ئایا خه‌ڵك ئه‌حمه‌قی کولتورین؟
ئایا خه‌ڵك ئه‌حمه‌قی کولتورین؟
ئیبراهیم مه‌لازاده
هاوڕێم د.عادل باخه‌وان ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر لهبابهتێکیدا چه‌مکی ئه‌حمه‌قی کولتوری وه‌کو میتۆدێك بۆ ئه‌کته‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی له پرۆسه‌ی گۆڕانکاریه‌کانی کۆمه‌ڵگادا به‌کار هێنابوو. له‌دووتوێی ئه‌و ڕووداوانه‌ی ئێستای هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و دوو جه‌مسه‌ریه‌ی که له‌نێوان ده‌سته‌ڵات و خه‌ڵکدا دروست بووه، به‌گرنگم زانی هه‌مان ئه‌و چه‌مکه بخه‌مه‌وه ناو فه‌رهه‌نگی سیاسی ئه‌مڕۆمان.
ئه‌و کولتوره سیاسیه‌ی که ئه‌مڕۆ له هه‌موو ناوه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه، به‌تایبه‌تیش ناوه‌نده حیزبی و سیاسیه‌کانه‌وه زاڵه و باوه، ئه‌و روحهیه که خۆی به‌و باوك و ڕابه‌ر و وه‌صی و سه‌رپه‌رشتیاره ده‌زانێت که هه‌موو شتێك ده‌زانێت و وه‌کو پێغه‌مبه‌ر وایه بۆ خه‌ڵك، له به‌رامبه‌ریشدا خه‌ڵك نه‌زان و نه‌فام و ئه‌و ئه‌حمه‌قی کولتورییهن که به‌رده‌وام ده‌توانرێت فێلیان لێ بکرێت و پێویستیشیان به هه‌میشه ڕێنوێنی کردن و چاوساغ هه‌یه. ئه‌و تێگه‌یشتنه له زۆربه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی که هاوشێوه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردین ئاماده‌یه و پێیه‌وه ده‌ناڵێنن.
ئایا ئه‌کته‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڕاستی ئه‌حمه‌قی کولتوریه؟ خه‌ڵك گێل و نه‌زان و نه‌فامن بۆ ئه‌وه‌ی تا هه‌تایه چاو له هه‌ڵه‌کان و که‌موکوڕیه‌کانی باوكی سه‌رکرده و سه‌رکرده‌ی حیزب و پێشه‌وا روحیه‌کان بپۆشێت؟ تاکه‌ی حیزبه‌کان و سه‌رکرده و کادیره‌کانیان واده‌زانن خه‌ڵك بێجگه له ئه‌حمه‌قێکی کولتووری شتێکی دیکه نیه؟
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه، ئه‌کته‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ته‌واوی وشیاره به به‌رژه‌وه‌ندی و خواسته‌کانی، وشیاره به‌و هه‌ڵه و که‌موکوڕیانه‌ی که له پانتایی حیزبه‌کان و ده‌سته‌ڵاتدا ڕووده‌ده‌ن و ڕۆژانه دووباره ده‌بنه‌وه. ئه‌و کۆنگره حیزبیانه‌ی که له 2010 دا ئه‌نجامدران، بێجگه له ماراسۆنێکی ناههشانهی پێشوه‌خت سیناریۆ بۆ داڕێژراو شتێکی دی نه‌بوو. ئه‌و به‌ڵێن و گفتانه‌ی که ساڵانێکه ئه‌و دوو حیزبه‌ی ده‌سته‌ڵات بۆ خه‌ڵکی دووباره ده‌که‌نه‌وه و دان به ههڵاکانیاندا ده‌نێن و داوای بووردن ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌دوای ئه‌و ڕسته بریقه‌دارانه هیچ گۆڕانێك له‌سه‌ر زه‌وی ڕووی نه‌داوه. ئه‌وان به‌رده‌وام له‌و خه‌یاڵه‌دا بوون که خه‌ڵك بۆخۆی قسان ده‌کات، به‌ڵام دوایی چونکه ئه‌حمه‌قن، به ئاسانی له‌بیریان ده‌چێته‌وه. ئه‌مه تێگه‌یشتنێکی سه‌قه‌ت و فێڵ له‌خۆکردنه. که‌ڵه‌که‌بوونی هه‌ڵه و که‌موکوڕیه‌کان با بچوکیش بن به‌یه‌که‌وه و بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ گه‌وره ده‌بن و ئه‌ستوور ده‌بن، ئاشکراشه که زوڵم کردن له ئه‌ستووریدا ده‌پسێت.
ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی که ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر جاده دهيانبینین، هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ن که دوێنێ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته‌وه به ئه‌حمه‌قی کولتوری ده‌ناسران و گوێ به ڕه‌خنه و داواکاریه‌کانیان نه‌ده‌درا. ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌کردن و چاوسوورکردنه‌وه و ڕێگرتن و ده‌ستگیرکردن و زیندانیکردنیش که هێشتا پێڕه‌وی لێده‌کرێت به‌شێکه له‌و تێگه‌یشتنه چه‌وته‌ی که ده‌سته‌ڵات په‌نای بۆ ده‌بات. له‌وانه‌یه ئه‌مڕۆ به‌و جۆره ڕه‌فتارانه ده‌نگی خه‌ڵك کپ بکرێت و دوای بخات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ پرسه ههڵپهساردراوهکان نه‌کرێت، ئه‌و ڕقه گه‌وره‌تر و ئه‌ستوورتر ده‌بێت و هه‌رگیز کۆتایی پێ نایه‌ت.
ئیدی دروشمه قه‌به‌کان وخۆ به پێغهمبهرزان و سه‌روه‌ری مێژوویی، ئه‌و ڕابردووهن که سه‌رکرده سیاسیه‌کان له‌هه‌رشوێنێك بن ده‌یکه‌ن به‌و قه‌ڵا گه‌رم و نه‌رمه‌ی وا ده‌زانن هیچ باوبۆرانێك نایگرێته‌وه، ئه‌مه ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یه که واده‌زانن خه‌ڵک نوستووه و له‌به‌رخاتری ئه‌و ڕابردووه، له‌و زوڵم و ناعه‌داله‌تیه‌ی که هه‌رچه‌ند که‌میش بێت خه‌ڵك چاوپۆشی لێ ده‌کات. له‌مێژووی ئیسلامیشدا عوسمانی کوڕی عه‌ففان که خه‌لیفه و هاوه‌ڵ و زاوای پێغه‌مبه‌ره، به‌ڵام که ده‌سته‌ڵات وه‌رده‌گرێت و به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری و خزمخزمانێ، به‌شمشێری نه‌وه‌ی دووه‌می هاوخه‌بات و هاوشاریه‌کانی خۆی سه‌ری له ملی ده‌کرێته‌وه و خوێنی ده‌ڕژێنرێته سه‌ر قورئان. نه‌گوێ به پیرۆزیه‌کان و نه‌به ڕابردووهکهشی ده‌درێت.
کاتی ئه‌وه هاتووه که سه‌رکرده کورده‌کان ڕێز هه‌م له خه‌ڵکه‌که‌یان و تێگه‌یشتنه‌کانیان بگرن و هه‌میش له‌و مێژووه‌ی که‌خۆیان پێیه‌وه ده‌نازن. کاتی ئه‌وه هاتووه که ده‌رسی زۆر گه‌وره له توڕدان و بێنرخکردنی ئه‌و سه‌رکرده عه‌ره‌بانه‌ی میسر و تونس و لیبیا وه‌رگرن که به‌شداربوون له شۆڕشه‌کانی ئازادی وڵاته‌که‌یان و خه‌باتگێڕیان، به‌ڵام ئه‌و خۆچیرکردنهوهیان به‌کورسی و ته‌خشان و په‌خشانکردنی سامانه‌کانی وڵات له‌پێناو هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندی عه‌شیره‌تی و خێزانی و سه‌رکوتکردنی خه‌ڵك، چیدی قابیلی چاوپۆشین و قبوڵکردن نیه.
کاتی ئه‌وه هاتووه بزانن که خه‌ڵك ئه‌حمه‌قی کولتوری نیه و ئه‌و گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تیه‌ی ڕووش ده‌دات چیدی قابیلی لێخۆشبوو‌ن و تۆلێرانت نیه. بۆیه کاتی ئه‌وه‌ش هاتووه که پڕۆسه‌یه‌کی دیموکراسی ڕاسته‌قینه ده‌ست پێبکه‌ن، حیزب له‌داموده‌زگا و ژیانی خه‌ڵك دوور بخه‌نه‌وه، گه‌نده‌ڵی و خزمخزمانێ و ته‌زکیه‌ی حیزبی بنبڕ بکه‌ن، هه‌رچی غه‌شکردن و ته‌زویر و درۆکردنه به‌تاوان بزانرێت و دووباره‌ی نه‌که‌نه‌وه. کاتی ئه‌وه هاتووه به‌دوو ڕووی سپی گۆڕانکاری به‌سه‌رخۆیاندا بێنن و له‌وه‌تێبگه‌ن که هه‌موو خه‌ڵکی دونیا ته‌ماشای عه‌یب و عاره‌کانیان ده‌کات و ئه‌و ده‌مانه‌ی که خه‌ڵك ده‌ڵێ به‌سه بوه‌ستن، ئیدی داروبهردهکانیش ڕێزیان بۆ دانانێن و هه‌موو خه‌بات و ماندووبونیشیان جارانی سفر ده‌کرێت. کاره باشه‌کانیان ده‌چنه چوارچێوه‌ی ئه‌و په‌نده‌ی که ده‌ڵێت "چاکه‌یه‌ك ده‌که‌ن و لهتهنیشتیشیدا ههڵدهپزێن".
0 کۆمێنت:
Post a Comment
<< Home