رۆندک: January 2005

Sunday, January 23, 2005

له ده‌ره‌وه‌ی بێده‌نگیه‌كانی شه‌ودا

ئه‌و كه به‌سه‌ر زه‌ویه دێم و شه‌قار شه‌قاره‌كه‌ی چریكه‌كانیدا ده‌باری، بۆنی ئه‌و گوڵانه‌ی هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر لێرانه وه‌ریبوون له شێوه‌ی گریان بۆ جارێكی تر ده‌بوون به خوناوو له‌سه‌ر خونچه خه‌یاڵی وشكه‌ساڵی چاوه‌ڕێكراو‌دا ده‌نیشتنه‌وه.
ئه‌و چرپه‌ی پێیه‌كانیشی ده‌كردن به ئاوازو مێروله‌كانی چه‌ندساڵه خه‌وتووش ڕاده‌بوون و له شه‌ققه‌ی باڵی مه‌ستیان ده‌داو به‌سه‌ر ده‌زوه‌كانی نۆته حۆله‌كاندا ده‌كه‌وتن، نۆبه‌تیان ده‌گرت، خۆیان ده‌ڕازانده‌وه، سه‌ر زه‌ویان به په‌ڕه‌ی‌ ناسكی خۆیان و شاپه‌ڕه‌ی نه‌رمی شاژنه‌كه‌یان ڕه‌نگاوڕه‌نگ ده‌كرد. هه‌ر بۆئه‌وه‌ی بتوانن یه‌كێك له‌و نۆتانه بخه‌نه دیلی عیشقی به‌ساڵاچووی خۆیان و دادی مانه‌وه‌یان له‌و هه‌رێمه بدات.
ئه‌و كه ده‌یه‌ویست بۆ زه‌مه‌نێكی تریش بێده‌نگ بێته‌وه و نهێنیه‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌ی بێده‌نگیدا بشارێته‌وه، چریكه‌كانی مه‌لۆتكه ئاسا ده‌خستنه باوه‌شی ئه‌و ڕه‌شه‌بایانه‌ی درزیان به‌ شه‌پۆلی له بن نه‌هاتووی نائومێدیه‌كان ده‌داو گۆڕه كۆنه‌كانی هه‌موو ئه‌و گفتانه‌ی هه‌ڵده‌دانه‌وه كه به درێژایی مێژووی ئه‌و هه‌رێمه یه‌كێكیش له‌و گفتانه به‌ره‌به‌یانی به چاوی خۆ نه‌دیبوو نه‌شیانتوانیبوو بۆ ژوانه‌كانیان سه‌ر به ژووری ئه‌و بێده‌نگیانه‌دا بكه‌ن.
ئه‌و مه‌لۆتكه‌یه‌ك بوو له قه‌هر، باڵایه‌ك بوو له ناهه‌مواری، قه‌ڵایه‌ك بوو له ورده‌بارانه‌ی پیرۆزی هه‌موو ئه‌و وه‌همانه‌ی كه زۆر له مێژه ڕاسپێردراون ئه‌وان زه‌نگی ئاوسبوونی به‌هار لێبده‌ن و وه‌رزی خه‌زانی به‌فربارین به ئاسمان ئاشنابكه‌نه‌وه. ئه‌و ئه‌و چارشێوه كونكونه ڕه‌نگاوڕه‌نگه لاكێشه‌یه بوو به‌سه‌ر شه‌رمه‌كانی خۆیدا ده‌نیشته‌وه‌و بۆ سه‌رده‌مێكی پڕ له وڕێنه لێخۆشبوون و پاكبوونه‌وه‌ی ده‌خواست. پێوقدومی ئه‌و دڵی گوڵه مێلاقه‌كانی ده‌سازاند و مژده‌ی هه‌ڵنه‌وه‌رینی پێده‌دان ئه‌گه‌ر بۆ دوا جار به‌رامبه‌ر خودای بێده‌نگیه‌كان بچه‌مێنه‌وه‌و شیرشیرۆكه‌كان بدۆشن و تێنوه‌تی هه‌موو خه‌وتوو‌ه‌كانی ناو ده‌ڤه‌ری بێده‌نگی پێ بشكێنێ.
