رۆندک: March 2014

Monday, March 31, 2014

ڕوانینێك بۆ ڕۆژی دایك


 بەیانی ناتوانم لە ڕۆژی دایك لە تەك دایکم دابنیشم و پیرۆزبایی لێ بکەن، بەهۆی ئەرکی بەجێهێنانی باوکایەتی. چ جیهانێکی دژ بەیەك و پڕ لە کۆنترادیکشنە، جیهانێك هەموو سادەییەکانی ژیان و گوزەرانی مرۆڤی لەناوبردوون. جیهانێك لە دەرەوەیدا چەندە ئاڵۆز دەردەکەوێت هێندەش لەناوخۆیدا دژ بەیەك و فرە جەمسەرە. نیچە دەڵێ "بێجگە لەوەی کە دەمەوێت بەرچاوڕون بم لەو سیستمە ئاڵۆزە بالایەی ئەنتاگۆنیزم (بە مانای دژ بە یەکەکان)، کە جیهانی مۆدێرنەی فۆرمولە کردووە، شتێکی دیکەم ناوێت". ئایا ئەوە ئیرادەی ئێمەی مرۆڤە کە بەلایەکدا دەکەوین و لایەكەی دی پشت گوێ دەخەین، یا ئەو جەبرە کۆمەلایەتی و ئابووری و ملاملانێ توندەی ژیانی نێوان پێکهاتەکانە؟ چۆن بتوانین ئەو بەرچاوڕوونیەی نیچە بە دەست بێنین؟

ئایا ئەوە ڕاستە کە دایك بەشێکە لە مێژوو و نەوەکان بەشێكن لە ئایندە، بۆیە مرۆڤەکان هەمیشە ڕوویان لە ئایندەیە و ئەوەی کە پابەندیان دەکاتەوە بە ڕابردوو تەنها سۆز و خۆشەویستیەکی سنووردارە، یا بەمانایەکی دی پەیوەستبوونێکی ئەخلاقیە و هیچی دی نا؟ ئایا هیچ دژبەیەك بوونێکی بەمانا نیچەییەکەی  لەو دوو جەمسەریەدا هەیە؟ بەڵام بەدەر لەو ئەخلاق و خۆشەویستی و سۆزەیش، ئیرادەیەك لەناو خودی مرۆڤەکاندا هەیە کە پابەندیان دەکاتەوە بە منداڵ وەکو بەشێك لە موڵکایەتی یا لە بوون، کە بەرپرسیارێتیان هەلدەگرێت. مرۆڤەکان هەموو هەولەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی سامانێکی زۆر پێکەوە بنێن بۆ ئەوەی بتوانن حەزە تایبەتیەکانیان لەگەڵ حەزە تایبەتیەکانی مندالەکانیان تێر بکەن. مرۆڤەکان دەڕۆن کۆچ دەکەن، تاکە شتێك کە لەبیریانە یا هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیانە، منداڵەکانن، تەنها منداڵەکان. بیر و هزریان، یا هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیان بۆ دایك و باوك ناچێت. زۆر کەمن ئەوانەی دایك و باوکیش وەکو ئەرکێك لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن و کۆچ دەکەن، هەروەکو ئەوانەش زۆر کەمن کە هاوسەر و منداڵەکانیان لەکاتی کۆچ کردندا بەجێ دێڵن یا لەبیریان دەکەن.لەوەش وێوە تر، زۆربوون ئەوانەی کە دایکیان بەتەنها و بە تەمای برایەك یا خوشکێك بەجێهێشت و بۆی دەرچوون!

