رۆندک: یاده‌وه‌ری له دایكبوون

Friday, September 30, 2005

یاده‌وه‌ری له دایكبوون

ئێمه‌ی كورد له كوردستان به شێوه‌یه‌كی گشتی زۆر گرنگی به هه‌ندێ یاده‌وه‌ری ناده‌ین، یه‌كێیش له‌و یاده‌وه‌ریانه. یاده‌وه‌ری له دایك بوونه. له ئه‌وروپا مناڵ هه‌ر له سه‌ره‌تاییه‌وه فێر ده‌كه‌ن ئاهه‌نگ به یاده‌وه‌ری له دایك بوونی بگێڕێ، یا دیاری بۆ ڕۆژی له دایك بوونی باوكی یا دایكی ئاماده بكات. به‌ڵام له كوردستان ئه‌و شته گرنگی پێنادرێت، چونكه نه‌بووه به كولتوور.
كولتوور پێكهاته‌یه‌كه زۆری له‌سه‌ر نوسراوه، ئێستاش هه‌ندێك له ڕۆشنبیرانی ئه‌وروپی باس له وه‌همی كولتوور ده‌كه‌ن، به زیاده‌ی ده‌زانن. هه‌ڵبه‌ت به ڕای من به‌شێكی گرنگی پێكهاته‌ی كولتوور دینه، چونكه دینداریه‌تی خه‌ڵكی كوردیش تایبه‌تیه‌كی دیاری خۆی هه‌یه و په‌یوه‌سته به كه‌سایه‌تی ئه‌و مه‌لایه‌ی كه وێنایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه له ناو كۆمه‌ڵگای كوردی و بۆ خۆی به‌و وێناو شێوه‌یه‌ی كه هه‌یه‌تی بووه به ئه‌نتیك، چونكه هیچ په‌ره‌سه‌ندنێكی به خۆوه نه‌دیووه و ساڵه‌هایه هه‌ر وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی لێره مه‌به‌ستمه، له‌و ڕۆژانه به‌ر گوێم كه‌وت له پیاوێكی به‌ته‌مه‌ندا چوو كه گوایا زه‌رده‌شت گرنگی زۆری به‌و یاده‌وه‌ریه داوه و له جیاتی مۆمداگیرساندن، هه‌ڵده‌ستان به ڕواندنی شه‌تڵێك یا نه‌مامێك و ئاهه‌نگ گێڕان به‌و یاده‌وه‌ریه.
پرسیارم له خۆم كرد و گووتم: گه‌لۆ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و كولتووره له ناو خه‌ڵكی كورد بمابایه ئه‌وا له جیاتی هه‌ڵته‌كاندن و له ڕه‌گ و ڕیشه ده‌رهێنانی دره‌خته‌كان، خه‌ڵك ڕووه‌كی ده‌ڕواند و جۆرێك له پیرۆزی پێ ده‌به‌خشرا.
خۆ ئه‌گه‌ر به شێوه‌ی ماتماتیكیش لێكی بده‌ینه‌وه، سه‌رمان سوڕ ده‌مێنێ، چونكه هه‌ر یه‌كێك هه‌موو ساڵێك له یاده‌وه‌ری له دایكبوونیدا نه‌مامێكی بچاندبا، ئه‌وا ئێستا كوردستان ده‌بوو به‌یه‌ك غابات و هه‌موو ئاگروو بیوری دونیا نه‌یانده‌توانی قڕانی بۆ بێنن، چونكه ساڵانه‌ش به ملیۆنه‌ها نه‌مام ده‌ڕوانرا و به ملیۆنه‌هاش ده‌كه‌وته ساڵی دووه‌م و سێیه‌م و هه‌تادوایی.

مێژوو ئاڵۆزه‌ و داخۆ چه‌نده‌ها شتی جوان له ده‌ست مرۆڤایه‌تی چووه.

ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له نێوان ڕواندنی نه‌مامێك و داگیرساندنی مۆمێك بكه‌ین، هه‌ڵبه‌ت هه‌ردووكیان جوانن، به‌ڵام له ڕووی فه‌ڕوو پیرۆزیه‌وه به‌رامبه‌ری یه‌كتر ناكرێن. هه‌ردووكیان ده‌كرێ ببن به هێما بۆ شتێك. ئه‌میان بۆ ڕووناكی و ئه‌می تریان بۆ ژیان و به‌رده‌وام بوون. به‌ڵام مۆم دوكه‌ڵ ده‌كات و ژینگه پیس ده‌كات، لێ دره‌خت ژینگه ده‌ڕازێنێته‌وه و غازه پیسه‌كانیش هه‌ڵده‌مژێ و له ناوی ده‌بات.

0 کۆمێنت:

Post a Comment

<< Home