چێشتی مجێۆر له‌سه‌ر شێوازی هۆڵه‌ندی
ئه‌مشه‌و بۆ ئێواره كۆبوونه‌وه‌یه‌ك چووم، به‌ر له مانگێك بانگ كرابووم ئاماده‌بم. كۆبوونه‌وه‌كه له‌سه‌ر هێزی گه‌وره‌و نادیار و مرۆڤایه‌تی بوو. سێ كه‌س قسه‌یان كرد، یه‌كێك له‌وانه كه یه‌كه‌مجاره له هۆڵه‌ندا گوێم له بوونیان بێبێ، سۆفی بوون. سۆفیێك له‌وانه‌ی كه جیاوازن له‌گه‌ڵ سۆفیه‌كانی وڵاته‌كه‌مان، ئه‌و سۆفیه ئافره‌تێكی هۆڵه‌ندی به ته‌مه‌نداچوو بوو، مانگانه كۆبوونه‌وه‌ی سۆفیانهیان هه‌یه و شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له تقوس به ڕێوه ده‌به‌ن. دواتر زانیم كه چه‌ند ڕهفیقێكی له‌گه‌ڵدان كه ته‌نها یه‌كیان پیاو بوو ده‌یگووت كه زۆربه‌ی هه‌وادارانی ئه‌و ته‌ریقه‌ته ژنن نه‌ك پیاو، وه‌لائیان بۆ پیاوێكی هیندیه به ناوی (حه‌زره‌تی عینایه‌ت الله خان) پێشم گووت كه هه‌ندێك هه‌ن ده‌ڵێن وشه‌ی سۆفی له سوفهوه هاتووه، سوفیش وشه‌یه‌كی كوردیه، گووتی ڕاست ده‌كه‌ی كه ئه‌م وشه‌یه له سوفهوه هاتووه به‌ڵام یه‌كه‌م جاره بزانم كه ئه‌م وشه‌یه كوردیه.
كه‌سی دووه‌م پیاوێك بوو له بزاڤی هومانیزم، ئه‌ویش باسی له بیروباوه‌ڕی هومانیزم ده‌كرد و پێی وابوو كه بزاڤێكه له هه‌موو حاڵه‌ته‌كان خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ده‌كات و ئامانجه سه‌ره‌تاو كۆتاییه‌كانیش هه‌ر به‌و دوڕیانه‌دا ده‌شكێنه‌وه. ئه‌و بزاڤه له هۆڵه‌ندا 14 هه‌زار ئه‌ندامی هه‌یه.
ئه‌وی تریشیان كریستیانێك بوو به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت باسی له خوا ده‌كرد وه‌كو هێزێكی مه‌زن و پیرۆز كه مرۆڤ هه‌میشه پێویستی پێیه‌تی و ده‌توانێ پشتی پێ ببه‌ستێ.
دوای پشوێكی ده دهققهیی ده‌ستكرا به گفتوگۆ و پرسیار و وه‌ڵام.
من به‌راوردێكم له نێوان ئه‌و هێزه نادیاره و ترس كرد، ترس ئه‌و حاڵه‌ته ده‌رونیه تایبه‌ته واهیمه‌یه كه زۆرجاران زه‌نده‌ق به‌ره، زۆربه‌ی جارانیش هه‌ر ترسه وا له مرۆڤ ده‌كات هه‌ندێ شتی تایبه‌ت بكات، خه‌ڵكێكی زۆر هه‌یه ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ترس نه‌بێ بۆ نمونه ئاماده نیه خۆی سه‌خڵه‌ت بكات و هه‌ندێ جۆری تقوس پیاده بكات. كۆمه‌ڵگای كوردیم وه‌كو نمونه هێنایه‌وه، كه ڕێژه‌یه‌كی زۆری خه‌ریكی به‌ڕێوه بردنی كۆمه‌ڵێك تقوسه بێ ئه‌وه‌ی له مانا‌و مه‌به‌سته‌كانی ئه‌و تقوسانه حاڵی بێ، بێ ئه‌وه‌ی له مانای ئه‌و وشانه‌ش حاڵی بێ كه ڕۆژانه دووباره و چه‌ند باره‌یان ده‌كاته‌وه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه داخۆ ئه‌و ترسه یان باشتر بڵێم ئه‌و جۆره خواپه‌رستیه تا كوێ بڕ ده‌كا، كاریگه‌ری ئه‌و جۆره خواپه‌رستیه له‌سه‌ر دڵ و ده‌رونی مرۆڤ چه‌ند پۆزه‌تیفه؟؟ پێم وایه ترس هه‌موو ژیانی ئێمه‌ی داگیر كردووه، ترس هه‌وا ئاسا له هه‌موو پانتاییه‌كانی ژیانماندا ئاماده‌یه، له‌گه‌ڵی ڕاهاتووین، ئاشنای بووین، ڕاهاتووین كه لێی نه‌ترسین، به‌ڵام له ئاكامدا زه‌نده‌قمان له ناو پهنجهكانیهتی بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌ین له كاته ناسك و حاڵه‌ته‌كانی بێهێزبوونمان ده‌مانخاته‌وه ناو كه‌ش و هه‌وای ڕه‌شی خۆی و كۆیله ئاسا گاڵته به ڕۆح و ده‌رونمان ده‌كات.
به هه‌رحاڵ دوای یه‌كتر ناسین كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی تیا‌بوو، له گروپ و سێكتی سه‌یرو سه‌مه‌ره ئاماده بوون له‌و ئێواره‌یه‌دا. ئه‌وه‌ی كه سه‌یر بوو به لامه‌وه ئه‌و ژنه سۆفیه زۆر نمونه‌ی به قسه‌كانی زه‌رده‌شت ده‌هێنایه‌وه، له كاتی كۆبوونه‌وه‌كانیاندا یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ی كه به ڕیز له‌گه‌ڵ ئینجیل و ته‌ورات و قورئان دایده‌نێن به‌شێكی ئاڤێستایه كه پێی ده‌ڵێن گاتا.
ئه‌وه‌ش كه له هه‌مووی زیاتر جێگای تێبینی بوو هه‌موو یه‌كێك باسی بیر‌و باوه‌ڕی خۆی ده‌كرد بێ ئه‌وه‌ی یه‌كێك توڕه بێ یا ده‌نگی هه‌ڵبێنێ یا بڵێ بیروباروه‌ڕی من باشتره له هی تۆ، هه‌مویان گه‌وره‌ترین ڕێزیان بۆ بیروباوه‌ڕی یه‌كتر هه‌بوو.