ئایا خۆپیشانده‌ران گێره‌شێوێنن؟
ئایا خۆپیشانده‌ران گێره‌شێوێنن؟
له‌په‌راوێزی ئه‌و ڕووداوانه‌ی رۆژانی ڕابردووی هه‌رێمی کوردستاندا
هه‌ر له کاتی دوا هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان و ههنوکهشی له‌گه‌ڵدا بێت، له‌سه‌ر دوو ئاسته‌وه زه‌مینه بۆ ئه‌و وروژانه جه‌ماوه‌رییه خۆشکراوه و ده‌کرێت.
ئاستی یه‌که‌م، که له دوو لایه‌نی ڕۆژنامه‌گه‌ریه‌وه کاری له‌سه‌ر ده‌کرا. ئه‌وانیش ڕاگه‌یاندنی ئۆپۆزسیۆن و ڕاگه‌یاندنی نیمچه سه‌ربه‌خۆن، که ئه‌مه‌ی دووه‌میشیان زۆرجاران خۆی له چوارچێوه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئۆپۆزسیۆندا ده‌بینێته‌وه و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن ده‌بینێت. هه‌ندێك جار له‌که‌ناڵ و ڕاگه‌یاندنه‌کانی سه‌ر به هه‌ردوو حیزبی دهستهلاتیشهوه هه‌ندێك شت خراوه‌ته ڕوو که ڕه‌خنه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ بووه بۆ ئه‌و بارودۆخه سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییه‌ی که له‌هه‌رێمدا هه‌یه.
ئه‌و ڕاگه‌یاندنانه زۆر به چڕوپڕی کاریان له‌سه‌ر هه‌ڵه و که‌موکوڕیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌کرد و ده‌کات، توانیان ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی که ده‌ستیان هه‌یه له گه‌نده‌ڵی و واسیته و نادادپه‌روه‌ری و په‌شێوی دروستکردن له هه‌رێمدا ڕووتیان بکه‌نه‌وه و بیانخه‌ته به‌رده‌م ویژدانی زیندووی خه‌ڵک و ئه‌وه‌ی که پێشتر زانراو نه‌بوو بزانرێت و ڕوونبکرێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت به‌و تێبینیانهشهوه که هه‌مانن له‌سه‌ر ئه‌دای ئه‌و ده‌زگایانه‌ی ڕاگه‌یاندن و که‌موکوڕیه‌کانیان و نه‌بوونی تایبه‌تمه‌ندێتی و جۆرێك له گه‌ڕه‌لاوژێ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کانی میدیادا.
به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا ئه‌و میدیایه چاوی خه‌ڵک و ویژدانی خه‌ڵکیش ده‌خاته سه‌ر شانۆ و بێی ئه‌و میدیایه کۆمه‌ڵگا وه‌کو لاشه‌یه‌کی سڕبردووی لێ دێت و هه‌رچی نیشانه‌ی زیندوێتی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه هه‌ن ون ده‌بن و له‌به‌ین ده‌چن. له‌لایه‌کی دیکه‌ش ڕاگه‌یاندن به‌شێکه له‌و ده‌زگا سڤیلسالارانهی که به‌شداریه‌کی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له جوڵاندنی کۆمه‌ڵگا و بردنی به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌کی دیموکراسی. به‌و مانایه‌ی به‌بێ بوونی ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ و ئۆپۆزسیۆن و ده‌زگای سڤیلسالاری زیندوو دیموکراسیه‌ت له‌درۆیه‌کی گه‌وره و شاخدار شتێکی دی نیه.
