رۆندک: ئازادی یا مه‌رگ

Monday, January 02, 2006

ئازادی یا مه‌رگ

ئازادی یا مه‌رگ ناوی ڕۆمانێكی نیقۆس كازانتزاكسه، حه‌مه كه‌ریم عارف له فارسیه‌وه وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر كوردی. ئه‌مڕۆ له خوێندنه‌وه‌ی ته‌واو بووم.
له دووتوێی ئه‌م ڕۆمانه‌دا نهێنی قوڵی ئه‌و دوژمنداریه‌ی نێوان یۆنان و توركه‌كان تێده‌گه‌ین. تێده‌گه‌ین كه برینی گه‌وره‌ی یۆنانیه‌كان ئاوا به ئاسانی ساڕێژ نابێ، تێده‌گه‌ین كه توركه عوسمانیه‌كان چیان به‌و میلله‌تانه كر‌دووه، هه‌روه‌كو تێشده‌گه‌ین كه كێشه‌ی قوبرس زۆر له‌وه قورس تره كه له ئامرازه‌كانی ڕۆژنامه‌وانی گوێمان لێده‌بێ.
میگلس پاڵه‌وان، پاڵه‌وانی ئه‌و ڕۆمانه‌یه‌و پێش ده‌چێ كه ناوێكی وه‌همی نه‌بێ. ئه‌و پاڵه‌وانه تا دوا هه‌ناسه‌ی له دژی توركه‌كان ده‌جه‌نگێ و "دروشمی ئازادی یا مه‌رگ" به‌رز ده‌گاته‌وه. كریتیه‌كان له سه‌رده‌مێكدا ده‌جه‌نگان كه نه یۆنان ده‌یتوانی له‌و باره‌یه‌وه جموجۆڵێك بكات بۆ به‌رگریلێكرنیان، نه ئۆڕوپیه‌كانیش ده‌یانه‌ویست دڵی عوسمانیه‌كان له خۆیان زوێر بكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه ڕقبوونه‌وه له ئه‌وروپا زۆر به ئاشكرایی له ڕۆمانه‌كه دیاره، هیچ ئومێد و هیوایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وروپیه‌كان بینا ناكه‌ن.
سه‌ره‌نجام میگلس پاڵه‌وان مل نه‌ك هه‌ر بۆ بانگه‌وازی توركه‌كان كه‌چ ناكا، به‌ڵكو بۆ بانگه‌وازی یۆنانیش كه‌چ ناكا كه پێی ده‌ڵێن با جارێ شۆڕشه‌كه كۆتایی پێ بێنێ تا بارودۆخ به ئاڕاسته‌یه‌كی تردا وه‌رده‌گرێ.
لێره‌دا میگلس پاڵه‌وان بڕیاری ئازادی یا مه‌رگ ده‌دات و به ئاگاوه به‌ره‌و مه‌رگ ده‌چێ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رزێكی تری شۆڕشی كریتیه‌كان به مه‌رگی ئه‌و كۆتایی پێبێ.
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆمانه تام و چێژێكی زۆری هه‌یه، به تایبه‌تی بۆ ئێمه‌ی كورد. خوێندنه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌باته‌وه باوه‌شی چیاكانی كوردستان و "دروشمی كوردستان یان نه‌مان"ی دێنێته‌وه بیر. به‌ڵام گه‌وره‌ترین جیاوازی له نێوان جه‌نگاوه‌ری كریت و كوردستان یا ڕاست بڵێم له نێوان خه‌ڵكی كریت و كوردستان، ئه‌و ڕۆشنبینیه‌یه كه كریتیه‌كان هه‌یانه، ئاگادارن به به‌های ئازادی، خۆ به‌ڕێوه‌بردن. به ئاگاییه‌وه دروشمی به‌ربه‌ره‌كانێی داگیركه‌ر به‌رزده‌كه‌نه‌وه، تاكه یۆنانیه‌ك نابینرێ توركی خۆش بوێن، یا پشتی یونانیه‌ك بۆ توركێك له زه‌وی بدا، ئه‌وان به ئاشكرا دروشمی كریت هی كریتیه‌كانه به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌و شه‌ڕی مان و نه‌مانی توركه‌ هاتوه‌كان ده‌كه‌ن، كه توركه‌كانیش هه‌موویان هاتوو بوون. ئه‌وان به ئاگاییه‌وه ئه‌و ڕاستیه ده‌زانن كه كریت به‌شێك نیه له ده‌وڵه‌تی عوسمانی و دینیان ته‌واو جیاوازه و زه‌مینه‌سازیان بۆ دروست ده‌كات كه به چاره‌سه‌ری مامناوه‌جی ڕازی نه‌بن. هه‌ر بۆیه‌شه ماوه‌ی ئه‌وه نه‌بووه فریوی دینداری بخۆن، وه‌كو ئه‌وه‌ی كورده‌كان چه‌ندین جار فریوی برایه‌تی دینداریان خواردووه و به شكه‌ستی خه‌ڵكی كوردستان كۆتایی هاتووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئه‌مڕۆ واقیعی خاوه‌ندارێتی هه‌ر یه‌كێك له‌و ده‌وڵه‌تانه بۆ هه‌ر به‌شێك له خاكی كوردستان ڕه‌گوڕیشه‌ی خۆی داكوتاوه و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵكی كوردستان باس له ئازادی سه‌رتاسه‌ری ناكات، باس له وه‌ده‌رنانی ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر ناكات. له‌وانه‌یه پرسی تۆبۆگرافی یه‌كێك له فاكته‌ره گرنگه‌كانی ڕوخانی نه‌فسی خه‌ڵكی كوردستان بێ. كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌ر وێكچوونی دینی له‌گه‌ڵ گه‌لانی دراوسێ، ئه‌ركی سه‌ربه‌خۆخوازانی كوردستانیان قورستر و گرانتر كردووه. وێڕای ئه‌وه‌ش پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئینتیما لای كریتیه‌كان زۆر به‌‌هێزتره له پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئینتیمای خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵكو ده‌توانم بڵێم هه‌ر به‌راورد له نێوایاندا ناكرێ.

