رۆندک: له ده‌ره‌وه‌ی بێده‌نگیه‌كانی شه‌ودا

Sunday, January 23, 2005

له ده‌ره‌وه‌ی بێده‌نگیه‌كانی شه‌ودا

ئه‌و كه به‌سه‌ر زه‌ویه دێم و شه‌قار شه‌قاره‌كه‌ی چریكه‌كانیدا ده‌باری، بۆنی ئه‌و گوڵانه‌ی هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر لێرانه وه‌ریبوون له شێوه‌ی گریان بۆ جارێكی تر ده‌بوون به خوناوو له‌سه‌ر خونچه خه‌یاڵی وشكه‌ساڵی چاوه‌ڕێكراو‌دا ده‌نیشتنه‌وه.
ئه‌و چرپه‌ی پێیه‌كانیشی ده‌كردن به ئاوازو مێروله‌كانی چه‌ندساڵه خه‌وتووش ڕاده‌بوون و له شه‌ققه‌ی باڵی مه‌ستیان ده‌داو به‌سه‌ر ده‌زوه‌كانی نۆته حۆله‌كاندا ده‌كه‌وتن، نۆبه‌تیان ده‌گرت، خۆیان ده‌ڕازانده‌وه، سه‌ر زه‌ویان به په‌ڕه‌ی‌ ناسكی خۆیان و شاپه‌ڕه‌ی نه‌رمی شاژنه‌كه‌یان ڕه‌نگاوڕه‌نگ ده‌كرد. هه‌ر بۆئه‌وه‌ی بتوانن یه‌كێك له‌و نۆتانه بخه‌نه دیلی عیشقی به‌ساڵاچووی خۆیان و دادی مانه‌وه‌یان له‌و هه‌رێمه بدات.
ئه‌و كه ده‌یه‌ویست بۆ زه‌مه‌نێكی تریش بێده‌نگ بێته‌وه و نهێنیه‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌ی بێده‌نگیدا بشارێته‌وه، چریكه‌كانی مه‌لۆتكه ئاسا ده‌خستنه باوه‌شی ئه‌و ڕه‌شه‌بایانه‌ی درزیان به‌ شه‌پۆلی له بن نه‌هاتووی نائومێدیه‌كان ده‌داو گۆڕه كۆنه‌كانی هه‌موو ئه‌و گفتانه‌ی هه‌ڵده‌دانه‌وه كه به درێژایی مێژووی ئه‌و هه‌رێمه یه‌كێكیش له‌و گفتانه به‌ره‌به‌یانی به چاوی خۆ نه‌دیبوو نه‌شیانتوانیبوو بۆ ژوانه‌كانیان سه‌ر به ژووری ئه‌و بێده‌نگیانه‌دا بكه‌ن.
ئه‌و مه‌لۆتكه‌یه‌ك بوو له قه‌هر، باڵایه‌ك بوو له ناهه‌مواری، قه‌ڵایه‌ك بوو له ورده‌بارانه‌ی پیرۆزی هه‌موو ئه‌و وه‌همانه‌ی كه زۆر له مێژه ڕاسپێردراون ئه‌وان زه‌نگی ئاوسبوونی به‌هار لێبده‌ن و وه‌رزی خه‌زانی به‌فربارین به ئاسمان ئاشنابكه‌نه‌وه. ئه‌و ئه‌و چارشێوه كونكونه ڕه‌نگاوڕه‌نگه لاكێشه‌یه بوو به‌سه‌ر شه‌رمه‌كانی خۆیدا ده‌نیشته‌وه‌و بۆ سه‌رده‌مێكی پڕ له وڕێنه لێخۆشبوون و پاكبوونه‌وه‌ی ده‌خواست. پێوقدومی ئه‌و دڵی گوڵه مێلاقه‌كانی ده‌سازاند و مژده‌ی هه‌ڵنه‌وه‌رینی پێده‌دان ئه‌گه‌ر بۆ دوا جار به‌رامبه‌ر خودای بێده‌نگیه‌كان بچه‌مێنه‌وه‌و شیرشیرۆكه‌كان بدۆشن و تێنوه‌تی هه‌موو خه‌وتوو‌ه‌كانی ناو ده‌ڤه‌ری بێده‌نگی پێ بشكێنێ.
ئه‌و بۆ دواجار كه ویستی هه‌موو ئه‌و چیڕۆكانه‌ی كه جاران له‌به‌ر ئاگردان شینیان ده‌گێڕاو به‌دوای ده‌زگیرانه‌كانیان جه‌رگ و هه‌ناوی یه‌كه یه‌كه‌ی ئه‌و پشكۆیانه ده‌گه‌ڕان كه تاكه ئیشیان وه‌ده‌نگهێنانی بێده‌نگی بوو، بۆ دواجار ویستی ئاشتیان بكاته‌وه‌و به دیاری بۆ هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌یان ببات كه ڕۆژێك په‌نجه‌یه‌كی بێگانه په‌رچه‌می ئاڵی هه‌ڵنه‌داونه‌ته‌وه‌و ئاره‌قه‌ی سه‌ر هه‌نیه‌ی یه‌كێكیانی نه‌ڕه‌واندۆته‌وه. ئه‌و ده‌یه‌ویست چیڕۆكه‌كان به بزه‌ی ئاوازی ئۆمێده‌كان ڕۆڵی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره بهۆننه‌وه‌و له ده‌ره‌وه‌ی بێده‌نگیه‌كانی شه‌وه‌كانی داهاتوودا به‌رده‌وامی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن.
ئه‌و چیدی ئه‌و ساویلكه شیعره پشتچه‌ماوه نیه ئیتر به ڕۆندك تا دوا ته‌مه‌نی درێژی ئه‌و ده‌ڤه‌ره ئارامبگرێت و له ژێر سۆز و ڕازی تكاو نزای بێكۆتایی ده‌روێشه‌كانی تاریكه شه‌ودا خه‌ون به كلیلی ئه‌و دیوی بێده‌نگیه‌كانه‌وه ببینێ. ئه‌و به كورتی به‌رده‌وام بوونه، كۆمه‌ڵێك ده‌نگ و هه‌نسك و خه‌فه‌تی ناته‌بای له باوه‌ش گرتوون و تا كۆتایی به‌و بێده‌نگیه نه‌هێنێ هه‌وڵی ژیركردنه‌وه‌یان نادات. تا له‌ده‌ره‌وه‌ی بێده‌نگی فرچك نه‌گرن جۆلانه‌یان بۆ هه‌ڵناخات. ئه‌و هۆنینه‌وه‌ی چیڕۆكێكه تا هه‌نوكه‌ش به ڕێوه‌یه، تا هه‌نوكه‌ش خۆزگه‌ی لاواندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێبوارانه‌یه‌تی كه ده‌زانن چۆن ماڵه پیرۆزه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره له بێده‌نگی ڕزگار بكه‌ن. ئه‌و سه‌رگه‌رمی هاتنه‌وه‌یه‌و ده‌یه‌وێ بۆ ساتێك له ده‌ره‌وه‌ی بێده‌نگیه‌كان په‌یامێكی تازه به ‌شه‌ڕ ڕابگه‌یه‌نێ. ئه‌و به‌ڵێنی داوه هه‌ر له‌وێش بێده‌نگی بهۆنێته‌وه تا برینی هاواره ئه‌به‌دیه‌كانی پێ تیمار بكات. ئه‌و لێره ده‌بێ و لێره‌ش درێژه به نوێژه‌كانی خۆی ده‌دا.


0 کۆمێنت:

Post a Comment

<< Home