رۆندک: نوزانه‌وه‌ی فتیلی چراكان

Friday, December 17, 2004

نوزانه‌وه‌ی فتیلی چراكان


فتیله‌كان
ده‌به‌ریه‌كڕاچوونی ئه‌و تارماییانه‌ن كه ده‌یانه‌وێ بێره‌دا تێپه‌ڕببن
ئه‌و هه‌وره تریشقانه‌ن كه ده‌نگی هه‌راساندن و بریقه‌ی هه‌زاران ده‌نكه شقارته‌یان پێیه
ئه‌وه منم ده‌مه‌وێ نه‌ڕۆم و لێره‌ش نه‌مێنم
تا فتیله‌كان ده‌رفه‌تی هه‌ناسه‌یه‌كی تریان پێده‌درێ
ئه‌وه منم فتیله‌كانم هان ده‌دا
ماسكی سه‌ر ڕووی پاڵه‌وانه فشه‌كان هه‌ڵماڵێ
له‌شكری تاریكی ده‌ڤه‌ره‌كانی دڵی وڵاته‌كه‌م
بۆ فانۆسه سیحریه‌كانی پاڵه‌وانه به درۆكان بگێڕێته‌وه
نوزانه‌وه‌ی فتیله‌كان بوو
هانیان ده‌دام هانیان بده‌م
هانیان ده‌دام به پاڵه‌وانه درۆزنه‌كان بڵێم
ده‌بڕۆن به زێدی ئه‌و وشانه‌دا گوزه‌ر بكه‌ن و هه‌موو به‌خته ڕژاوه‌كان بۆخۆتان هه‌ڵبگرنه‌وه
له‌وێ به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌ی ته‌مه‌نی بابردوتان گۆرانی بڵێن و ئومێدی ته‌نها ڕۆژێك ژیان كۆبكه‌نه‌وه
ئه‌وه منم زه‌مه‌نێكه كڵاوه با بردوه‌كانتان له مۆزه‌خانه‌ی دوا یادگاری یه‌كیك له گه‌وره‌ترین به‌زینه‌كانتان ده‌نژنم
غروره‌كانتان به‌و شمشێره شكاوانه‌ی كه شه‌ڕی براكانتان پێده‌كرد ده‌هه‌نجنم و دیرۆكی زاوانه‌بوونتان بۆ هه‌موو قه‌ده‌ره‌كان ده‌گێڕمه‌وه
ئه‌وه‌منم به شه‌ره‌فی ڕژاوتان تێنوه‌تی ئه‌سپه‌كانتان ده‌شكێنم و به دوا پاشۆڵی دڕاوتان خه‌زانی هه‌میشه وه‌ریوتان كۆده‌كه‌مه‌وه
نوزانه‌وه‌ی فتیلی چراكان
زمانێكی تازه‌یه
باراندنی نه‌فره‌ته
بۆ هه‌موو ئه‌و ساتانه‌ی ئێوه‌ی تیادا غافڵ ده‌بن
بۆ هه‌موو ئه‌و دیرۆكانه‌ی ئێوه‌ی تیادا چاوشۆڕ ده‌بن
بۆ هه‌موو ئه‌و ڕاگه‌یاندنانه‌ی كه به بزمككراوی له‌سه‌ر مینبه‌ره‌كان بێ هونه‌ر ده‌بن
بۆ ئه‌و سه‌ره‌تایانه‌ی ئێوه دروستی ده‌كه‌ن و ئه‌و كۆتاییانه‌ش كه ئه‌وانی دی به‌رهه‌می ده‌هێنن
ئه‌وه نوزانه‌وه‌ی فتیلی چراكانه
گوێی له چرپه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌سبازیانه‌یه كه له‌سه‌ر دووگوردی هوبه‌له‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن
هه‌موو ئه‌و شه‌وبه‌راتانه ئاماده‌یه كه ئێوه به چامانه‌كه‌ی سه‌رتان په‌رده‌تان بۆ په‌نجه‌ره‌ی شه‌وه‌سووره‌كان هه‌ڵده‌دا
ئه‌وه منم
فتیله‌كانتان لێ هانده‌ده‌م
سۆزانیه‌كانتان لێ بتۆرێنن
ساخته‌ی تۆزی نیشتووی سه‌ر ڕووتان
تفباران بكه‌ن و
ڕیسی چنراوی هه‌موو ئه‌و ڕێگا دوورو درێژه‌تان بكه‌نه‌وه به خوری و
بۆ دواجار ئاشبه‌تاڵی به درۆكانتان بكه‌ن
ئه‌وه منم
له‌وه‌تی هه‌م فتیله‌كانتان لێ هانده‌ده‌م

0 کۆمێنت:

Post a Comment

<< Home