رۆندک: April 2012

Saturday, April 21, 2012

ڕوانینێك لە دەلاقەی ئەنفالەوە بۆ بێ چاو و ڕووەکان





بەر لە ٢٤ ساڵ لەشکری دەوڵەتی عێراق لە پەلامارێکی جەرگبڕانەی تراژیدیادا، وەکو دوا ئاڵقە لە ئاڵقەکانی جەنگی بێ ئیرادەکردنەوە تا دەگاتە ئیبادەکردن، ڕووی لە دەشت و پێ دەشت و گەر و بەنە بێ هاواروبانگەکانی باشووری کوردستان کرد و لە چەند زنجیرە هێرشێکدا جەنگی دژ بە هاوڵاتیانی سڤیل و بێ پشتیوانی کوردی ڕاگەیاند، تا گەیشتە چڵە پۆپە و گەردەلوولێکی نەفرەتی ئاسا، لەژێر ناوێکی هەرەسهێندا هەزاران مرۆڤی دەست و پێ بەست کردن و بەرەو عەرەعەر ڕایماڵین، تا لەوێش لە زنجیرەیەك چاڵی ڕەش و گۆڕی گەشدا هەناسەیان لێ ببڕێت و تاهەتایە بیانخاتە خەوی ئەبەدیەوە.
ئەمڕۆ دوای ٢٤ ساڵ و دوای ئەوەی هێشتا داڵە گۆشتخۆرە تاوانبارە مرۆڤکوژەکان لە نازونیعمەت دا بەبەرچاوی دونیادا دەسوڕێنەوە، کەسوکارە چاوگەشە بەڕێز و سەربەرزەکانی تراژیدیای ئەنفال پێویستیان بە دڵدانەوە و گوێلێگرتنیانە، پێویستیان بەو دەنگوباسە هەیە کە داڵە دەمدوك چەماوە و مەرگهێنەکان بەرەو قەفەسی ناهەشی ڕاکێش بکرێن و بەئەسپایی لەژێر دۆخی بڕیارێکی دادوەرانەدا پەڕوباڵ بکرێن و چیدی بەبەرچاوی کەسوکارە سەربەرزەکاندا نەسوڕێنەوە.
ئەمڕۆ دوای ٢٤ ساڵ، هێشتا دەستەڵاتەکان لەوە تێنەگەیشتوون کە ئەنفال ئەو زەبرە جەرگبڕە بوو کە دەیەویست نەك هەر زەردەخەنەکان بکوژێنێتەوە بەڵکو ژیان تا هەتایە لە دەڤەرەی چیاکاندا قەڵاچۆبکات و ئەنفال لێوان لێو بکات لە دەستکەوتەکانی جەنگ و ئامانج و مەبەستەکانی بەئاکام بگەیەنێت.
بەڵام هەر ئەمڕۆش، ئومێدەوارم لاوە خوێنگەرم و ئاقڵمەندەکانی کورد لە سرودێکی ئەبەدیدا بەڕیزە بوەستن و بڵێن؛
خوێنی ئێوە ئەی شەهیدان
دەکەینە چرای سەرەڕێکان
خوێنی ئێوە وزەیەکە، نەك بۆ تۆڵە
بەڵکو بۆ گەیشتنێکی پڕ لەشکۆی تا هەتایە
بەکاروانی پڕ هیممەتی ئازادی خوازانی جیهان