رۆندک: June 2005

Sunday, June 12, 2005

سه‌رۆك

ئه‌م به‌یاینه هه‌ستێكی سه‌یرم بۆ دروست بوو، كه بینیم كوردستان سه‌رۆكێكی بۆ هه‌ڵبژێردرا، ده‌زانم ئه‌و پڕۆسه‌یه هێشتاش كه‌م و كوڕی هه‌ن، له‌وانه‌ش ئه‌و سه‌رۆكه هه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێمه نه‌ك هی وڵات، ده‌زانم كۆسپی گه‌وره‌ی له به‌رده‌م دان و هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌شی دێنه پێش. به‌ڵام ئه‌مه هه‌نگاوێكه، ئومێده‌وارم هه‌نگاوی تری له دوادا بێن، له‌وانه‌ش: خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵكی كوردستان، پته‌وكردن و به گوڕ كردنی پڕۆسه‌ی دیموكراسی له هه‌رێمی باشووری كوردستان، یه‌كتر قبوڵكردن و سازش نه‌كردن له‌سه‌ر ده‌سكه‌‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان، باشكردنی باری ئابووری خه‌ڵكی كورد و پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندن و فراوانتركردنی بواری ئازادیه‌كان و به هێزكردنی ڕیزه‌كانی گه‌لی كوردستان.
ئه‌گه‌ر بێمه‌وه سه‌ر هه‌ست و نه‌سته‌كانم له ساتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم. ده‌ڵێم: هه‌رگیز ئه‌و هه‌سته‌م به دانانی هیچ سه‌رۆكێكی تر نه‌كردوه، ته‌نانه‌ت به دانانی سه‌رۆكی عیراقیش، به لامه‌وه گرنگ بوو مام جه‌لال گه‌یشته سه‌رۆكایه‌تی به‌غدا، به‌ڵام ئه‌و گرنگی پێدانه زۆر جیاواز بوو له‌و حاڵه‌ته‌ی كه كورد سه‌رۆكێكی هه‌بێ به ئاماده‌یی و ده‌نگدانی سه‌رجه‌م پارت و لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان، به ئیسلامی و عه‌لمانیه‌كانه‌وه، به پارته بچكۆڵه‌و مه‌زنه‌كانه‌وه.
به‌‌داخه‌وه چونكه سه‌رۆكمان نه‌بووه هه‌ستمان به گرنگی بوونیشی نه‌ده‌كرد، چونكه ئاڵامان نه‌بوو هه‌ستمان به‌ گرنگی ئه‌و سیمبۆڵه‌ش نه‌ده‌كرد كه گه‌لان خۆیانی پێده‌ناسنه‌وه، چونكه ده‌وڵه‌تیشمان نه‌بووه تا ئه‌و چركه ساته‌ش مانا و چێژی سه‌فاره‌ت نازانین. ده‌زانم ئه‌و شتانه له خۆیاندا ئامانج نین به‌ڵكو ئامرازن، هه‌ر ئامرازیش ده‌بن، لێ ئه‌و ئامرازانه‌ن كه ئامانجه‌كان فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن، یا ناسنامه‌یان بۆ دروست ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر چی گرنگه سه‌رۆك مرۆڤێكی به هێز و زانا و دانا بێ، لێ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پڕۆسه‌كه حاڵه‌تێكی به گوڕ و پڕ خروكی بۆ دروست كردم، به لامه‌وه گرنگ نه‌بوو كێیه، هێنده‌ی خودی پڕۆسه‌كه‌م به‌لاوه گرنگ بوو، هه‌ستم كرد گه‌لی كوردستان تا هه‌نوكه جه‌سته‌یه‌ك بوو له گۆڕه‌پانێكا گینگلی بێ خاوه‌نی ده‌دا، ئه‌مڕۆ سه‌رێكی بۆ دروست بوو، ئیتر ده‌توانێ هه‌ڵسێته سه‌ر پێ و وه‌كو مرۆڤێكی ئاسایی هه‌نگاوان بهاوێژێ، حۆل نه‌بێت و به دوای سه‌رابدا نه‌كه‌وێ، خۆی بناسێت و پێویستیه‌كانی ئه‌و قۆناغه بزانێ، سه‌رێك بێ بۆ گه‌لی كوردستانی گه‌وره و بناغه‌ی ئازادی یه‌كجاره‌كی دابڕێژێ. مه‌به‌ستیشم نیه ئه‌و به ته‌نیا ئه‌و شتانه بكات، به‌ڵكو به هاوكاری و پشتیوانی هه‌موو گه‌لی كوردستان و پارته سیاسیه‌كان و ڕۆشنبیران و تێكڕای خه‌ڵكی كارا و پسپۆر له هه‌موو بواره زیندوه‌كان، سه‌رۆكیش ئه‌و پشتیوانیه به گرنگ بزانێ و په‌نای بۆ ببات و شانازیشی پێوه بكات و به نرخ له قه‌ڵه‌می بدات. چونكه نه ئه‌و بێی گه‌له‌كه‌ی نه گه‌لیش بێ سه‌رۆك ده‌توانن هه‌نگاوی چاره‌نوس ساز بهاوێژن.
دوا وته‌شم ئه‌وه، ده‌بێ سه‌رۆك هه‌ست بكات كه سه‌رۆكی هه‌موانه و بۆ هه‌موانیش وه‌كو یه‌ك هه‌ڵس و كه‌وت بكات، سه‌ركی مه‌زن ئه‌و سه‌رۆكه‌یه له چوارچێوه‌ی حیزبه‌كه‌ی ده‌رده‌چێت و ئیدی ده‌بێته سه‌رۆكی وڵات به هه‌موو هاوڵاتیانه‌وه، ده‌بێ سه‌رۆك چاودێری هه‌موو ڕه‌فتار و كرداره‌كانی بكات و هه‌موو خه‌ڵك به پشتیوانی خۆی بزانێ نه‌ك هه‌ر حیزبه‌كه‌ی.
سه‌رۆك ده‌بێ وا بكات دوژمنێكی نه‌بێ كه سه‌ر به میلله‌ته‌كه‌ی خۆی بێ، نابێ له هیچ تاكێكی میلله‌ته‌كه‌ی بترسێ، ئه‌ویش ئه‌و كاته ده‌كرێ كه به‌شی هه‌موان بێ و له‌سه‌ر بناغه‌ی هاوڵاتی بوون ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌یدا بكات.

بڕوانامه‌ی ماسته‌ر

له ناخی دڵمه‌وه پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له به‌ڕێز كاك عادل باخه‌وان ده‌كه‌م، به بۆنه‌ی وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له بواری سۆسیۆلۆجیا به پله‌ی زۆرباشه.
كاك عادل یه‌كێكه له نوسه‌ره به‌ڕێزه‌كانمان و كۆششێكی زۆری كرد تا به بڕوانامه‌ی ماسته‌ر گه‌یشت، ئومێده‌وارم له ده‌رفه‌تێكی زۆر زوودا ده‌ست به دكتۆرا بكات و ببێته یه‌كێك له پسپۆره گرنگه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان.
پیرۆز له خۆی و له هاوسه‌ره‌كه‌ی و له براده‌رانی و له نه‌ته‌وه‌كه‌یشی.

Friday, June 10, 2005

NO ریفراندوم و مۆتیڤه‌‌كانی

ده‌نگیان به (No) دا چونكه ده‌یانه‌ویست ئه‌و حكومه‌ته‌یان تۆڕی بكه‌ن، چونكه به حكومه‌تی ڕاستڕه‌وی بێ خێر و بێری ده‌زانن، له‌وه‌تی هاتوون ڕوحیان له هه‌موو شتێك داماڵیوه، شته‌كان بێ ڕوح ماونه‌ته‌وه. ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌وڵه‌مه‌ند ترو هه‌ژارانیش هه‌ژارتر!!!
خه‌ڵكێكی زۆر گرفتیان له‌گه‌ڵ ده‌ستووردا نه‌بوو، بگره زۆریان هه‌ر نه‌یانخوێندبۆوه، بێجگه له‌و هێنده گفتوگۆیانه‌ی كه له ڕۆژنامه‌و ته‌له‌ڤیزیۆن و ڕادیۆدا گۆێیان لێده‌بوو. به‌ڵام به پێی فه‌لسه‌فه‌ی خه‌ڵكی خراپ شتی باشیش بكات هه‌ر خراپه، ئه‌وانیش ته‌ماشای ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد چیه ده‌نگی بۆ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ده‌یانزانی كێی پێ ڕیسوا ده‌بێ!!! هه‌ر له‌و پێودانگه‌شه‌وه بوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌لجیكا گووتی ئه‌و (No)یه له دژی حكو‌مه‌ت بوو.
هه‌ر چۆنێك بێ من نه‌چووم ده‌نگم نه‌دا، چونكه ئه‌گه‌ر هه‌ر زۆرینه‌ی ساده (No) یان بگوتبایه هێتده ته‌نگی پێ هه‌ڵنه‌ده‌چنین و بۆ حكومه‌ت ناچاری نه‌بوو وه‌ریبگرێ، به‌ڵام كه زۆرینه‌ی زۆر گوتیان (No) حكومه‌تی خسته قه‌یرانێكی گه‌وره. ده‌نگم ڕێزی لێنه‌گیری بۆ به فیڕۆی بده‌م؟!!!
ئه‌وه‌ی له هه‌موو شتێك سه‌یرتر بوو، خه‌ڵكی كورد بوو، ده‌زانن بۆ گووتیان (No)؟ چونكه سۆشیالی نه‌ده‌هێشت یا زۆر كه‌می ده‌كرده‌وه، دوایی هه‌ر نه‌ده‌ما.
به‌داخه‌وه مۆتیڤه‌كانی كورد هه‌میشه نه‌رێن و ته‌مبه‌ڵی و كارنه‌كردن ناوه‌ندی مۆتیڤه‌كانه!!!!