ئه‌و بۆ دواجار كه ویستی هه‌موو ئه‌و چیڕۆكانه‌ی كه جاران له‌به‌ر ئاگردان شینیان ده‌گێڕاو به‌دوای ده‌زگیرانه‌كانیان جه‌رگ و هه‌ناوی یه‌كه یه‌كه‌ی ئه‌و پشكۆیانه ده‌گه‌ڕان كه تاكه ئیشیان وه‌ده‌نگهێنانی بێده‌نگی بوو، بۆ دواجار ویستی ئاشتیان بكاته‌وه‌و به دیاری بۆ هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌یان ببات كه ڕۆژێك په‌نجه‌یه‌كی بێگانه په‌رچه‌می ئاڵی هه‌ڵنه‌داونه‌ته‌وه‌و ئاره‌قه‌ی سه‌ر هه‌نیه‌ی یه‌كێكیانی نه‌ڕه‌واندۆته‌وه. ئه‌و ده‌یه‌ویست چیڕۆكه‌كان به بزه‌ی ئاوازی ئۆمێده‌كان ڕۆڵی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره بهۆننه‌وه‌و له ده‌ره‌وه‌ی بێده‌نگیه‌كانی شه‌وه‌كانی داهاتوودا به‌رده‌وامی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن.
ئه‌و چیدی ئه‌و ساویلكه شیعره پشتچه‌ماوه نیه ئیتر به ڕۆندك تا دوا ته‌مه‌نی درێژی ئه‌و ده‌ڤه‌ره ئارامبگرێت و له ژێر سۆز و ڕازی تكاو نزای بێكۆتایی ده‌روێشه‌كانی تاریكه شه‌ودا خه‌ون به كلیلی ئه‌و دیوی بێده‌نگیه‌كانه‌وه ببینێ. ئه‌و به كورتی به‌رده‌وام بوونه، كۆمه‌ڵێك ده‌نگ و هه‌نسك و خه‌فه‌تی ناته‌بای له باوه‌ش گرتوون و تا كۆتایی به‌و بێده‌نگیه نه‌هێنێ هه‌وڵی ژیركردنه‌وه‌یان نادات. تا له‌ده‌ره‌وه‌ی بێده‌نگی فرچك نه‌گرن جۆلانه‌یان بۆ هه‌ڵناخات. ئه‌و هۆنینه‌وه‌ی چیڕۆكێكه تا هه‌نوكه‌ش به ڕێوه‌یه، تا هه‌نوكه‌ش خۆزگه‌ی لاواندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێبوارانه‌یه‌تی كه ده‌زانن چۆن ماڵه پیرۆزه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره له بێده‌نگی ڕزگار بكه‌ن. ئه‌و سه‌رگه‌رمی هاتنه‌وه‌یه‌و ده‌یه‌وێ بۆ ساتێك له ده‌ره‌وه‌ی بێده‌نگیه‌كان په‌یامێكی تازه به ‌شه‌ڕ ڕابگه‌یه‌نێ. ئه‌و به‌ڵێنی داوه هه‌ر له‌وێش بێده‌نگی بهۆنێته‌وه تا برینی هاواره ئه‌به‌دیه‌كانی پێ تیمار بكات. ئه‌و لێره ده‌بێ و لێره‌ش درێژه به نوێژه‌كانی خۆی ده‌دا.


