رۆندک: May 2014

Wednesday, May 14, 2014

لە بەرامبەر یۆرۆسەنتریزمدا، ئەرەبسەنتریزم (٢)

 
دوای ئەوەی کورتە بابەتێکم بەناوی "عەرەبسەنتریزم لەبەرامبەر یۆرۆسەنتریزم"دا، وروژاند، چەند برادەرێك پێیان باش بوو تیشکێك بخەینە سەر مانا و ئاماژەکانی چەمکی یۆرۆسەنتریزم.
لە ئەفسانە گریکیەکاندا پرۆمیثیۆس بەمانای شڕۆڤەکراو، یا لێکٶلراو یا تێگەیشتوو. بوونەوەرێکی زۆر گەورە و زەبەلاح بووە، پاڵەوانی کولتورییە و نموونەیەکی جوانە بەوەی کە گەورەیی دروستکردنی مرۆڤی لە قوڕەوە، بۆ دەگەڕێتەوە. دواتریش بە ڕکابەری هەموو خوایەکان، کە بینی مرۆڤ لە ترس و بێ هیواییدا دەژیەت، ئاگری خودایی، 'کە بریتییە لە ئاگری مەعریفەت'، دزی و بەخشییە مرۆڤایەتی، چونکە مرۆڤی زۆر خۆشویستووە و بەزەیی پێیدا هاتۆتەوە. ئەم هەنگاوەش بووە هۆی گەشەسەندن و شارستانیەت. پڕۆمیثیۆس بەوە ناسراوە کە زۆر زیرەکە و پاڵەوانی مرۆڤایەتییە. سزای پڕۆمیثیۆس لەئەنجامی ئەو دزیەی کە کردی بابەتی سەرەکی ئەفسانەکەیە، بابەتێکی میللی هونەری کۆن و نوێیە. زیۆس پادشای خوایەکانی ئۆلۆمپیا، بەهۆی سەرپێچی کردنی، "تیتان" یا پرۆمیثیۆسی بە ئەشکەنجەی تاهەتایە سزا دا. پڕۆمیثیۆسی نەمر لە بەردێكی بەرز بەسترایەوە، لەشوێنێك کە هەموو ڕۆژێك داڵێك کە دروشم یا سیمبۆڵی زیۆس بوو، دەنێردرا بۆ ئەوەی جەرگی بخوات، کە دەکرا دووبارە ئەو جەرگە بڕوێتەوە و بۆ ئەوەی جارێکی دی لە ڕۆژی داهاتوودا بیخواتەوە، بۆیەشە جەرگیان تەرخان کرد، چونکە لە گریکی کۆندا هەموو سۆزە مرۆییەکان لە جەرگدا کۆ دەبوونەوە. لە هەندێك چیرۆکی کۆندا پرۆمیثیۆس لەلایەن هیراکلۆسی پاڵەوانەوە ئازاد کرا.
لەچوارچێوەی ئەو ئەفسانەیەدا، خۆرئاوا یا (ئەوانەی خۆیان بە سەنتەری خۆرئاوایی) دەزانن، هەمیشە خۆیان لە وێنەی پرۆمیثیۆسی خودای گریکدا دەبیننەوە، کە ئاگری مەعریفەی دزی بۆ ئەوەی بیدات بە مرۆڤ و لە ترس و بێ هیوایی ڕزگاری بکات. لەهەمان کاتیشدا هەمان خۆرئاوا یا "ئەوانەی کە بەو جۆرە بیر دەکەنەوە" یا لەژێر کاریگەری ئەو ئایدیۆلۆژیایە دان، شارستانیەتەکانی دیکە بە پرۆمیثیۆس نازانن. بێگومان ئەم چەمکە ڕامان دەکێشێت بۆ پرسی پێناسەکردنی کولتور و شاستانیەت. بۆ پرسی دین و پەیوەندی بە کولتورەوە، بەڵام لێرەدا و لەو کورتە بابەتەدا ئەستەمە بتوانین جێگای بکەینەوە. بۆیە لە ئایندەدا و لەو چوارچێوەیەدا دەگەڕێمەوە سەر پرسی کولتور و پەیوەندی بە دین و ژیارەوە.
بە گشتی، یۆرۆسەنتریزم بریتییە لە بەناوەند یا سەنتەر ناسینی ئەوروپا لەهەموو بوارە مەعریفی و کولتوری و سیاسی و ئابووریەکانەوە. هەر لەو دووڕیانەشەوە یا لەو دیدگایەوە "لە فۆرمی ئایدیۆلۆژیادا" تەماشای دونیای دەرەوەی ئەوروپا دەکرێت، بەوەی کە ئەوروپا پێشەنگی هەموو بوارە مەعریفیەکانە، لەو پێناوەشدا دەبێ هەموو دونیا پێڕەوی لەو نەهج و میتۆدانە بکات کە ئەوروپا دەیانگرێتە بەر. بێگومان یۆرۆسەنتریزم ڕوبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆتەوە بەتایبەتیش لەلایەن سەمیر ئەمین، کە کتێبێکی هەر بەو ناوە نوسیوە. ئەو پێی وایە یۆرۆسەنتریزم دیاردەیەکی کولتوریە، بەمانای گریمانەی بوونی ژمارەیەك کولتوری جێگیری تایبەتمەند کە ڕاڕەوی مێژوویی گەلانی هەمەجۆر فۆرمولە دەکات. بۆیە، یۆرۆسەنتریزم دژی جیهانبینیە، چونکە گرنگی بەوە نادات هەوڵ بدات بۆ قانونە گشتیە چاوەڕوانکراوەکانی گەشەسنەدنی مرۆیی، بەڵکو خۆی وەکو جیهانبینی دەخاتە ڕۆژەڤەوە، چونکە پێی وایە شوێنکەوتەیی هەمو وگەلان بۆ مۆدێلی ئەوروپا تاکە چارەسەرە بۆ ڕکابەریەکانی ئەو سەردەمەی ئێمە.
 ئا لەو چوارچێوەیەدا، زۆرێك لە گەلانی دونیا جۆرێك لە سەنتریزم بەخۆیان ڕەوا دەبینن. ئێستا چینا زۆر بەهێزەوە کار لەسەر چیناسەنتریزم دەکات. ژاپۆن و ئیندیا و پانئیرانیەکان بەهەمان ئایدیۆلۆژیاوە لە دونیا و گەلانی دی دەڕوانن. بەهەمان شێوەش زۆرینەی ئێلیتە و دەستەبژێری عەرەبەکان بە ئیسلامی و ناسیۆنالیست و ئایدیۆلۆژیا هەمەجۆرەکانیەوە، لەو چوارچێوەیەدا تەماشای غەیرە عەرەب دەکەن. چەمکی "الشعوبية"ش هەر لەو پانتاییەدا چەکەرەی کردووە، بەڵام ئەوەندەی من ئاگادار بم لەناو نوسەر و ئێلیتەی عەرەبدا، تا هەنوکە چەمکێك بەناوی عەرەبسەنتریزم قسەی لەسەر نەکراوە بێجگە لە مانا و مەغزاکانی، بەو مانایەی ئەوان باوەڕێکی لەو جۆرەیان هەیە بەڵام بەو فۆرمە قسەیان لێ نەکردووە.
ئێستای گەلی کورد لەبەرامبەر عەرەبسەنتریزم، بەتایبەتیش لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئینجا لە باکووردا، لەبەرامبەر پانتورکیزم و لە خۆرهەڵاتدا لەبەردەم پانئێرانیزمدا، لەبەردەم دوڕیانێكی گرنگ دایە، لەسەر هەموو ئاستەکانی کولتور و سیاسەت و ئابووری و پەروەردە و تاد. ئەگەر کورد خۆی لە هەیمەنەی کولتوری ئەو گەلانە ڕزگار نەکات، ناتوانێت هەیمەنەی سیاسی بەدەست بێنێت. بەڵگەش ئەو دۆخە پەشێوەی خەڵك و سیاسیەکانی باشوورە لەئاست عەرەب و ئەو پەیوەندیانەی کە بە بەغداوە دەیانبەستێتەوە!.
 
