سهبارهت به دوا پێشهاتهکانی ئهمڕۆی ههرێمی کوردستان
هەر لەسەرەتاوە ئەو تێبینانەم دەربارەی ئۆپۆزسیۆن خستنەڕوو و دەبوایە لەدوو شت وریابن
یەکەمیان: هەندێك لە داواکاریەکانیان چوارچێوەی یاساییان هەن و پێویستە هەر لەچواچێوەی یاساشدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بەسەریاندا پاز نەدەن. ئاخر ئەگەر ئەوان لەبەر بێ قانونی بناڵن چۆن بەشێوەیەکی ناقانونیانە ڕەفتار دەکەن؟ ئەو قسەیەی ڕێبین هەردیم زۆر بەلاوە گرنگ بوو کە گوتی (من لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژیدانیم، چونکە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش بە توندوتیژی دەستەڵات وەربگرێت، ئەوا من دەچمە جێگای ئەو جەللادەی کە لەمنی دەدا) بۆیە ڕووە قانونیەکەشی هەر وایە، هەر کێ ناقانونی بکات دەبێت پێی بگوترێت و ڕەخنەی لێ بگیرێت. دەی چەند پرۆتۆکۆلێك هەن بۆ هەڵوەشانەوە، کە ئەوان لەو قۆناغەدا ناتوانن بەسەریدا زاڵ بن چونکە زۆرینە نین لە پەرلەمان. ئەمە نابێت ببێتە بیانۆ بۆ ئەوەی پەلە بکەن و بیانەوێت بە ڕێگای دی دامودەزگاکان بگۆڕن
دووەمیش: پەلە نەکەن، چونکە ئۆپۆزسیۆن هێندە لەمێژ نیە هاتۆتە ناو کێڵگەی سیاسی و دەستی بە ململانێ کردووە، ئەم بارودۆخەی کە هاتبووە پێشەوە گرنگ بوو بەخێوبکرێت و پەروەردە بکرێت، نەك هەوڵ بدەن لە بەرژەوەندی هەنووکەیی خۆیان بیقۆزنەوە و ئەو فشارە دروست بکەن کە دەستەڵات بەو جۆرە ئیستیفزاز بکات. دەستەڵات دەتوانێت هەر بە بنەما قانونیەکان ئۆپۆزسیۆن بگرێت، بەڵام ناتوانێت ئەو کارە لەگەڵ ئاپۆرەی خەڵك بکات، ناتوانێت تا سەر خەڵك بگرێت و بکوژێت، چونکە ئیدی دەستەڵاتی ڕەها نەباوی ماوە و نە لەدەرەوەش لێی قبوڵ دەکرێت. ئەوان جەماوەریان بەردەوام دەبوو لە خۆپیشاندانەکان، بەلام وەکو پێکهاتەکەی سیاسی دەبوایە لەگەمە قانونیەکان نەیەنە دەرەوە
لەو خاڵانەش گرنگتر کولتوری ململانێی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەستەڵات ئەوەنیە کە دەستەڵات خائین و خۆفرۆشن و ئۆپۆزسیۆنیش لە ئاسمانەوە هاتوون، ئەی ئەگەر ئەوانیش دەستەڵاتیان وەرگرت و هەڵەیان کرد ڕازی دەبن پییان بگوترێت خائین؟ هەڵبەت نەخێر، خۆ گەیشتنیش بەدەستەڵات ئامانجی ئەوانە و عەیبیش نیە، بەڵام دەبێت ململانێکە لەچوارچێوەی خۆی دەرنەهێنرێت، نەدەبوا ئەو کولتورە بخەنە ناو خەڵك. دەستەڵات ڕاستە لە قەیرانێك دایە کە وڵاتیش و هەموو سیستمی سیاسی بەرەو قەیران بردووە، بەڵام مانای ئەوەنیە ئەوان خائین بن. لەوانەیە گەندەڵ بن، لەوانەیە هەیان بێت تاوانیان کردبێت، بەڵام دبوایە لەو کولتورەی یەکدی به خائین زانینە دەربچن چ دەستەڵات و چ ئۆپۆزسیۆنیش، ئاخر ئەگەر وانەبوایە لەوانەبوو بە سەدان و هەزاران ناڕازیبووی ناو هەر دوو حیزبی دەستەڵاتیش دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگە ناڕازیبووەکانی خەڵك. دەرکردنی کەسێكی وەکو فەرهاد پیرباڵ و هیدیکەش لە بەردەرکی سەرا هەڵەیەك بوو کردیان، لەجیاتی ئەوە دەیانتوانی ئەو توانایە بەئاراستەیەکی دیدا بەکاربێنن. بۆ بەدانایی نەجوڵانەوە ئەو وەڵامه لای ئەوانە. خراپکردن و تێکدان ئاسانە و هەموو کەسێك دەتوناێت بیکات بەلام بیناکردن هەموو کەسێك ناتوناێت بیکات، ئەگەر بشیانەوێ
