رۆندک: بێمانابوون

Friday, February 18, 2005

بێمانابوون

ڕووداوه‌كانی دونیا هێنده زۆر و خێران مرۆڤ له ئاستیانا دۆش داماو ده‌بێ. له‌سه‌ر كامه‌یان بنوسم، كامه‌یان شیته‌ڵ بكه‌مه‌وه؟ كێ سوودی لێ ده‌بینێ؟ تا ماوه‌یه‌ك كه بیر له ڕووداوێك ده‌كه‌مه‌وه، به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی پێشه‌كی و هۆكاره‌كان و ئه‌رگومێنت و پوخته‌ی ڕووداوه‌كه بخه‌مه ڕوو، تا ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ به ئاكام ده‌گات، لایێكی تری نه‌سته‌كانم ده‌مخاته ژێر كاریگه‌‌ریه‌كانی خۆی و پێم ده‌ڵێ: "مه‌ینوسه، هه‌مووی هه‌ر ده‌چێته زبڵخانه‌ی مێژوو، خۆ ماندووكردنت بێ هوده‌یه. تۆ بنوسی یان نا كاروانی ڕووداوه‌كان به ڕێوه‌یه، ڕووداوه‌كان زۆر له‌وه گه‌وره‌ترن به نوسینێك یا به ده‌یان نوسین لغاو بكرێن".
زۆر جاران نیو لاپه‌ڕه، یا لاپه‌ڕه‌یه‌ك، هه‌ندێ جار به‌ره‌و ته‌واو بوونی بابه‌تێك چووم و له پڕ نه‌سته‌كانم گاڵته‌یان به خۆ سه‌خڵه‌تكردن و خۆماندووكردنم كردووه و بابه‌ته‌كه‌م به شێوه‌یه‌كی كت و پڕ ڕه‌شكردۆته‌وه. له‌و ساتانه‌دا هه‌ست به بێ مانای ڕووداوه‌كان ده‌كه‌م. هه‌ست به ڕه‌زاقورسی كات و شوێن و ئه‌و بوونه‌ش ده‌كه‌م كه بێ مانایه، هه‌ست به بێمانایی كردنی بوون قورسترین و ناخۆشترین ساته‌وه‌ختی مرۆڤه، له‌وه‌ش ناخۆش تر بێ مانایی خودی بێمانا بوونه، سه‌یره كه بێ مانابوونیش مانایێكی نیه، سه‌یره كه له بێ مانابووندا وه‌خته نقوم بین، وه‌خته بڵێم له سه‌رده‌می پۆســتبێماناییدا ده‌ژیێـــیــــن. ئه‌ی ئه‌وه‌ش له خۆیدا بێمانایی نیه؟؟؟

1 کۆمێنت:

At February 19, 2005 at 6:05 AM, Anonymous Anonymous said...

به‌لای منه‌وه ئه‌گه‌ر مرۆ نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی ڕوژێك شته‌كان به‌بێمانا ببینێ هه‌رگیز ناتوانێت مانا بدات به‌ژیان، كه‌واته بێمانایی بیركردنه‌وه‌یه‌كی قوڵ و پیرۆزه و ئه‌وه‌نده بێ مانا نیه.

كه‌وه‌ختێك نوسه‌رێك ده‌یه‌وێت نوسراوێك بنوسێت ئه‌گه‌ر له سه‌ر بێمانایش بێت، به‌ بڕوای من ده‌بێت بیر له‌وه‌ نه‌كاته‌وه كه‌ئه‌مه بۆ خه‌ڵك ( خوێنده‌ر) ده‌نوسێت به‌ هیوای ئه‌وه‌ی كه‌ڵكی لێ وه‌ر بگرێت، هه‌رچه‌نده ئامانجه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه به‌ڵام نابێت به‌و هیوایه‌وه‌ بنوسرێت.
ئه‌ده‌ب، مێژوو، فه‌لسه‌فه، هونه‌ر به‌ هه‌موو جورێكیه‌وه میوه‌ و به‌رهه‌می بێ مانایی یه، هاوارێكه له بێ مانایی، به‌ڵام ته‌نها خواستی دڵێكه كه پڕ بووه وه‌كو ده‌ریایه‌ك و لێی ده‌ڕژێ، ژا ئیتر كه ڕۆ ده‌كاته ڕوبارێكه‌وه به‌و مه‌به‌سته پڕ نه‌بووه.

 

Post a Comment

<< Home