 

Thursday, May 08, 2014

لەدەرەوەی درك پێکراوەکاندا


هەمیشە لە دەرەوەی پانتایی ڕۆژانەی ژیان و گوزەرانی هەست پێکراومان، وردەکاریەکانی ئەو ژیانەی کە دەیبینین و هەستی پێ دەکەین، پانتاییەكی دی، بیرلێنەکراوە، درك پێ نەکراو، زۆریش نزیك لەژیانمانداهەیە بە ئاسانی ناکەوێتە بەر تیشك و ڕۆشنایی و پەی پێ بردنەوە، پانتاییەکی تەواو بیرلێنەکراوە، بۆیە بەئاسانیش ئەم پانتاییەمان بۆ نادۆزرێتەوە. تاکە ڕێگا بۆ گەیشتن بەو پانتاییە و دۆزینەوەی، درك کردنمانە بە بوونی ئەم پانتاییە. لێرەدا گرنگ نیە کە ئەو جۆرە پانتاییە ناکەوێتە چوارچێوەیەکی ڕۆشن و نابینرێت، بەڵام گرنگە بزانین کە پانتاییەك  هەیە و هێشتا دەستمان پێی ڕانەگەیشتووە، بیر لێ نەکراوەیە. کێشەکە بەتەنها لەو قۆناغە دایە کە هێشتا درك بە هەبوونی وەها پانتاییەك ناکەین، دەستمان بە هۆشیاری وەها بوونێك ڕاناگا. کە ئەو قۆناغەمان بەجێ هێشت و کەوتە ژێر کۆنترۆلی بیرلێکردنەوەمان، بازنەی بیرکردنەوەمان گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەم درك پێ کردنە فێرمان دەکات کە لەوانەیە زانستێك هەبێت هێشتا دەستمان پێی ڕانەگەیشتبێت. هێشتا ناحەقیەك هەبێت ئێمە نەیبینین، هێشتا قازانجێك هەبێت نەماندۆزیبێتەوە، ژیانێك لەجۆرێکی دی هەبێت ئاشنای نەبووین. کەواتە سەنتەری پروسێسەکە ئەوەیە بەردەوام لەبیری ئەوەدا بین کە ئێمە تەواوی دەوروبەرمان نابینین، بۆیەشە دەبێ لەو دوڕیانەوە بەدوای تەواوبووندا بگەڕێین. پڕۆسەیەك کە هەرگیز بەکۆتا نایەت!