Friday, January 07, 2005

555

دوێنێ 06/01 میدیای هۆڵه‌ندا كۆنسێرتێكی گه‌وره‌ی سازكرد به ناوی رادیۆی 555، له‌و كۆنسێرته‌دا 160 كه‌سایه‌تی ناوداری هۆڵه‌ندی ئاماده بوون، له‌وانه‌ش سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا. ئه‌م كۆنسێرته‌ی كه له سه‌عات شه‌شی به‌یانی تا دوانزه‌ی شه‌و درێژه‌ی كێشا، كامپانیایه‌ك بوو بۆ زه‌ره‌رمه‌ندانی باشووری ئاسیا. ده‌توانم بڵێم ئه‌م ڕۆژه ڕۆژێكی مه‌زن بوو له مێژووی هۆڵه‌ندا، ڕۆژێك بوو هه‌ستی مرۆڤ بوون له لوتكه‌دا شه‌پۆڵی ده‌دا.
هه‌ر له‌م كامپانیایه‌دا 122 ملیۆن و 144 هه‌زار ئۆڕۆ كۆكرایه‌وه. سه‌رجه‌می پاره كۆكراوه‌كه له سه‌ره‌تای كاره‌ساته‌كه‌وه تا ئه‌مڕۆ 222 ملیۆن ئۆڕۆیه و خراوه‌ته سه‌ر حیسابی بانقی زه‌ره‌رمه‌ندان كه پێنج پێنج پێنجه.


Wednesday, January 05, 2005

تێڕامانێك



پێم وایه ڕاستیێكی زۆر له‌و وته‌یه دایه كه ده‌ڵێ: مرۆڤ له ساته‌كانی به‌زین و بێهێزیدا په‌نا بۆ خودا یا بۆ خورافه ده‌با. نه‌ژادپه‌رسته‌كانی ئه‌لجه‌زیره‌ی عه‌ره‌بی و هه‌ندێكیش له‌و كۆچكه‌وتوانه‌ی به‌خۆیان ده‌ڵێن ئیسلامی، ئه‌وانه‌ی كه له قه‌یرانێكی ڕوحی و فیكری ته‌واودا ده‌ژیێن، په‌نا بردنه به‌ر خورافه دو‌ا سه‌نگه‌ریانه بۆ ڕه‌واجدان به بازاڕه‌كه‌یان، بێ ئه‌وه‌ی بزانن ئه‌و بیركردنه‌وه‌یان ناشیرین ترین وێنای ئه‌مڕۆیانه دوای ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی ته‌عبیر له خواست و داخوازیه‌كانی خه‌ڵك بكه‌ن.
ئه‌و مزگه‌وته توندوتۆڵ ترین قه‌ڵای ئه‌و ده‌ڤه‌ره بووه، خانوه‌كانی تر یا له چیخ و قامیش یا له ته‌خته‌دار دروست كرا بوون، بۆیه شتێكی ئاساییه ئه‌و خانوانه به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕه‌شه‌باو شه‌پۆڵه گه‌ورانه‌ی ده‌ریا خۆیان نه‌گرن، به‌ڵام كۆشكێكی وه‌كو ئه‌و مزگه‌وته ئاوا ئاسان به ئاودا ناچێت. ده‌شكرێ به یه‌كێك له به‌رنامه‌كانی دروستكردنی وێنه دروستكرابن، هه‌روه‌كو خاوه‌نی بڵاگی ئۆلێمپوس داكۆكی له‌سه‌ر ده‌كرد.
ئه‌لجه‌زیره ده‌یگووت: ماشاالله، ولله فی خلقه شؤون.
هه‌مان ئه‌و وێنه‌یه‌ش له لایه‌ن هه‌ندێك كه‌س به ده‌یان ئیمایل ده‌نێردرێت.
هه‌ر دوێنێش كچێك له هه‌ولێر فڕی بوو، به‌ره‌و حیجاز به‌ڕێكه‌وتووه، به‌ڵام هێشتا نه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاداران و نه له‌ لایه‌ن ڕاگه‌یاندنیش پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه داخۆ بۆ حه‌جكردن چووه یا بۆ خۆ ته‌قاندنه‌وه، هه‌واڵگره‌كانیش هه‌ر چاوه‌ڕێی گه‌یشتنین. به‌ر له‌وه‌ی بگات خه‌ڵك ده‌ستیان به‌ زیاره‌تی جێ پێیه‌كانی ئه‌و قدیسه بچكۆڵه‌یه كردووه. ڕه‌حمه‌ت له گۆڕی مه‌لای گه‌وره كه ده‌ینوسی: فڕی فڕی قه‌ل فڕی.
ئه‌وه دیدی منه، هه‌روه‌كو دیدی خاوه‌نی بڵاگی بارانیشه. ئه‌ی ئێوه چی ده‌ڵێن؟