ئاستی دووه‌م، که زه‌مینه ساز بوو بۆ ئه‌و وروژانه، ده‌سته‌ڵات و هه‌ردوو حیزبه گه‌وره‌کان خۆیان بوون. خه‌ڵکێكی زۆر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که ئه‌و دوو حیزبه بتوانن گۆڕانکاری له بونیاد و ڕه‌فتاری خۆیاندا بکه‌ن. چه‌ند شتێکیان لێ داواکراو بوو ده‌بوایه به‌په‌له و بێ دواکه‌وتن بکهوتبانه خۆ، له‌وانه‌ش:
یه‌که‌م: دوورخستنه‌وه‌ی جیددی حیزب له داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت و کشانه‌وه‌ی حیزب له‌ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك. هه‌رگیز ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه که حیزب حکومه‌ت پێك نه‌هێنێت و ئیداره‌ی وڵات نه‌کات. له‌وڵاته پێشکه‌وتووه‌کان له‌و ڕۆژه‌ی که هه‌ڵبژاردن کۆتایی پێ دێت و حکومه‌ت پێک ده‌هێنرێت، له‌ناو باوه‌شی په‌رله‌ماندا نه‌بێت، له‌شوێنێکی دی ببڕای ببڕای نه‌بێت که‌س هه‌ست به بوونی حیزب ناکات، نه له‌مێدیا و نه‌له هیچ ناوه‌ندێكی حکومی و مه‌ده‌نیدا.
دووه‌م: له‌یه‌کدی جیاکردنه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ر سێ دهستهڵاتهکان و کاراترکردنی دادگاکان و چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و که‌لێنانه‌ی که له یاساکاندا هه‌ن. هه‌روه‌ها چاره‌سه‌رکردنی هه‌موو ئه‌و کێشه ئیداریانه‌ی که خه‌ڵك پێیانه‌وه ده‌ناڵێنێت و نه‌هێشتنی بیرۆکراسی و خێراکردنی به‌ڕێوه‌چوونی کاروباری خه‌ڵك.
سێیه‌م: چاکسازی به‌په‌له له بونیادی ده‌زگاکانی حکومه‌ت و بهدیموکراتیزهکردنیان و نزیکبوونیان له خه‌ڵك و چاره‌سه‌رکردنی به‌په‌له‌ی هه‌موو کێشه خزمه‌تگوزاریه‌کان، به‌تایبه‌تیش کاره‌با و بژێوی خه‌ڵكی که‌مده‌رامه‌ت. ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه به دامه‌زراندنی سیستمی سۆشیاڵ له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌کی ڕاسته‌قینه.
چواره‌م: گۆڕینی وتاری سیاسیه‌کان و سه‌رانی حیزبه‌کان به‌گشتی، به‌تایبه‌تیش هه‌ردوو حیزبی ده‌سته‌ڵاتدار. له ڕاپه‌ڕینه‌وه تا ئه‌مڕۆ وه‌چه‌یه‌ك پێ گه‌یشتووه، ته‌مه‌نی له‌سه‌ره‌وه‌ی بیست ساڵه و له‌و وتاره ته‌قلیدییه بێزارکه‌ره تێناگه‌ن. ئیدی کوردایه‌تی لای ئه‌وان بریتییه له دیموکراسیهتێكی ڕاسته‌قینه و ئاڵوگۆڕی ده‌سته‌ڵات و گۆڕانی ئه‌و ڕوخسارانه‌ی که له ده‌سته‌ڵاتن له‌ماوه‌ی چوار ساڵدا. ئاخر ده‌سته‌واژه‌ی (ئێمه ته‌عه‌ددا له‌که‌س ناکه‌ین و تهعهدداش له‌که‌س قبوڵ ناکه‌ین) دژوارترین ناعهقڵانیهته که‌سێك یا حیزبێك به‌رامبه‌ر گه‌له‌که‌ی خۆی به‌کاری بێنێت. ئه‌م وتاره باشترین به‌ڵگه‌یه که ئه‌و لایه‌نه هێشتا جێگه و پێگه‌ی خۆی نازانێت و هێزی داگیرکه‌ر و هێزه مه‌ده‌نیه‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆیان له یه‌کدی جیاناکه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش کاره‌ساته.