Friday, May 02, 2014

لە بەرامبەر یۆرۆسەنتریزمدا، ئەرەبسەنتریزم


دوای خوێندنەوەم بۆ زۆرێك لە نوسینەکانی قەومی و ئیسلامیە عەرەبەکان، زۆر بە وردی ئەوە دەکەوێتە بەرچاو کە ئەوان لە جیهانی ئیسلامیدا هەمیشە ویستوویانە و دەیانەوێت عەرەب لەسەر دوو ئاستدا سەنترال بن. یەکەمیان: عەرەب بەهەموو پێوەرە عەرەبیەکان، تەنانەت هەوڵ دەدەن ئەو بنەمایە لە دەقە دینیەکانیشدا بدۆزنەوە، کە زۆریشن، کە گەلی هەڵبژێردراون. ئەوان گەلێکن خودا تەرخانی کردوون بۆ ئەوەی گەلانی دونیا لە تاریکی، نەهامەتی، فرەخوایی و بێ دینی ڕزگار بکەن. ئەوان پێیان وایە ئەگەر ئەوان ملکەچ و دۆڕاو بن ئەوا ئیسلامیش ملکەچ و دۆڕاو دەبێت. زۆرێك لەوانە ئایەتی ئێوە باشترین ئوممەتن بۆ مرۆڤەکان هاتوون (کنتم خير امة للناس اخرجت للناس) هەر بە نەتەوەی عەرەب لێك دەدەنەوە. حەسەن بەننا و محەمەد غەزالی کە دوو تیۆریستی ئیسلامی سیاسین، نەهامتیەکانی جیهانی ئیسلامی و ئەو پەرەتوازەییەی کە عەرەب و موسوڵمانەکان تێی کەوتوون بەوە لێکی دەدەنەوە چونکە ڕێبەرایەتی جیهانی ئیسلامی کەوتۆتە دەستی غەیرە عەرەبەکان. ئەوەچش لە دونیابینی قەومییە عەرەبەکان کە عەرەب بە سەنتراڵی هەموو دونیا و نەتەوەکان دادەنێن.

دووەم: وەکو ئەنجامێکیش بۆ خاڵی یەکەم، ئەوان پێیان وایە ئەو سەنترالە بن کە هەموو نەتەوە موسوڵمانە غەیرە عەرەبەکان دەبێ ڕوویان لەوان بێت، پاریزەری زمانی عەرەبی و عەرەبایەتی و پرسە گرنگەکانی عەرەب بن، بەتایبەتیش کێشەی نێوان عەرەب و ئیسرائیل. بۆیە ئەوەی عەرەب نەبێت و دژە عەرەب بێت ئەوان بە شعوبی و پیلانگێڕ و لە ئەنجامیشدا  دژە ئیسلام وێنای دەکەن. ئەم تێگەیشتنە هێندە ڕەگوڕیشەی لەناو غەیرە عەرەبەکاندا ڕۆچوون، بەتایبەتیش کورد، تا هەنوکەش ناتوانن لە کولتور و بیرکردنەوەی عەرەبەکان ڕزگاریان بێت. تەنانەت بزووتنەوە ئیسلامیەکانیش بەجۆرێك لە جۆرەکان وابەستەی ئەو قوتابخانە ئیسلامیە عەرەبیانەن کە فیکری سیاسی ئیسلامیان بەرهەمهێناوە. نەك هەر ئەوان بەڵکو چەپ و تەنانەت قەومیە کوردەکانیش بەشی شێریان لەو ڕووەوە بەرکەوتووە و تا هەنوکەش نەیانتوانیوە لێی ڕزگار بن. زیاتر لەوەش ئەوانەی کە ئەمڕۆ خۆیان بە تەنویری دەزانن لە ژێر کاریگەری جابری و ئەرگۆن دا دەفکرن.

کەواتە ئەوەی لە دونیای ئێمە بە شێوەیەکی واقیعی تا هەنوکەش کاردەکات و کاریگەری ڕۆچۆتە ناو هەموو پێکهاتە و بیرکردنەوە جیاوازەکانی گەلی کورد بەتایبەتیش لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا، یۆرۆسەنتریزم نیە، بەڵکو ئەرەبسەنتریزمە. ئەم ئەرەبسەنتریزمە تا ئاستێکی زۆر لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا کار دەکات، بەلام لەتەك سەنتریزمی ئێرانی و تورکیدا.

ئەمە خوێندنەوەیەکی وردتری پێـویستە و بەنیازم لە ئایندەدا بەوردی کاری لەسەر بکەم!