رۆندک: نه‌خۆشی هی ئاژه‌ڵه‌كانه یا هی مرۆڤ

Friday, January 13, 2006

نه‌خۆشی هی ئاژه‌ڵه‌كانه یا هی مرۆڤ


نه‌خۆشی ئاژه‌ڵه‌كان مرۆڤی له چوارهێڵی دونیادا سه‌خڵه‌ت و ته‌نگه‌تاو كردووه. هه‌ر له نه‌خۆشی ئاژه‌ڵ، تا نه‌خۆشی په‌سیوی په‌له‌وه‌ر، تا دۆزینه‌وه‌ی نه‌خۆشی پشیله كه له‌ دوا هه‌واڵدا له عیراق دۆزراوه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵێك مناڵیش له سكی دایكیان بوونه‌ته قوربانی

ڕاگه‌یاندنی ئه‌و نه‌خۆشیانه به تایبه‌تیش نه‌خۆشی په‌سیوی باڵنده، ترس و بیمێكی زۆری له ناو خه‌ڵك دروست كردووه، باوه‌ڕم به بیرۆكه‌ی موئامه‌ڕه نیه ئه‌گینا ده‌مگووت ئه‌مه موئامه‌ڕه‌ی دوا كۆبوونه‌وه‌ی زلهێزه‌كانی دارستانه له دژی مرۆڤ، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی كه شێر و پڵنگ و فیل به خۆیان ئاماده بوون، له‌وێ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاریان دابوو كه قڕان بۆ مرۆڤ بێنن، ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و په‌له‌وه‌رانه هاتوونه‌ته وه‌ڵام كه له‌و ماوه‌ی ڕابردوودا به سه‌دان هه‌زاریان لێ قه‌تلوعام كراوه

بۆیه باوه‌ڕم به بیرۆكه‌ی موئامه‌ره نیه چونكه ئه‌وان زیاتر له‌ هه‌موو لایه‌ك له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیانه زه‌ره‌رمه‌ند بوون. دڵنیام ئه‌وان به غه‌ریزه له مرۆڤ هاوسه‌نگتر و یه‌كتردۆست ترن، مرۆڤه‌كان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سك و ناڕه‌وای خۆیان به سه‌دان هاوڕه‌گه‌زی خۆیان به كوشتن ده‌ده‌ن و ماڵوێرانیان ده‌كه‌ن. خۆ هێنده‌ی مرۆڤ به‌ده‌ستی مرۆڤ ده‌كوژرێ ده‌یه‌كی ئه‌وه‌نده‌ش به‌و نه‌خۆشیانه نامرن. هێنده‌ی مرۆڤ به ڕووداوی هاتوچۆ ده‌مرێ و زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێ ده‌یه‌كی ئه‌وه‌نده‌ش به نه‌خۆشی په‌له‌وه‌ر گیان له‌ده‌ست نادات. هێنده‌ی شه‌ڕی توندڕه‌و و به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌كان له عیراق مرۆڤ ده‌دورێته‌وه تا ئێستا ئه‌و نه‌خۆشیانه له هه‌موو دونیا چاره‌كی ئه‌و خه‌ڵكه‌شی نه‌دوریوه‌ته‌وه! ئه‌ی بۆ مرۆڤایه‌تی به‌و هه‌موو كوشتنه توشی شۆك نابێ، به‌ڵام به مردنی چه‌ند كه‌سێك به‌و نه‌خۆشیه كوشندانه هاواریان لێ به‌رز ده‌بێته‌وه و به هه‌زاران و ملیۆنه‌ها دۆلار بۆ قه‌ڵاچۆكردنی ئه‌و نه‌خۆشیانه ته‌رخان ده‌كات؟؟

یا له‌وه‌ش گرنگتر ده‌بێ سه‌رچاوه‌ی دروستكردنی ئه‌و نه‌خۆشیانه بۆ باڵنده‌ و ئاژه‌ڵه به‌سته‌زمانه‌كان هه‌ر له مرۆڤه‌وه نه‌بێ؟ ئاخر هه‌ر مرۆڤه بۆته سه‌رچاوه‌ی پیسكردنی ژینگه‌ و تێكدانی سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كانی زه‌وی. بۆیه پێم وایه په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵیش له‌و پیسكردنه به‌شی خۆی وه‌رگرتووه و توشی په‌تای ئاوا كوشنده‌ی كردووه

زۆر باش دیاره مرۆڤ بێبه‌زه‌ییه به‌رامبه‌ر ڕه‌گه‌زی خۆی نه‌خاسمه به‌رامبه‌ر ئاژه‌ڵ
سنوور نیه بۆ فراوانخوازی و چاوچنۆكی مرۆڤ، بۆیه ئه‌و چاونۆكیه به نه‌رێتی ده‌شكێته‌وه بۆ سه‌ر مرۆڤ و دووچاری هه‌ڕه‌‌شه‌ی گیانله‌به‌رانمان ده‌كاته‌وه

پێم وایه پێویسته ئاشتی بگه‌ڕێته‌وه نێوان گیانله‌به‌ر و ئینسان، نێوان ئینسان و بوونه‌وه‌ر، ئه‌گینا ئه‌و كێشه‌یه به زه‌ره‌ری مرۆڤ كۆتایی پێدێ. یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئه‌و ئاشتیه‌ش به‌زه‌یی مرۆڤه به‌رامبه‌ر مرۆڤ، گه‌ڕانه‌وه سه‌ر خۆ و پێڕه‌وكردنی ویژدانه

0 کۆمێنت:

Post a Comment

<< Home