لەلایەکی دیکەوە کە ڕەنگ و دەنگی ئۆپۆزسیۆن زاڵ بوو بەسەر ڕەنگە جیاوازەکانی خەڵکی خۆپیشاندەر، دەستەڵات ئەمەی لەخوا دەویست. لەئاسمان بەدوایدا دەگەڕا و لەسەر زەوی دەستی کەوت، ئەمە هەڵەیەکی کوشندەی ئۆپۆزسیۆن بوو و نەدەبوایە بەو جۆرە ڕەفتار بکەن و بکەونە سەنگەر، ئەوان لە پێگەو جێگەی خۆیان دەیانتوانی دایەلۆگ بکەن و داواکاریە سیاسیەکان بگێڕنەوە چوارچێوە قانونیەکان و فشاری سیاسی نەك ڕاگەیاندن بخەنە سەر دەستەلات بۆ گوێگرتن لە داواکاریەکانی خەڵك و جێبەجێکردنی، بە سەرکەوتنی خەڵک ئەوانیش سودمەند دەبوون، بەڵام واپێدەچێت نەتوانن واقێعەکە وەکو پیویست بخوێننەوە. یا لەوە بترسن ئەگەر دەستەڵات سەرکەوتوو بێت لە جێبەجێکردنەکانی داواکاریەکانی خەڵك ئەوا سەروەریەکە بۆ دەستەڵات دەبوو، کە واش نەدەبوو، چونکە بەشێك لە داواکاریەکانی خەڵك هەنووکەیی نین و دەرەنجامی ئەو سیستمە سیاسیەن کە پێویستی بە چاکسازییە، ئینجا ئەگەر دەستەڵات توانی ئەم چاکسازیە بکات، ئەوا بەر لەهەموان ئۆپۆزسیۆن لێی سوودمەند دەبوون، ئەگەر نەشیتوانیبایە، ئەوا دەستەڵات نەیدەتوانی بەر لە ئاپۆرەی ناڕەزایی خەڵك بگرێت و ڕووبەرەکەشی فراوان دەبوو تا هەموو شوێنەکانی دیکەی دەگرتەوە
ئۆپۆزسیۆن لەلایەك نەدەبوا ئەوەی لەبیر بچێت کە جارێ ئەزموونی ململانێی سیاسی لەکوردستان نوێیە، تەنانەت دەستەڵاتیش لە کولتوری ئۆپۆزسیۆنێکی کارادا ئەزموونی نیە و بەترس و بیمەوە مامەڵە دەکات
هەروەها؛ قورسایی ئەوان تەنها لە چەند ناوچەیەکە و ئەوان نەیانتوانیوە لە هەموو ناوچەکاندا گەشە بەخۆیان بدەن
ئەمە وێڕای ئەوەی جەماوەرێکی زۆر، بەتایبەتیش لە هەولێر متمانەیەکی ئەوتۆیان بە سەرانی ئۆپۆزسیۆن نیە، لەبەر هەر هۆیەك بێت، دەبوایە هەر زوو هەوڵ بدرابایە ئەو نیگەرانیانە بڕەوێننەوە کە هەیانن، یاخود ئەو قسانەی کە لە ڕابردوو کراون سەبارەت بە هەولێر لەهەر کەسێکەوە بێت ڕوونکردنەوەی بۆ بکەن و داوای بووردن بکەن. ئەمەش دەبووە ئاشبوونەوە لەگەڵ خەڵکی هەولێر، ئەو کەسانە بەمە گەورەتر دەبوون و خۆیان لەو لۆکالیخزاندنە ڕزگار دەکرد. بێجگە لەوەش هەر لەسەرەتاوە لەلایەن هەندێك کەسی نامەسئولەوە جۆرێك لە زمانی زبر و بێڕێزی بەکارهێنرا لەبەرامبەر ئەوەی کە هەولێر هەڵناستێت، ئەمەش هەر لەسەرەتاوە بووە هۆی دروستکردنی جۆرێك لە ترس لەو جۆرە زمانە زبرە و کاردانەوەی پێچەوانە
لبێجگە لەوەش؛ سروشتی جەماوەری دهۆك بە پلە یەك و هەولێریش تا ئاستێك زۆر حەز بە ڕووبەرووبوونەوەی زبر ناکەن، حەزیان لەئاڵۆزی نیە، بەڵام لەناخی هەولێریەکانیش و دهۆکیەکانیشدا ناڕازیبوونێکی زۆر هەیە و ئەوان زۆر بەپەرۆشن بۆ جۆرێك لە گۆران لە بارودۆخەکە، بێگومان ئەو هۆکارانەی سەرەوە بەشێك بوون لەوەی کە بترسن لە جوڵان و لەئایندەی نادیار و لە ماهیەتی ئۆپۆزسیۆن
ئەوەی کە لێرەدا زۆر گرنگە، دەبێت پارتی لەوە تێبگات کە خەڵك لەبەر ڕازیبوونی نیە بە پارتی و بەو شێوە دەستەڵاتەی ئەمڕۆی هەرێم کە لەهەولێر و دهۆك نەجوڵاوە، بەڵکو لەبەر ترسیانە لە بوونی ئەلتەرناتیڤێك کە ڕەفتار و ئاکامەکانی بیانخاتە قەیرانی قوڵتر و توندترەوە، وێڕای ترسیان لهو باره ناجێگیرهی ههرێم، ئەو هەڵس و کەوتەیان دواخست، ئەمەش چانسێکە بە پلە یەك بۆ پارتی و پاشان بۆ یەکێتیش کە بەجیددی بونیادی سیاسی هەرێمی کوردستان بگۆڕن و وڵات بەرەو بەدەزگایی کردن ببەن و ئیدی حیزب لە دامودەزگاکانی حکومەت دوور بخەنەوە و گەندەڵی و بنەماڵەیی لە واجیهەی ههرێم بنهبڕ بکهن و ئازادیهکان مافی خهڵكن و لهژێر هیچ بارودۆخ و بڕوبیانۆیهکدا پێشێل و سنوورداریان نهکهن، سلوکی خۆیان نهگۆڕن ئهمرۆ نا سبهی ڕووبهڕووی ڕقێکی کوشندهتر و لهبن نههاتوو دهبنهوه و شهپۆڵهکهی کهس نازانێت کێ لهبن دێنێت. ئهمهش حهتمیهتی مێژووه و دهستهڵات به ئاسودهیی بۆ کهس نابێت
0 کۆمێنت:
Post a Comment
<< Home