رۆندک: باوه‌ڕهێنان به بزمار

Friday, December 10, 2004

باوه‌ڕهێنان به بزمار

میلله‌تێك نه‌خوێنێته‌وه ناشتوانێ بیربكاته‌وه، ئه‌گه‌ر بیریش نه‌كاته‌وه ناتوانێ ڕه‌فتاری ڕاست و دروست و به كه‌ڵك و به فه‌ڕیش بنوێنێ. بۆیه "من بیرده‌كه‌مه‌وه كه‌واته من هه‌م" ئه‌و هوشیاریه‌یه كه هه‌موو ئینسانێك له ئاكامی بیركردنه‌وه‌دا دوڕیانه‌كانی ڕاست و چه‌وتی بۆ ڕوون ده‌بنه‌وه، ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆش نه‌بێ دواتر ڕاستیه‌كان ده‌رك ده‌كات.
باوه‌ڕبوون به بزمار كوتان له قاپی دارێك، بینینی له‌زه‌ته له ئازاردانی بوونێك ئه‌گه‌ربه مه‌به‌ستیش نه‌بێ. بوونی قه‌ناعه‌تێكه له وه‌هم و خورافه به‌ده‌ر به‌رهه‌مێكی تری لێ نادورێته‌وه. ئاكامی بوونی ئه‌و دۆگما ناشیرینانه‌یه كه هه‌موو مێشكی خه‌ڵكی داپۆشیوه‌و په‌رده داپۆشیوه‌كانیش ژه‌نگخواردوو بوون و تا ئه‌و بزماره له قاپی داره به‌سته‌زمانه‌كه هه‌ڵنه‌كه‌نین و له مێشكی هه‌واداری ئه‌و بزماره و ئه‌و بیروباوه‌ڕه نه‌ده‌ین هوشیار نابێته‌وه‌و خۆی نادۆزێته‌وه.
ئاخر ئومێدی چمان به گه‌نجێك بێ كه پێی وایه ئه‌و بزماره له‌و داره بكوتێ ئێش و ئازاری ددانی ده‌ڕواو نامێنێ. هه‌ر ئه‌و گه‌نجه‌ش بوو تا دوێنێ تفه‌نگ له شان بوو سه‌روه‌ری و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێك له حیزبه شه‌ڕڤانه‌كانی ده‌پاراست.
خۆ زۆر شتی تریش هه‌ن وه‌كو بزمار ئاگاشیان له خۆ نیه ده‌شپه‌رسترێن.
ئه‌ی وه‌هم خۆزگا هه‌ر جارێك، ته‌نها جارێك ده‌ستم پێت ڕاده‌گه‌یه‌شت، به‌ڵێن بێ ده‌مگرتی و هه‌لا به هه‌لام ده‌كردی، هه‌پرون به هه‌پرونم ده‌كردی، وردو هه‌راشم ده‌كردی، په‌ل په‌لم ده‌كردی، پارچه پارچه‌م ده‌كردی، ده‌مكردی به تریته، ده‌مپروچاندیه‌وه، ده‌مكردی به ڕیتك، ده‌مكردی به جیق، وه‌كو ده‌ستونوێژ ده‌مشكاندی، هه‌ر پارچه‌یه‌كیشم بۆ وه‌همخانه‌یه‌ك ده‌بردی. ئه‌وجار چ ده‌بوو با ببێ.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تێبینی: ئه‌م بزمار له داركوتانه به‌شێكی به‌رنامه‌ی پشووی هه‌فته بوو ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 10/12/04 په‌خش كرا. له گوندی داره بزمار ئه‌وه‌ی ددانی بێشێت، ده‌چێته ئه‌و گونده‌و بزمارێك له‌و داره ده‌كوتێت. هه‌ندێك خه‌ڵكی خێرومه‌ندیش به‌رده‌وام بزمار ده‌به‌ن له تاقه دوكانی ئه‌و گونده بۆ خێروخێرات دایده‌نێن.

1 کۆمێنت:

برا گیان هیچ شتێك مه‌سوتێنه چونكه ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نیه، ئه‌وه‌ چۆرێكه له دیكتا تۆریه‌ت، ستالین هه‌زاره‌ها كه‌نیسه‌و شوێنه دینیه‌كانی سوتاند، ئه‌وا ئه‌مڕۆ ئه‌كه ‌یه‌كه سه‌ر له‌نوێ دروستی ده‌كه‌ینه‌وه.

ڕۆژێكیان موعیز له میسر ده‌ست ده‌كات به‌شكاندنی بته‌كان، خوا هاواری لێ ده‌كات و ده‌ڵێ ئه‌وه‌ بۆ ئه‌و بتانه‌ت شكاند، موعیزیش پێی ده‌ڵێت بۆ ئه‌وه‌ی تۆ بپه‌رستن، خوا پێی ده‌ڵێ ؛ ئه‌و كه‌سانه‌ی سوجده‌یان بۆ ئه‌و بتانه ده‌برد سوجده‌یان بۆ من ده‌برد.
جا بۆ مه‌سه‌له‌ی بزماره‌كه‌ش هه‌ر هه‌مان شته.

 

Post a Comment

<< Home