ئه‌مڕۆ مام جه‌لال بوو به سه‌رۆكی عیراق.
لێی پیرۆز بێ. زۆر دڵی پێخۆش بوو. دڵی خه‌ڵكێكی زۆری كوردستانیش به‌م هه‌نگاوه خۆش بوو. هه‌میشه دڵم خۆش ده‌بێ كه خه‌ڵك به دڵخۆشی ببینم. خۆ ئه‌گه‌ر خۆشیه‌كه گشتی و سه‌رتاسه‌ری بێ ئه‌وه خۆشتر و گه‌وره‌تر ده‌بێ. ئه‌مڕۆ خۆشحاڵ بووم كه خه‌ڵكی خۆشحاڵن به‌ڵام نازانم ئه‌و خۆشحاڵیه بۆ؟؟ ده‌مه‌وێ وه‌كو ئه‌و هه‌زاران خه‌ڵكه بم كه له‌گه‌ڵ ڕووداو و گۆڕانكاریه‌كانی عیراق شاگه‌شكه ده‌بن، به‌ڵام من وانیم. چۆن ڕووداوێك له میسر یا له یه‌مه‌ن یا له ئه‌تیوبیا ڕوو ده‌دات و چه‌ند پێیه‌وه كاریگه‌ر ده‌بم به‌و ڕووداوانه‌ی وڵاتی عیراقیش هه‌ر ئه‌وه‌نده. خه‌تای خۆم نیه، هه‌ست ناكه‌م كه‌م و زۆر دوور و نزیك كه ئه‌و وڵاته وڵاتی منه. چه‌ند هه‌ستم كرد كه غازی عه‌جیل الیاور بووه سه‌رۆكی عیراق بۆ مام جه‌لالیش هه‌ر ئه‌وه‌نده، مه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بێ دڵخۆش بووم كه دڵی خۆشه، به‌ڵام پێم وانه‌بوو كه ئه‌وه به‌ری ڕه‌نجی شه‌هیدانه، یا به‌ری ڕه‌نجی ماندووبوونی خۆیه‌تی ئه‌مڕۆ ده‌یخوا. له‌وانه‌یه بۆ ئه‌و وابێ به‌ڵام بۆ من نا. كه سه‌رۆكی ئه‌رجه‌نتین (منعم كارلوس) چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێستا به ئه‌سڵ عه‌ره‌ب بوو له هه‌ڵبژاردن ده‌رچوو. عه‌ره‌به‌كان زۆر كه‌یفیان هاتبوو، هه‌موو جارێ باسیان ده‌كرد. منیش له‌و ڕووه‌وه به لامه‌وه شتێكی چاكه پیاوێكی كورد بوو به سه‌رۆكی وڵاتێكی عه‌ره‌بێ. ئه‌وه بۆ عه‌ره‌به‌كان شه‌هاده‌ته، كه دیموكراتخواز و سینگ فراوان و دادوه‌رن، ئه‌وه‌نیه ماوه‌ی خه‌ڵكی بێگانه‌ش ده‌ده‌ن ببن به سه‌رۆكیان.
سه‌یره، ئه‌وه كورده و ناتوانێ ناوماڵی خۆی ڕێكخاتهوه به‌ڵام زۆر به‌كار و لێهاتووه بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی ماڵی خه‌ڵكی، په‌رله‌مانی عیراقیان گه‌یانده لێواری ئه‌مان و سه‌رۆكێكیان بۆ دانا! هه‌روا سهرۆكێكیشیان بۆ عیراق دانا! هه‌روه سه‌رۆكی حكومه‌تیش له‌و ڕۆژانه داده‌نرێ، كه‌چی هێشتا په‌رله‌مانی كوردستان و دار‌و ده‌سته‌و حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌ر هاردی ناودڕین.
جا چی له‌وه زیاتر بڵێم؟ هه‌ر چه‌ند زیاتر باسی بكه‌م سۆزم بۆ ئه‌و وڵاته ناچێت، به وڵاتی خۆمی نازانم، پێم خۆشه وابم ناتوانم، چۆن یه‌كێك نه‌فسی خواردنێك نابا منیش نه‌فسم نایبا بڵێم (نعوذ بالله) عیراقیم. له ته‌مه‌نی نۆزده و بیست ساڵیم مام جه‌لالم خۆش دهوسیت، هه‌میشه خه‌ونم به‌و ڕۆژه‌وه ده‌دیت كه مام جه‌لال وه‌كو سه‌رۆكی كوردستان ببینم به‌ڵام قه‌ت ئه‌و ڕۆژه‌م به خه‌یاڵدا نه‌ده‌هات، نه‌شمده‌ویست به خه‌یاڵمدا بێ كه ببێ به‌سه‌رۆكی ئه‌رجه‌نتین، مه‌به‌ستم عراق بمبورن، ئه‌مڕۆش ئه‌نجامه‌كانم به پێچه‌وانه بینینه‌وه. ئاخیری خێر بێ، نۆبه‌ره‌ی ده‌ڵێن نێر بێ. ئه‌ی خۆ مێش حه‌رامزاده نین، به‌ڵام ئه‌وه‌نیه مێ بوو سه‌ر به هه‌وێ چوو، ئێستا ده‌مێ دیشداشه‌و عهگالهكهی كاك یاوه‌ر ده‌شوات. خۆ ئه‌گه‌ر مێیهكانمان ببن به سه‌رۆك هه‌ر باشتره له‌وه‌ی مێردیان پێ بكه‌ن، نه‌وه‌ك ببێ به وه‌زیر و ته‌ماع له سه‌رۆكه‌كه‌یان بكات. بڕوا ناكه‌م مامه‌ش تۆڵه بكاته‌وه له‌به‌ر مامۆژنه هێرۆ بڕواناكه‌م بوێرێ ئه‌و هه‌نگاوه باوێژێ.
پیرۆزباییت لێ ده‌كه‌م مامه به‌ڵام نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی وڵاتی منی به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ كوردیت و دڵت پێی خۆشه و پیرۆزت بێ.
0 کۆمێنت:
Post a Comment
<< Home