ئاستی سێیه‌م، که هۆکارێكی ده‌ره‌کییه، ئه‌و ته‌وژمه جه‌ماوه‌رییه توڕه‌یه‌ی وڵاته عه‌ره‌بیه‌کانه له‌دژی ئه‌و ده‌سته‌ڵاتانه‌ی ده‌یان ساڵه هه‌موو داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تیان به ماڕه گرتوون و بچوکترین ده‌رفه‌تیان به گۆڕانکاری نه‌داوه و تا هه‌نووکه‌ش هه‌ر له‌قۆناغی پۆست کۆلۆنیالیزمدا ده‌ژین. تا هه‌نووکه‌ش یاسای باری نائاسایی ده‌سه‌پێندرێ و به‌بچووکترین تۆمه‌ت هاوڵاتیان ده‌ستگیر ده‌که‌ن و ئه‌شکه‌نجه و زیندانیان ده‌که‌ن. ئه‌مه وێڕای ده‌یان کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی و په‌روه‌رده‌یی. ئه‌م ته‌وژمه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وایکرد که خۆپیشاندانه‌کان له هه‌رێمدا پێشبخرێن بێ گوێدانه جیاوازی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجانه‌ی که له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و وڵاتانه‌دا هه‌ن و بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی چۆن ئه‌و کاره بکرێت و له‌کوێوه ده‌ست پێبکه‌ن.
بۆیه ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که هاتنه سه‌ر شه‌قام و به‌رده‌وامیشن، هه‌رگیز گێره‌شێوێن نین. ئه‌و هۆکاره ڕاسته‌قینانه‌ی سه‌ره‌وه‌ن که پێویستیان به چاره‌سه‌ر کردنه. ئه‌وه ڕاسته که خۆپیشانده‌ران هه‌ندێك هه‌ڵه‌یان کردن و ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندانه‌که‌یان به‌ره‌و به‌رده‌م لقی چواری پارتی برد و توندوتیژیان نواند، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاسته که خۆپیشانده‌ران وا هه‌ست ده‌که‌ن که پارتی هێزی یه‌که‌می سیاسی کوردستانه و ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی ناو پێته‌ختی هه‌رێمه. ئه‌مه ڕێك ئه‌و په‌یامه‌یه که ده‌ڵێت پارتی دیموکراتی کوردستان چۆن جڵهوهکان و گره‌وه‌کانی له‌ده‌ستدان و سه‌رۆکی هه‌رێمیش سه‌رۆکی ئه‌و حیزبه‌یه، بۆیه به‌رپرسیارێتی سه‌ره‌کی له‌ملی پارتی دایه و بۆ خێراکردنی چاکسازی و گۆڕینی ڕه‌فتار و گوفتاری ئه‌و حیزبه ئه‌رکێكی هه‌نوکه‌یی پارتییه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه ڕاسته که پارتی و یه‌کێتیش به‌یه‌که‌وه خاوه‌نی مێژووه‌کی درێژن له‌ململانێی سیاسی له‌پێناو کوردایه‌تیدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاسته که ئه‌مڕۆ ئه‌و دوو حیزبه به‌رپرسیاری یه‌که‌من له به‌دیموکراتیزه‌کردنی ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت و دوورخستنه‌وه‌ی حیزب له ژیانی ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵك.
له‌و پێودانگه‌شه‌وه، ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ڕژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌کان ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌شیان کردبێت و توندوتیژیشیان به‌کارهێنابێت که نه‌ده‌بوایه وابکه‌ن، به‌ڵام گێره‌شێوێن نین و ئه‌مه هه‌مان زمانی به‌عس و ده‌سته‌ڵاته دیکتاتۆریه‌کانی وڵاته عه‌ره‌بیه‌کانه که له‌دژی هاوڵاتیانی خۆیان به‌کاری دێنن. له‌جیاتی بهخائینکردن و بهگێرهشێوێنکردنی خه‌ڵك، حه‌قوایه دانیشن و به‌خۆداچوونه‌وه بۆ سه‌رتاپای بونیادی حیزب و ڕه‌فتار و گوفتاره‌کانیان بکه‌ن، خۆیان بگۆڕن به‌ر له‌وه‌ی به‌هێز بگۆڕدرێن. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش ئه‌و خۆپیشاندانانه زوو بن و به‌رهه‌میان نه‌بێت، سبه‌ی ڕۆژ زۆر به‌گوڕتر و جهرگبڕانهتر دێنه‌وه ناو شه‌قامه‌کان و ئه‌وکات به‌خۆداچوونه‌وه و هیچ چاره‌سه‌رێك فریای هیچ حیزب و لایه‌نێكیش ناکه‌وێت.