1 کۆمێنت:

At January 8, 2006 at 2:26 PM, Anonymous Anonymous said...

نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه له كوردوستان و له‌ئه‌وروپا ده‌ڵێن كێشه‌ی كورد كه‌وتۆنه ده‌می شێره‌وه مانای وایه هه‌‌روا به‌ئاسانی ده‌رنایه‌ت كه به‌تایبه‌تی كه‌وتوینه‌ته به‌ینی چوار وڵاتی ئیسلامی ده‌سه‌‌ڵات دار له ناوچه‌كه‌دا، كورد ئه‌مه‌نده‌م ئه‌م ڕسته‌یه‌ی بیستووه ئیتر پێی ڕاهاتووه و مێژویش بۆی سه‌لماندووه، له‌به‌ر ئه‌وه كه ‌ئه‌مڕۆ سه‌ربه‌ستیه‌كی نیوه چڵی ده‌ست كه‌وتوه وه‌كو ئه‌وه‌وایه كه هه‌موو كوردوستان ڕزگاری بوبێت وایه، له‌سه‌رێكی تریشه‌وه‌ من ده‌ڵێم : چی بكه‌م له‌گه‌ڵ كوردی سوریاو ئێران و توركیا، ئه‌وه هاتنه پاڵێشمانه‌وه چی ده‌گوڕێ؟

ـمن كه خه‌بات بكه‌م بۆڕزگار بوونی گه‌لێك ته‌نها مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه بگه‌ینه ئه‌و ئاسته‌ی ئیتر خه‌ڵك به دروشمی كوردوستان یان نه‌مان و ئیمپریالیزم و سه‌هیۆنی نه‌ژین و هه‌ڵ نه‌خڵه‌تێن به‌ڵكو بگه‌نه‌ ئه‌و ئاسته‌ی داوای مافی خۆیان بكه‌ن: دیموكراسی، مافی مرۆڤ، هتد، ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی كوردوستان ئه‌و هه‌له‌ی بۆ ڕه‌خساوه بقیڕێنێ به‌سه‌ر خێزابی بارزانی و پیاوه سیاسیه‌كانی كوردوستان كه پاره‌ی میله‌ت ده‌خه‌نه باخه‌ڵیان، ئیتر ئه‌مه خاڵی ده‌ست پێكردنی ژیانه، ئه‌گه‌ر داوای سێپ ارچه‌كه‌ی تری كوردوستان بكه‌ینه‌وه ئه‌وه‌ هه‌تا سه‌ده‌یه‌كی تر هه‌ر ده‌بێ ئه‌و ڕستانه دووباره بكه‌ینه‌وه و له ئه‌نجامدا هیچی تر. وابزانم سه‌رده‌می شه‌ڕی كرێت و عوسمانی به‌سه‌ر چوو. هه‌رچه‌نده باسسه‌كه‌ت له‌سه‌ر كرێت و عوسمانی خوش بوو.

 

Post a Comment

<< Home