Tuesday, January 04, 2005

ماڵپه‌ڕێكی تازه

ماوه‌یه‌كه هۆشه‌نگی كوڕم سه‌رقاڵی دروستكردنی ماڵپه‌ڕێكه به زمانی هۆڵه‌ندی، كاتێكی زۆر به‌و ماڵپه‌ڕه به‌سه‌ر ده‌با، بۆ ئه‌وانه‌ی هۆڵه‌ندی ده‌زانن ده‌توانن لێره‌وه به‌شداری له‌و گفتوگۆیانه بكه‌ن كه هۆشه‌نگ و خوێندكارانی تر ده‌یوڕوژێنن به حیساب گفتوگۆیه‌كه ته‌نها له‌گه‌ڵ خوێندكارانی پۆلی خۆیه‌تی، هه‌روه‌كو ناوی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ش هه‌ر به ناوی قوتابخانه‌‌ی خۆیه‌تی، به‌ڵام من پێم چاك بوو كه فراوانتر بێ ئه‌ویش به لایه‌وه ئاسایی بوو.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش ئه‌دره‌سی ماڵپه‌ڕه‌كه‌یه:
www.olympusv2d.nl


Monday, January 03, 2005

هیچ بوون

ئه‌و پارچه شیعره‌ی خواره‌وه پێشتر له بڵاگی ڤه‌ژینیش بڵاومكردبووه‌وه، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی هۆی نوسینه‌كه‌ی باس بكه‌م، بۆیه به باشم زانی شیعره‌كه‌و چیرۆكی نوسینه‌كه‌شی لێره بنوسمه‌وه.
له قۆناغی یه‌كه‌می زانكۆ بووم، زۆر له‌سه‌ر خوێندن گه‌رم و گوڕ بووم. ئه‌و ساڵه ده‌رسی زمانی كوردیشمان ده‌خوێند، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌ی ئه‌و ده‌رسه باش بوو، به‌ڵام نه‌مده‌زانی ئه‌و مامۆستایه له پله‌یه‌كی گه‌وره‌ی حیزبیدا كار ده‌كا، پێویسته ئاگام له ده‌می خۆم بێ، دواتریش هه‌روا بوو، بوو به سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی بۆ من، ئه‌گه‌ر چی ئه‌مه‌یان چیرۆكێكی تره‌ و با بۆ ده‌رفه‌تێكی تر بێ. هه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ش بوو جاروبار ده‌مشیعراند، هه‌روه‌كو ئێستاش شتی له شێوه‌ی شیعر ده‌نوسم. شه‌وێك له شه‌وانی ساڵی 1986 ئه‌و ده‌قه‌ی كه له خواره‌وه ده‌یبینن هۆنیمه‌وه، له دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند جار گله‌یی به‌ناو (اتحادی طلبه‌ی عیراقی)م له ڕێی یه‌كێك له ئه‌ندامێكی ئیتتیحاد بۆ هاتبووه‌وه، كه یه‌كترمان ده‌ناسی. ئه‌وان له نێوان خۆیاندا گووتبوویان: "له ڕێی یه‌كێك له قوتابیان پێمان گه‌یشتووه كه ئه‌و كوڕه (واته من) هۆی سه‌ره‌كیه له دووركه‌وتنه‌وه‌ی كچه‌كان له ئه‌ندامانی ئیتتیحاد. وێڕای ئه‌وه‌ش پڕوپاگنده‌ له‌سه‌ر ئیتتیحاد بڵاو ده‌كاته‌وه، به بێ ئه‌خلاق باسمان ده‌كات". ئه‌شهه‌دو بۆ خۆیان شاهێدیان له‌سه‌ر خۆیان دابوو كه بێئه‌خلاقن، ئه‌گه‌ر چی ئه‌و ده‌مه نه‌مده‌زانی كێ ئه‌و قسانه‌ی بۆ ئیتتیحاد باس كردبوون، چونكه باسی خه‌ڵك كردنم به لاوه ڕه‌فتارێكی ناشیرین بوو. به‌ڵام بۆی هه‌یه هه‌ندێكیانم له په‌یوه‌ندی به‌ستن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه ئاگادار كردبێته‌وه.
ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ئیتتیحاده ناموباره‌كه ده‌رسی یه‌كه‌م زمانی كوردیمان هه‌بوو، منیش ده ده‌ققه زوتر چووم بۆ كۆلێژ، ئه‌و شیعره‌م له‌سه‌ر ته‌خته ڕه‌ش به خه‌تێكی جوان نوسی، بێ ئه‌وه‌ی له بیرم بێ كه هه‌ڵبژاردن هه‌یه، زۆربه‌ی ڕۆژه‌كانیش به‌ر له‌وه‌ی ده‌رس ده‌ست پێبكات پارچه شیعرێك یا په‌ندێكم ده‌نوسی، بۆیه هه‌موویان ده‌یانزانی كه ته‌نها منم ئه‌و شتانه ده‌نوسێ. له‌و ده‌مانه‌دا به‌ر له‌وه‌ی ده‌رس ده‌ست پێبكات نایه‌ته بیرم بۆ چوومه ده‌ره‌وه، كه گه‌ڕامه‌وه مامۆستاكه له ژووره‌وه بوو شیعره‌كه‌ش ڕه‌ش كرابووه‌وه. له‌وه دڵنیا بووم له دوو قوتابیش زیاتر منیان نه‌بینی بوو. له شوێنی خۆم دانیشتم و ده‌نگ و باسی هیچ نه‌بوو. نیوه‌ی ده‌رسمان بڕبیوو قوتابیێكی ئیتتیحاد هاته دوام، وه‌ڕه‌قه‌ی ڕه‌سمی سه‌رۆكی ئیتتیحادی پێبوو. سه‌رۆكی ئیتتیحاد كوڕی یه‌كێك له ئه‌مین عاممه‌كانی ئه‌و كاتی حوكمی زاتیه كارتۆنیه‌كه‌ی سه‌ددام بوو، بۆ یه‌كه‌م جاریشم بوو ئاوا ڕووبه‌ڕوو قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م. كه‌چووم بۆ لای به‌ته‌نیا بوو، گووتی: ده‌رگا له دوای خۆته‌وه داخه، ده‌رگام داخست و چوومه پێش گووتم: فه‌رموو. گووتی: دانیشه. كه دانیشتم ده‌ستی بۆ لاپه‌ڕه‌یه‌ك بردوو به‌رزی كرده‌وه‌و پیشانی دام، گوتی: ئه‌و نوسینه هی تۆیه؟ پرسیاره‌كه‌و ڕووداوه‌كه زۆر كت و پڕ بوون و چاوه‌ڕوانی شتێكی ئاوام نه‌ده‌كرد، هۆیه‌كه‌شی بێ ئه‌زموونی من بوو له زانكۆو له دڕوونده‌یی به‌‌عسیه‌كان. بۆیه زمانم تێكئاڵا، نه‌مزانی بڵێم نه‌خێر، یه‌كسه‌ر گووتم: به‌ڵێ. هه‌ڵسایه سه‌ر پێی‌ و هاته به‌رامبه‌ر من دانیشت و گووتی: من نازانم هۆی نوسینی ئه‌و وشانه‌ چیه، به‌ڵام تۆ نازانی ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژاردنی قوتابیانه و ئه‌وانیش تۆ به‌وه تاوانبار ده‌كه‌ن كه تۆ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و ئه‌ندامانی ئیتتیحادت نوسیوه. گووتم: