ژانێکی نەزۆك
ژانێکی نەزۆك
خودایە
خۆت لە پەنجەرە زەبەللاحەکانی گەردووندا،
کۆیلە ئەقڵ کورتەکان دەبینی،
چۆن لە پەنجەرە بچووکەکانی حیزبدا خەڵك بە
گەمژە دەبینن!
نیشتمان
خۆت لە دەروازەی باخچە پان و بۆڕەکانت؛
شوانە بێ مۆراڵەکان
گاوانە چڵێسەکان؛ دەبینی!
چۆن پەرژینەکانی خۆتیان شکاندوون و
هەرچی گوڵ هەیە خستوویانەتە بەرپێی داڵەکان
خۆشەویستیش لەمێژە لەو پەنایە سەری هەڵگرتووە
و نایەتەوە!
خۆم
"هاهاهاها"
خودا گیان
لێم مەگرە نە وەکو تۆ خاوەنی زێی ئارامم!
نەوەك نیشتمانیش..
دەتوانم بۆ هەموان بم!
لێم مەگرە ئەم قاقایەم،
بەدوعا، بە نزا، بەنوێژ وەربگرە!
چونکە ئیدی نیشتمان
لانەی بێ حیکمەتەکانە،
تۆش لە وێنای بتێکدا دەپەرسترێیت!
دین و ویژدان و نیشتمانیش بەبەرچاوی تۆوە
هەراجن!