رۆندک: ونبونێك له ده‌ره‌وه‌ی دیرۆكدا

Sunday, December 04, 2005

ونبونێك له ده‌ره‌وه‌ی دیرۆكدا

ونبونێك له ده‌ره‌وه‌ی دیرۆكدا

خه‌تای خۆم نیه كه ناتوانم لێره نه‌بم و له وێش نه‌بم
چاوه مۆنه‌كانی "نه‌زانی" بوون هه‌موو كه‌تنه‌كانی پێكردم
سۆزی سه‌ر شێتانه‌ش بوو پێی ده‌گووتم تك مه‌ده تا زه‌مه‌ن نه‌گێڕیته دواوه‌و شه‌پۆڵی ڕقه ڕه‌شه‌كانیش به فووه‌كانی خۆت نه‌وه‌ستێنی.
هزره‌كانم به‌ر له‌وه‌ی ببنه چه‌ند دیمه‌نێكی خه‌واڵوو
نه‌یانده‌زانی ئاوێته‌ی مه‌رگ بن
نه‌یانده‌زانی سروودی تازه بهۆننه‌وه
گۆرانی بۆ گۆڕه ونه‌كان بچڕن
هزره‌كانم تا هه‌نوكه‌ش باوه‌شێك وێنه‌ی نامۆن به دونیای ئه‌مڕۆ
به ڕه‌فتاره دڕدۆنگه‌كانی سه‌ربازه بێ دڵه‌كان
به‌و چاوه جیقنانه‌ی دوێنێی ژێر چاویلكه‌ی كارگه نوێكان
هه‌ر شه‌وه‌و درێژده‌بێته‌وه
هه‌ر شه‌وه‌ و "نه‌زانی" لێ ده‌چۆڕێته‌وه
هه‌ر شه‌وه و ده‌رگاكان بۆ حه‌زه خۆپه‌رسته‌كان ده‌خاته سه‌ر پشت
هه‌ر ئێمه‌شین بێی شه‌و ناتوانین پشوو بده‌ین
هه‌ر چه‌ند بڕۆین و دووركه‌وینه‌وه ڕزگارمان نابێ له شه‌پۆڵه‌ كۆنپه‌رسته‌ پشتكوڕه‌كانی
له لافاوه نۆتێكده‌ره‌ پڕقینه‌كانی

خه‌تای من نیه كه خه‌تا بارم
به‌ر له‌وه‌ی ببم
لیستی تاوانه‌كانم له پشت سه‌رمدا سه‌مای ده‌كرد
نه‌زانیش به‌ڵێنی له بیرچوونه‌وه‌ی پێ ده‌دا
به‌ڵێنی درێژبوونه‌وه‌ی شه‌وی پێده‌دا
به‌ڵێنی وه‌ستانی میلی كاتژمێره‌كا‌ن و
سۆزێكی به‌دبه‌خت
له ژێری ژێره‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كان بوو
خه‌تای من نیه ده‌مه‌وێ لێره بڕۆم و نه‌چمه ئه‌وێش
شه‌و نه‌بێت و ڕۆژیش نه‌بێ
خه‌تای من نیه كه به‌سه‌ریاندا چه‌سپاندم هزره‌كانم هی خۆم نه‌بن
خه‌تای ئه‌وانه‌یه كه فێریان كردم له‌وێ نه‌بم و هزره‌كانیش هه‌راج بكه‌م
چۆن خۆم له نێوچاوانم نوسراوه ده‌بێ بێ وڵات بم، ده‌بێ هزره‌كانیشم له‌ده‌ست ئه‌وانیدیدا بن
خۆم هه‌ڵمنه‌بژارد، ئه‌وه‌شیان هه‌ر بۆ هه‌ڵبژاردم
هه‌موو شتێك ئه‌وان هه‌ڵیان بژارد، ئه‌وانێك كه نایان ناسم
ئه‌وانێك ده‌مه‌وێت بیانبینم، بۆ ئه‌وه‌ی پۆزشیان بۆ بێنمه‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسیان بكه‌م چونكه كوردبوونی منیان به‌ده‌ست نه‌بوو
ئاخر خه‌تای من نه‌بوو كه ده‌مه‌ویست خه‌تای من نه‌بێ
كه ده‌مه‌ویست خه‌تاكانیش ببن به چیرۆكێكی درێژ و به ناوبانگ
تا ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی خه‌تاكان ده‌بنه جوامێری و سیستمی درۆش له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردی خه‌ونه‌كانی من هه‌پڕون به هه‌پڕوون ده‌بێ.
تا ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی حه‌زه خه‌وتوه‌كان گۆرانی بۆ ئێره‌ی من ده‌ڵێن و هزره‌كانیشم ده‌بنه‌وه به هیخۆم.
تا له بیرچوونه‌وه‌ی هه‌ورازه‌كانم به ئه‌مڕۆی نشێوه‌كانم ده‌ڵێ:
ئاوا بێباكانه مه‌فڕه نه‌بادا نشێوه‌كان لێتخۆش نه‌بن
نه‌بادا فرمێسكه به ڕووباربووه‌كان مۆڵه‌تی دوا مه‌له‌وانیت نه‌ده‌ن
نه‌بادا هزره‌كانت چیدی ماوه‌ی یاری كردنیان پێنه‌درێ
ئێستاكه‌شم پێم ده‌ڵێ:
خه‌تاكانتان له‌به‌ر بێخه‌تایی تا سبه‌ینێش ده‌بێ چاوه‌ڕێ بن
تا دیرۆك ده‌رگاكانی واڵا ده‌كات و پێمان ده‌ڵێ:
خه‌تاكانتان هه‌موو شتێ بوون بێجگه له خه‌تا
خه‌تاكانتان هه‌موو شتێكیان هه‌بوو بێجگه له دیرۆك.
ئه‌وجار زانیم بۆیه ده‌مه‌وێ له هه‌موو شوێنێك بم چونكه بێ شوێن بووم
ده‌مه‌ویست زۆر شت بكه‌م، چونكه هه‌موو شته‌كانم بۆ دوێنێ بوون
زۆر ویست و زۆر خه‌تا و دونیایه‌ك ئاڵۆزی
ته‌ونێك بوو تا هه‌نوكه‌ش هه‌ر ته‌ونه‌ و هه‌موو شتێكه ته‌نها دیرۆك نه‌بێ.

0 کۆمێنت:

Post a Comment

<< Home