ئه‌گه‌ر لێم باوه‌ڕ بكه‌ی من نه‌مزانیوه ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژاردنه‌و به هیچێكیش له‌و مه‌به‌ستانه نه‌منوسیوه. گووتی: ئه‌گه‌ر منیش لێت باوه‌ڕ بكه‌م له‌وانه‌یه ئیدی هه‌ن لێت باوه‌ڕ ناكه‌ن، ئه‌و ڕاپۆرته‌ی كه به‌و به‌یانیه له‌سه‌رت نوسراوه هێشتا نه‌مداوه‌ته لیژنه‌ی ئیتتیحاد‌، بیشی ده‌مه ئیتتیحاد ده‌گاته ده‌ستی به‌رپسی حیزبیش له زانكۆ، ئه‌وكاته‌ش به‌س خوا ده‌زانێ چیت به‌سه‌ر دێنن! جگه له‌وه گله‌ییشم لێت هه‌یه، پێم گه‌یشتۆته‌وه كه تۆ ئامۆژگاری خراپ له‌و كچانه ده‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵی له‌گه‌ڵ ئێمه په‌یدا نه‌كه‌ن، ئه‌و كوڕه‌ی ئه‌و قسانه‌شی هێناون هاوپۆلی خۆته، هه‌مان ئه‌و كوڕه‌یه كه ئه‌و ڕاپۆرته‌شی له‌سه‌ر تۆ نوسیوه، بۆیه ده‌مه‌وێ زیاتر له‌و مه‌سه‌له‌یه بكۆڵمه‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ت پێ ده‌ڵێم جارێكی تر شتی وا مه‌نووسه، ئه‌و جاره‌ش ئه‌و ڕاپۆرته ناده‌مه لیژنه چونكه ڕاستگۆ بووی له‌گه‌ڵم. ئه‌وه‌نده‌م بۆ مایه‌وه بڵێم باشه، سوپاسیشت ده‌كه‌م. دواتر زانیمه‌وه كێ ئه‌و ڕاپۆرته‌ی نوسیبوو، ئێستا له یه‌كێك له مه‌حكه‌مه‌كانی هه‌ولێر وه‌كو حاكم ده‌وام ده‌كات. زانیومه‌ته‌وه سه‌رۆكی ئیتتیحادیش له به‌غدایه‌و پارێزه‌ری ده‌كات، ئه‌گه‌ر چی تا هه‌نوكه‌ش نه‌مزانی ئه‌و كوڕه بۆ ڕاپۆرته‌كه‌ی به‌رز نه‌كرده‌وه، تا ئه‌ویش سه‌رۆكی ئیتتیحاد بوو كه‌متر داوا له قوتابیان ده‌كرا ببنه ئه‌ندامی ئیتتیحاد.
پرسیاری لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئه‌رێ ئه‌وانه‌ی به‌عسی بوون و ئه‌كتیفیش بوون بۆ به‌عس، ئه‌مڕۆش له یه‌كێك له حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان ئه‌ندامن، كاری گرنگیشیان پێ سپێردراوه، حه‌ق نیه هه‌مان ئه‌و شیعره‌یان له‌سه‌ر بنوسرێته‌وه؟
***
هۆ هیچه‌كان
له‌ هیچی دا بوون به‌ هیچ
به‌ سه‌ر هه‌موو هیچه‌كانا هیچتان ده‌دا
گه‌یشتنه‌ كاروانی هیچ
چۆن له‌ هیچی له‌ پێناو هیچ بوون به‌ هیچ
چۆن به‌ هیچی، هیچتان نه‌هێشت له‌به‌ر هیچ
ئه‌وه‌تان هیچ
بۆ هیچه‌كان ده‌چنه‌ هیچ
هیچ ده‌به‌خشن، تا ببنه‌ ئامرازی هیچ
له‌ هیچاوی هیچێتی دا هیچ نه‌ما
نه‌یهیچێنن، تا هیچ به‌ هیچی ڕما
ئه‌گه‌ر هیچ بێ بمكاته‌ هیچ له‌سه‌ر هیچ
نامه‌وێ هیچ با ئه‌و هیچه‌ بچێ به‌ هیچ