رۆندک: September 2016

Monday, September 05, 2016

کورد لە باشوور لەنێوان بوون و هەبووندا


کوردبوون، لەو زەمەنە پر لە دابەشبوون و لەژێر دەستەڵاتی گەلانی دیکەدا، ڕووبەڕووی کۆمەڵێك پرسیاری وجودی بۆتەوە. کوردبوون چیە؟ ئایا هەر هەبوونێکە بەدوای ژیانێکی ئاساییدا دەگەڕێت، یا بوونێکە دەیەوێت ببێت.
ئاخر جیاوازی لەنێوان هەبوونێك کە دەیەوێت بژیەت، لەگەڵ بوونێك کە دەیەوێت ببێت، زۆر گەورەیە؟

ئاژەڵ لەهەموو دۆخێکدا دەیەوێت بژیەت، لەناو قەفەسدا بێت یا لە دارستان. بۆیەشە هەبوونی هەمیشە لەژێر هەڕەشە دایە.
ئەوەی تێبینی دەکرێت، تا ئەو چرکەساتەش کوردبوون بریتیبووە لەوەی دەیەوێت بژیەت، بۆیە تا ئەمڕۆش بەهۆی ئەوەی نەیویستووە ببێت، بوونی لەژێر هەڕەشە دابووە. کاتێك هێزێكی دەرەکی بەئاراستەی دۆستایەتی یا دژایەتی هەڵوێستێك دەنوێنێت، کورد شاگەشکە دەبن یا زەندەقیان دەچێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە جیاوازی لەنێوان بوون و هەبووندا ناکەن. ئیدی ئەو دەنگانەی کە ویستوویانە ببن، زۆر کەم سەریخۆیان دەرهێناوە، زۆریش لەوانەی کە دەنگیان بەرز کردۆتەوە، دوایی هەر زوو لەبەردەم کۆمەڵێك گۆڕانکاریدا، لەبەردەم کۆمەڵێك چڵێسیدا هەڕەسیان هێناوە. هۆکارەکەش هەر ئەوە بووە کە جیاوازییان لەنێوان بوون و هەبووندا نەکردووە.


ئیمە وەکو تاك کە ڕۆژانە لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ڕەخنە دەگرین، هەڵپەی ئەوەمانە سەرنجی ئەوانی دیکە بۆخۆمان کێش بکەین، لەپێناو دیاربوونە یان بوون؟

بوونی ڕاستەقینە پێویستی بە سەنرجڕاکێشانی ئەوانی دیکە نیە، چونکە ناوەرۆکی هەیە، هەست بە بوونی مانای خۆی دەکات، باوەڕبەخۆبوونی بەهێزە، بۆیە تاکە شتێك کە دەیەوێت پەیدای بکات یا بەهێزی بکات، هەبوون نیە بەڵکو بوونیەتی. بوونێك مانا بەبەر ئێستا و ئایندەیدا بکات. بوونێك نە چڵێسییەکانی ژیان، نە خۆبینین بە بچوکی لەبەرامبەر ئەوانی دیکەدا، کاری تێ نەکات. بوونێکی بەکەرامەت.


تۆ ئەگەر هەر دەتەوێت بژیت، پێویست ناکات ژیانی خۆت بخەیتە مەترسی، دەتوانی بجوڵێیت بچیتە شوێنێك ژیانی تیادا مسۆگەر بێت، بەڵام کۆیلەبیت یان کرێکار، ئیدی ئەوە دەژیت و ترس لەسەر جەستەت نیە و خواردنت دەبێت، لەوانەیە زۆری ستی دیکەشت ببێت. بەڵام بەجیددی کورد چی دەوێت، ترس لەسەر جەستەی نەمێنێت و بژیەت، یا دەیەوێت بوونێكی مەعنەوی، شکۆدار و خاوەن کەرامەت بێت؟


ئەمڕۆ لەو هەرێمە بچوکەی ئێمەدا کە بەشێکە لە کوردستانی باشوور، کوردبوون لەهەموو مانا وجودییەکانی بەتاڵ کراوەتەوە. ئەوەی دەیبینین، ئاڕاستەیەکە بەرەو تێرکردنی جەستە دەڕوات. هێندەی ترسی برسیبوونی هەیە هێندە کێشەی بوونی نیە.
ئاخر کە مرۆڤ لەهەرشوێنێك بتوانێت ببێت، کێشەی هەبوونی نامێنێت. بەڵام کاتێك ویستی بژیەت، لەهەموو چرکە ساتێكدا بوونی لەژێر هەڕەشە دایە.


لەکۆتاییشدا ئەوەی گرنگە بزانین، بوون بەو گەڕەلاوژێیەی کە لەهەرێمە بچووکەکەماندا هەیە، بەدەست نایەت. لەڕێی ئەو حیزبە چەپرەکانەی کە هەموو غەم و خواستیان پۆستێکە، یا کۆکردنەوەی پارەی زیاترە، یا کۆکردنەوەی ئەندامی زیاترە، بۆ ئەوەی هەبوونی خۆیان وەکو مێگەل زۆربکەن، ئەمانە خەمی بوونیان نیە. ئەمانە لەفیکر و لەژیان بەتاڵن، جەستەیەکی جوڵاون و دەیانەوێت قەڵەوی بکەن، هەر ڕۆژە و لەبەردەرگای گەلانی سەردەستدا خۆیان مەڵاس داوە. هێندە بچوکن، بچوکترین کەسی سەر ئەو زەویە نایانبینێت. هەر ئەوەش بووە کە سەدان ساڵە کورد ویستوویەتی دیاربێت، بەڵام نەیتوانیوە خۆی بەدەر بخاتە، چونکە نەیتوانیوە بوون و هەبوون لەیەك بکاتەوە. ئەو حیزبانەی ئەمڕۆی باشووریش ناتوانن هیچ سەروەرییەك یا بوونێك بۆ میللەتی خۆیان دەستەبەر بکەن، چونکە نازانن بەدوای چیدا وێڵن، بوون یان هەبوون.

سەرکردەیەك ئەگەر بیەوێت ببێت، بەر لەهەموو شتێك دەبێ خۆی بیەوێت ببێت، هەموو بوونێکی رۆحی و بەکەرامەتیش، کە ناو و ناوبانگی تائەبەد دەمێنێت، پۆست و موڵك و ماڵ دەخاتە ژێر پێی خۆی. ئەوانەش کە دەیانەوێت بژین، بەڵام لەناو دونیایەك چڵێسی و پۆست و پارەدا، ڕووی مادییانەی خۆیان دەردەخەن و دەخەنە سەر سەریان، تەنها گرنگی بە پۆست و ماددە دەدەن، لەو پێناوەشدا حیساب بۆخوێن و فرمێسکی خەڵك ناکەن. هەبوونێکی خودسەرانەی نامرۆڤانەی ناشەریفانە دەژین.
ئەوە حیزبەکان و سەرکردەکان وەهان، ئەی خەڵك، ئەو هەزاران هەزار خەڵكە، چیان دەوێت، بوون یا هەبوون، بۆ ئەوەی هەڕەشە لەسەر ئێستا و ئایندەیان نەمێنێت؟


ئاخر جیددیترین پرسیار ئەوەیە؛ چیمان دەوێت، دەمانەوێت بژین یا ببین؟