رۆندک: تۆبه‌ی خوا له‌وێبێت، تا بێت

Monday, April 25, 2011

تۆبه‌ی خوا له‌وێبێت، تا بێت

تۆبه‌ی خوا له‌وێبێت، تا بێت!!

لە دوا خەڵوەتیدا، بینیم، بەرەو ڕووگەی ئەو دیو سنوورە پڕ لە تڕاویلکەکاندا

چۆن ڕۆحی من بەدوای ئەودا لەگەڕان و گۆڕاندا بوو

ئەویش ئاوا، چاوەکانی سەرچاوەی جۆگایەك خوێن و نزاکانی بەسەر گۆنا سوور و بۆرەکانی ئاسمان دا دەبارین

ڕوومتێکرد و گوتم؛ نایەت

ئاخر خودا هه‌رگیز نایه‌ت

چونکه‌ ئه‌و له‌وێنده‌ر نیه‌

نه‌ دوێنێش هاتووه‌ بۆ ئێره‌ و نه‌ سبه‌ش دێت

سه‌یره‌ هێشتا نه‌تزانیوه‌

خودا له‌ناو رۆحی پیرۆزی خۆت دایه‌

خودا پڕشنگی ئەبەدی ناو سینەتە و

لەدەلاقە بەرزەکانی ناو دڵتەوە ئاوڕدەوە، تەماشای قوڵایەکانی ناو هەناسە سووارە شەکەتبووەکانت کە

ئەو ئێرەیە و ئەو لێرەیە

قه‌ڵه‌مێکی نوك باریکه‌ و

کاغه‌زێکی سه‌وزی ته‌نك و په‌نجه‌یه‌کی ناسکی خۆره‌

تۆ له‌وه‌هم دای ئه‌ی شاعیر

چونکه سه‌دان ساڵه‌‌ خودا وازی له‌ وێڵبوون هێناوه‌

گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ناو سینه‌ و شاده‌ماره‌کانی رۆحت

ئه‌و قه‌ت نایه‌ت

چونکه‌ هه‌رده‌م لێره‌ بووه‌،

سه‌دان ساڵه‌ نه‌ بوخچه‌ی به‌کۆڵ داداوه‌ و

نه‌ سواری ئه‌سپە وێرغەکە‌ی دابه‌ستراوی قه‌ده‌ر بووه‌

ئیدی خودا خۆی نوێژ بۆ روحه‌ سپیه‌کان، قه‌ڵا ده‌کات.

له‌میحرابی دڵی ونبووی سیمبۆڵه‌کان

لێره‌ و ئێستا، به‌ره‌و ئێره‌ و ئێستای حه‌زه‌کان دێته‌وه‌.

ئیدی له‌و چاوه‌ڕوانیه‌دا پشوێك بده‌ و

چیدی له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆتدا به‌دوای وه‌همه‌کان وێڵ مه‌به‌

له‌ناو بازنه‌ی ڕووناکیه‌کانی دڵی خۆت

له‌حوزوری حه‌قیقه‌ته‌کانی ئێره‌

نیشانه‌یه‌کی خوایه‌تی

به‌دیواری ڕوحه‌که‌تا هه‌ڵبواسه‌

باڵای شیعره‌ خواییه‌کانت

به‌ په‌یامه‌ نه‌مره‌کانی مرۆڤبوونت

بهۆنه‌وه‌ و

ته‌سلیمبوونی وه‌همه‌کانیش

بۆ ئه‌و خوایه‌ بگێڕه‌وه‌ که‌ دوێنێ نوێژت بۆ ده‌کرد

پێی بڵی،

وه‌ی له‌و وه‌همه‌ی که‌ هه‌رگیز نایه‌ت

وه‌ی له‌و ڕووگه‌ی که‌ له‌وێلبوونێکی کاتی و له‌نوێژێکی پڕ له‌ غه‌فڵه‌ت به‌زه‌یی پێم ده‌هاته‌وه‌

تێبگه‌ له‌وه‌ی که‌ من و ئه‌و، تۆ و ئه‌و ئاسا هه‌ر یه‌ك بوونن

تۆ و ئه‌و ڕۆحی یه‌ك جه‌سته‌نه‌ و

له‌ حه‌قیقه‌تی ئه‌به‌دی ئێستا و ئیره‌

شنه‌بایه‌کی ئارامی بۆ په‌یوه‌ندیه‌ توڕه‌کانی نێوانمانا دێنینه‌وه‌

ئیتر ده‌ست له‌وه‌همه‌کانی ئه‌وێ هه‌ڵگره‌ و

له‌حوزوری ئه‌و ئه‌شقه‌ی له‌ناو دڵتایه‌

خۆت و ئه‌ویش بدۆزه‌وه‌

خۆت و ئه‌ویش له‌یه‌ك ڕسته‌ی شیعری 'انا الحق''ی حه‌لاج

به‌ره‌و میحرابی ئه‌به‌دی ئاشتبوونه‌وه‌، بژیێنه‌وه‌

0 کۆمێنت:

Post a Comment

<< Home