رۆندک: May 2011

Thursday, May 05, 2011

با بەر لە جینۆسایدی کوردی سوریا بگرین


لە توێژینەوەیەکی ورددا سەبارەت بە ئیتیۆلۆژیای جینۆسیاد، پرۆفێسسۆری ئەڵمانی بەربارا هارف ژمارەیەك نموونەی جینۆساید لەوڵاتە جیاوازەکانی دونیا بەراورد دەکات، بەتایبەتیش جینۆسایدی ئەرمەنیەکان و هۆلۆکۆست، کە لەهەموویاندا لەبارودۆخێكی تایبەتدا جینۆساید ئەنجام دراوە. بۆیە هەر کاتێك و هەر وڵاتێك بەهەمان بارودۆخدا تێپەڕ ببێت، پێویستە دەزگا نێودەوڵەتیەکان و وڵاتان بەئاگابێن و بەر لەجینۆسایدێكی مسۆگەر بگرن.

مەترسیدارترین زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی جینۆساید نائارامیەکی توندوتیژانەی ناوخۆی هەر وڵاتێكە، لە ئاکامی شۆرش یا کودەتا، یا لە ئەنجامی کۆتایی هاتنی کۆلۆنیالیزم و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەوڵەت، یا لەئاکامی دەستوەردانی دەرەکی. ئەوەی ئێستا لە سوریا دەگوزەرێت، شۆرشی خەڵکی ئەو وڵاتەیە لەدژی یەکێك لە دڕندەترین ئەو ڕژێمانەی کە تائێستاش بەپێی ناوەندە نێودەڵەتییە مرۆییەکان پەلەقاژێی مانەوە و سەرکوتکردنی نەیارانی دەکات. بەڵام ئەوەی کە زۆر جێگای تێڕامان و مەترسییە، بارودۆخی کوردی ئەو وڵاتەیە کە ئەوانیش شانبەشانی پێکهاتەکانی دیکە پەنایان بۆ شۆرش و خۆپیشاندان بردووە بەڵام پێگەی ئەوان زۆر لەپێگەی عەرەبەکان لاوازتر و مەترسیدار ترە.

بۆیە کوردەکان لەبەردەم هەڕەشەیەکی جیددی ئێستا و داهاتووی ئەو بارودۆخەدان، لەلایەك ئەگەر ئەو نائارامیە لەبەرژەوەندی دەستەڵات شکایەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە، ڕژێمی سوریا هەڕەشەکانی خۆی بەپێی پرۆسەیەکی ورد و لەسەرەخۆ دەباتە سەر، ئەوەی کە تا ئەمڕۆ دەرفەتی نەبووە بیکات لەداهاتوودا هەڵی ئەوەی دەبێت بیکات و جینۆسیاد ئەنجام دەدات. ئەگەر بارودۆخەکەش تیرتر و ئاڵۆزتر بێت، ئەوا ئەو ئەگەرە زیاتر دەبێت چونکە بەرگری لەمانەوەی خۆیان دەکەن بەهەموو نرخێك.

دەستەڵاتی کوردی و پارتە کوردستانیەکان لەهەر کوێیەك بن، دەتوانن زۆر شت بکەن لەئاستی براکانیان لەو بەشە داگیرکراوەدا. ئەگەر بەزوترین کات فریایان نەکەون، ئاماژە زۆرن کە دەستەڵات نیازی خراپە بەرامبەریان. ماوەیەك بەر لەئێستا ئەو دەنگوباسە ڕاگەیەنرا کە ئەو عەرەبانەی لەناوچە کوردنشینەکان نیشتەجێکراون و وەکو ئیسرائیل چەندین موستەوتەنەی لەنێوان گوندەکانی کورددا چاندوون، ئەوە بێجگە لە پشتێنەی ئاسایشی عەرەبی، کە بە ڕێنوێنی عەبدونناسر ئەنجام درا، هەموویان لەو ماوەی ڕابردوودا چەکدارکراون و هەڕەشەیان لەلادێنشینەکانی کورد کردووە. لەدوا دەنگوباسیشدا کە ڕووداونێت گواستویەتیەوە، هەڕەشەی فڕاندنی ژن و کچی کورد کراوە ئەگەر وازلەڕووبەڕووبوونەوە نەهێن. ئەمانە هەموو ئاماژەن کە گەردەلوولێك بەرامبەر کوردەکانی ئەو وڵاتە دروستکراوەدا بەڕێوەیە. بۆیە پێویستە لەسەر هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و ولاتان بەر لەو جینۆسایدە بگرن ئەگینا دوایی کۆنترۆڵ لەدەست دەردەچێت.