەڵ لێکدانەوەی ئیسلامییەکان. کێشەیەکی دی ئەو بنەمایانەن کە ئەوان بە نەگۆڕ وەسفیان دەکەن، کامانەن ئەو بنەما نەگۆڕانە. ئەگەر مەبەست لایەنی عەقیدە و بیروباوەڕی خەڵكە، یا پایەکانی ئیمان و ئیسلامە، ئەوا پرسێكی ویژدانی کەسەکانە و کەس ناتوانێت لەکۆمەڵگایەکی فرەیی وەکو هەرێمی کوردستاندا قانونێك بۆ نوێژ نەکردن یا ڕۆژونەگرتن دەربکات. خەڵك بەبێ قانون ڕێز لە زۆرینەی خەلك دەگرێت کە بەڕۆژوون. کێشەکە لەو بنەمایانەدا نیە، بەڵکو لە قانونەکان دایە، واتە لە بنەماکانی شەریعەت. بەو مانایەش بێت ئەوان دەیانەوێت هیچ شتێك پێچەوانەی شەریعەت نەبێت. لەوێشدا، کۆتایی بە هەموو ئەو بنەما مرۆییانە دێت کە لەڕێی ئەزموونەوە کۆمەڵگاکان پێی گەیشتوون.
دوا خاڵی ئەو نوسینەم پەیوەستە بە ڕێز. ئایا زۆرینەی خەڵك بەبێ ئەوەی لە دەستوریش ئاماژەی پێ بکرێت، ڕازییە بە بێ ڕێزی کردن بە ئیسلام و تەنانەت دینەکانی دیکەش؟ لەوەڵامدا نەخێر. خۆ ئەگەر لەناو هەزاران کەس یەکێك کارێکی سەرەڕۆیانە بکات، ئەوە بەکەس ڕێگری لێ ناکرێت، کە کراویشە و هیچیش لەو کەسانە نەکراوە، چونکە نەقانون و نەهیچ کەس دەستی بەوانە گەیشتووە؟
کەواتە بێڵن، با دەستور میکانیزمێك بێت، دوور لەهەموو ئایدیۆلۆژیا و پێناسەیەکی زۆرینە و کەمینە. هەموو هاوڵاتیان لەبەرامبەر قانوندا یەکسان بن و دەوڵەت شوێنەکوتووانی هەموو ئاین و بیروباوەڕە ئاسمانی و زەمینییەکان دەپارێزێت.

* ئەم بابەتە لە ژمارە ٥٢٥ی رۆژنامەی چاودێر بڵاو بۆتەوە

0 کۆمێنت:

Post a Comment

<< Home