رۆندک: بۆ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه به‌و بڵاگه‌دا گوزه‌ر ده‌كه‌ن

Tuesday, December 21, 2004

بۆ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه به‌و بڵاگه‌دا گوزه‌ر ده‌كه‌ن

له‌وانه‌یه جیاوازیێكی بنه‌ڕه‌تی هه‌بێ له نێوان ئه‌و بڵاگه‌ی خۆم ‌و زۆرێك له‌و بڵاگانه‌ی كه زیاتر شه‌وچه‌ره‌و قسه‌ی نه‌سته‌ق و زۆرجاران زیاتر كات به‌سه‌ربردن و شتی له‌و بابه‌تانه بێ.

به‌داخه‌وه من نه كارامه‌م له‌و شێوه گاڵته‌جاڕیه‌و نه له قسه‌ی نه‌سته‌ق و نه كاتیشم زۆره كه له‌و بگره‌وبێنه‌یه به‌سه‌ری به‌رم. بۆیه‌ش كه سه‌ر به هه‌ندێك له‌و بڵاگانه‌دا ده‌كه‌م، له‌سه‌ر قسه‌یه‌كی نه‌سته‌ق یا هه‌ندێ جار له‌سه‌ر قسه‌یه‌كی قۆڕ زیاتر له ده یا پانزه‌و زیاتریش وه‌ڵام و كۆممێنتی جۆراوجۆر ده‌بینم، خۆ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی بڵاگه‌كه نه‌خوازه‌ڵا جینسی ناعیم بێ ئه‌وه هه‌ر مه‌پرسه گۆڕه‌پانه‌كه‌ی چه‌ند قه‌ڵه‌باڵغ ده‌بێ. به‌ڵام به‌داخی گرانه‌وه خه‌ڵكی جیددی و به‌دوای پرسیاری جیددی و وه‌ڵامی جیددیدا بگه‌ڕێ نه‌ك هه‌ر كه‌من وه‌خته بڵێم زۆریش ده‌گمه‌نن و كه‌م وایه له‌و بڵاگانه شتی جیددی بوڕوژێنرێ.

من له‌و ئه‌زموونه‌ی خۆمدا پێشتر له‌گه‌ڵ بڵاگی ڤه‌ژین و ئێستاش لێره، زۆر ده‌گمه‌ن وابووه كه‌سانێك بێن كۆممێنت بنوسن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه ده‌وروژێنرێن. ده‌مگووت له‌وانه‌یه شته‌كانی من تا ڕادده‌یه‌ك هزرو ڕاوبۆچوونی كه‌سێتی خۆم بن و خه‌ڵكیش له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوه نوسینانه زۆر زه‌وقیان نه‌بێ، به‌ڵام گه‌یشتوومه‌ته نیمچه قه‌ناعه‌تێك كه هه‌موو ئه‌و بڵاگانه‌ی شت ده‌وروژێنن و پرسی جیددی تێدا بڵاوده‌كرێنه‌وه میوان و ڕێبواریشیان كه‌من. یه‌كێك له‌و نمونانه (بڵاگی ڕوانین)ه به هاوكاری كۆمه‌ڵێك براده‌ر ده‌یه‌وێ شتی جیددی بوڕوژێنێ و قسه له كۆمه‌ڵێك پرس بكات، به‌ڵام تا ئێستا كۆممێنتی كه‌سێكی غه‌یری خۆیانم نه‌بینیوه، ئه‌مه‌ش به ڕاستی جێگای داخه. ئه‌و دیارده‌یه‌ش ڕۆژ به ڕۆژ به‌ره‌و ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌م ده‌بات كه له‌مه‌ودا زۆر ببڕای ببڕای نه‌بێ سه‌ر به بڵاگه‌كاندا نه‌كه‌م، هی خۆشم هه‌روا به‌ره‌و سستی ببه‌م.

هیوادارم له‌سه‌ر وڕوژاندنی ئه‌و پرسه كۆمێنتم بۆ بێن و ببێته جێی قسه‌و باس.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش بڵاگی ڕوانینه

http://www.rwanin.blogspot.com/

4 کۆمێنت:

نووسینی کۆمێنت له‌م شوێنه‌ی بڵاگه‌ر تۆزێک سه‌ختتره‌ بۆیه‌ که‌س تاقه‌تی نییه‌ دوو سێ لینک کلیک بکات تا کۆمێنتێک بنووسێت. کۆمێنت نووسین یانی کردارێکی خێرا، چونکه‌ میوانی ئه‌م زه‌مانه‌ په‌له‌یه‌تی.

سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌کانیش، هه‌ر بابه‌تێک له‌ 5 دێڕ درێژتربێت، چاپی ده‌که‌م بۆ ناو پاسه‌که‌ی ماڵه‌وه‌. بۆیه‌ کۆمێنت نانووسرێ.

به‌ خوا بڵاگه‌که‌ی من ده‌ڵێی زبڵ خانه‌یه‌و هه‌مووی قسه‌ی قۆڕه‌، منیش که‌س شتم بۆ نانووسێت.

2 tips for a friend:
.) add pictures to your subjects.
.) less words more power.

هه‌ر سه‌رکه‌وتووبیت.

 

كۆمێنت نوسین بۆ ئێوه كاتی زۆر ده‌وێت، ده‌بێت له كوردیش گروپ بینوسم و ئینجا كۆپئ بكه‌مه‌ سه‌ر كۆمانته‌كه‌تان پاش ئه‌وه‌ی ناوی خۆم و پاس ۆرد ده‌نوسم.

هه‌موو كه‌س بێكار نیه كاتی ڕۆژانه‌ی خۆی به‌ كۆمێنتو بڵاگه‌وه بباته‌ سه‌ر، به‌ڵ‌م وابزانم تۆ كار ناكه‌یت.


بڵاگ شوێنی ئه‌وه‌نیه ببێته موناقه‌شه‌كردن، له‌وانه‌یه ببێت له به‌ینی گروپێكدا كه ته‌نها ڕێگا بێت بۆ په‌یوه‌ندی كردن له سه‌ر پرۆژێیه‌ك. وابزانم، زیاتر شوێنی ده‌ستپه‌ڕ كردنه، ده‌ست په‌ڕ كردنیش خۆشه.
له‌سه‌رێكی تره‌وه‌ ده‌ڵێم بۆ ده‌بێت هه‌ر كۆمێنت جێ‌ێڵینن پێوست به‌وه‌ناكات زۆر له خۆمان بكه‌ین، من هه‌ندێ كۆمێنت به‌شتێكی سه‌یر ده‌زانم كه‌كه‌سێك ده‌ڵێت : ده‌ست خۆش ماندوو نه‌بێت، به‌رده‌وام به....تاد، ئه‌مانه قسه‌نین، به‌ڵا‌م زۆر جار باسێك ده‌خوێنینه‌وه و بیری لێده‌كه‌ینه‌وه تیایدا ده‌ژین، هه‌ندێ باسی فه‌لسه‌فی زۆر گرانه هه‌روا به‌خێرا كۆمێنتێ جێ بێڵی باشتر وایه هیچ نه‌ڵێیت، من به‌ش به‌حاڵی خۆم ده‌چمه سه‌ر هه‌موو بڵاگێك، بێگومان ئه‌و بڵا‌گانه ی كه قسه‌ی باشیان تیایه، ده‌ڵێم قسه ناڵێم ووتار، چونكه له‌و باوه‌ڕه‌دام كه بڵا‌گ جێگه‌ی قسه‌یه نه‌ك جێگه‌ی ووتار.

ده‌زانم باسی چ بڵاگێك ده‌كه‌یت كه قسه‌ی ساده‌و ساكار ده‌نوسن، ئه‌وه‌ توانای خۆیانه، هه‌موو كه‌سێك ئازاده چی ده‌نوسێت، من هه‌ندێ جار زه‌وق ده‌بینم له قسه‌ی ساكار و قۆڕیش، به‌مه‌رجێ به‌ڕاست قۆڕ بێت، بڵاگ چێشتی مجه‌وه‌ره و هه‌موو كه‌سێك به‌شی خۆی تیادا ده‌بینێته‌وه، من( هه‌ورامان)، كۆمێنتی جنێوم زیاتر بۆ هاتووه هه‌تاوه‌كو كۆمێنتی باش، به‌ڵام هه‌ر گوێشی ناده‌مێ، سه‌رده‌مێك له ‌مه‌وبه‌ر ووتم بۆچی واز له بڵاگه‌كه‌م نه‌هێنم، به‌ڵا‌م به‌خۆمم ووت؛ من پێش بڵاگ هه‌ر شتم ده‌نوسی له ده‌فته‌رێكی بچكۆله‌دا به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر بكه‌مه‌وه بڵاوی بكه‌مه‌وه، ئێستاكه بڵا‌گه‌كه‌م هه‌یه‌و نوسینه‌كانمی تیا ئه‌پارێزم بۆچی وازی لێبێنم، زۆر كه‌سیش ده‌یخوێنێته‌وه‌و ئاره‌زویان نیه كۆمێنت جێهێڵن.

هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر قسه‌ی هه‌ندێ بڵاگه‌ر قۆڕو ساكار بێت، وابزانم له نوسراوی ڕۆژنامه‌كانی یه‌كێتی و پارتی جوانترن.
ئێمه به‌ناو كوردین، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكین به‌ كومه‌ڵێك كولتور و مێژوی جیاوازه‌وه له‌چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپا، هه‌موومان له كوردوستان نین باسی هه‌مان شت بكه‌ین و له ناو هه‌مان باسدا بژین.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێكی زۆرمان له ئه‌وروپا ده‌ژێن به‌ڵا وابزابم هێشتا شه‌رمنین له نوسینه‌كانماندا، باسه‌كان هه‌ر كلاسیكین و هه‌ر له‌هه‌مان ده‌هوڵ لێده‌ده‌ین كه‌ده‌مێكه پێسته‌كه‌ی دڕاوه.

ده‌نگی ده‌هوڵ له‌دوور خۆشه یان له‌سه‌ر بڵاگ ؟


له‌كۆتایی دا ده‌ڵێم: به‌ڕێزتان چه‌ند كۆمێنتان داناوه بۆ خه‌ڵكی تر هه‌تاوه‌كو ڕه‌خنه له‌وان ده‌گریت ؟؟؟

 

به‌ڵێ ئه‌وه‌ کۆمێنتم دانا بزانم دڵت چاک ده‌بێت. هه‌م هه‌ورامان و هه‌میش به‌رده‌قانی بۆچونی خۆیاندانا و به‌شێک له‌ هۆ یان بۆچونه‌کانی خۆیان له‌مه‌ڕ کۆمێنت دانان یان دانه‌نان و بلاگ نوسین داناوه‌.
به‌ش به‌حاڵی خۆم زۆربه‌ی بلاگه‌کان به‌سه‌ر ده‌که‌مه‌وه‌ و زۆرتریش بێ کۆمێنت به‌جێی دێڵم. زۆربه‌ی نوسراوه‌کان به‌ قۆڕو فه‌لسه‌فی و سیاسی و ... ده‌خوێنمه‌وه، گه‌ر کاتم به‌ده‌سته‌وه‌ بووبێ.
ئه‌وجا براله‌ ئه‌وه‌ من ساڵو نیوێکه‌ بلاگم هه‌یه‌ و ناڵیم سه‌ردانت نه‌کردوه‌ به‌ڵام ده‌توانم بڵێم کۆمێنتت دانه‌ناوه‌.
ئه‌وجا بۆ ئه‌وه‌ی بزانی که‌س درگای ماڵت ده‌کاته‌وه‌ "ئه‌ژماره‌"یه‌کی لێدانێ و بزانه‌ ڕۆژانه‌ یان مانگانه‌ چه‌ند جار درگای ماڵت(وێبلاگه‌که‌ت) ده‌کرێته‌وه‌.
له‌ کورده‌وایشدا ئێژن شایی و شین ده‌سته‌وامه‌.
دڵ له‌دڵ مه‌ده‌، بنوسه‌ و به‌رده‌وام به‌ و به‌ حه‌زی خۆت بنوسه‌. وێبلاگئاوا گه‌ر ببێته‌ وشکاوا له‌وانه‌یه‌ که‌س سه‌ری پیا نه‌کا.
خۆزگه‌ی من ئه‌وه‌سه‌ که‌ ژماره‌ی بلاگه‌ کوردییه‌کان هیچ نه‌بێ له‌ سه‌د تێپه‌ڕێ و با 75ی به‌ موکوری نه‌نوسن.
ئه‌وه‌ش کۆمێنت!!

 

This comment has been removed by a blog administrator.

 

Post a Comment

<< Home