لەوانەیە یەکێك لەو وەلامە ئەقلانیانە ئەوە بێت کە مرۆڤ بەرپرسیار نیە لەوەی کە هاتۆتە دونیا، بەو مانایەی ژنێك و پیاوێك یا دایكێك و باوکێك منداڵ دروست دەکەن بێ ئەوەی ئیرادەی ئەو منداڵەی لەسەر بێت، بۆیە منداڵەکە بەبێ ئیرادەی خۆی هاتۆتە دونیا و بەهیچ شتێکەوە لەبەرامبەر دایك و باوکدا پابەند نیە، بەڵام دایك و باوك بەرپرسیارن لە هەموو دەرهاوێشتەکان و لەوانەیە تەنانەت لەو ئاکارەش کە دوایی منداڵەکان هەڵی دەگرن، بەڵام لەهەمان کاتدا و بە پێچەوانەی ئەو بەرپرسیارێتیەش مرۆڤەکان بە ئیرادە و ئەقڵی خۆیان خێزان دروست دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵیشیدا وەکو پرۆسەیەکی کۆمەلایەتی درێژخایەن منداڵیش دروست بکەن و ژیانێکی تازە پێکەوە بنێن. لێرەدا نوێبوونەوە لەیەکەکانی کۆمەڵگادا دروست دەبێت، نوێ بوونەوەیەك لەسەر هەموو ئاستەکانەوە، ئاستی ئابووری، پەروەردەی و زانستی، کۆمەڵایەتی و سیاسی و تادوایی!. ئەگەر ئەو نوێبوونەوەیە نەبێت درێژبوونەوە، بەردەوام بوون و پێشکەوتن (evolution) نابێت. دایك و باوك لەو نێـوەندەدا دەبن بە بەشێك لە بازنەی  کۆن بوون، یا پیر بوون، بەو مانایەی کە توانای داهێنان و درێژەدان بە پرسە هەمەجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵگا دەکەوێتە دۆخێکی مەترسیدارەوە ئەگەر نەوەی نوێ نەیەتە پێشەوە و یەکەی خێزانی تازە دروست نەکرێت.

بەڵام لەهەمان کاتدا، هەستێك و سۆزێکی بەگوڕ لەهەموو مرۆڤەکاندا هەیە، یا چێنراوە، کە هەمیشە پابەندیان دەکاتەوە بەو ڕابردووە، بە دایك و باوكەوە. مرۆڤ هەست دەکات ئەوان ئەو بناغە پتەوەن کە ڕامان دەگرن. بێی ئەوان وەکو ئەو درەختە واین کە لەگەڵ نەرم ترین پشە با دەهەژێین، لەڕیشەوە هەڵدەقەنێین. ئەوان مێژووی مرۆڤن، ئەوان بەشێکی هەرە گرنگن لە کەسایەتی مرۆڤ، بەو مانایەی ئەوان بەپلە یەك بەشداربوون لەو بیناکردنە کۆمەڵایەتیەی کە هەموو مرۆڤەکان بەخۆشی یا بە ترشی پێیدا دەڕۆن. مرۆڤەکان هەڵگری ئاکار و ڕەفتاری دایك و باوکیانن، هەڵگری هەمان دین و بیر و باوەڕەکانی ئەوانن. ئیدی ئەوان پێشکەوتوو بن مندالەکانیش لە بەشێك یا هەموو ئەو پێشکەوتنە بەشدار دەبن. ئەگەر ئەوان دەولەمەند بن مندالەکانیش لەچوارچیوەی ئەو جەبرە کۆمەڵایەتیە ڕیژەییەی کە هەموو مرۆڤەکان سندم دەکات، دەولەمەند دەبن. خۆ ئەگەر ئەو دایك و باوکانە لەو خێزانانە بن کە شازادەن، یا بەگ زادە، یا لەچینی ناوەند بن وەکو پاریزەر، ئەندازیار، پزیشك و تاد، ئەوا مندالەکانیش دەبنە بەشێك لەو دونیا بالایەی کە تیایدا ژیان بەسەر دەبەن، دوور لەو ژیانە هەژاری و داماویەی کە زۆرینەی کۆمەڵگا تیایدا دەژیەت!

دایکە گیان لەو ڕۆژەدا چەند دڵ و یادەوەریەکانم پابەندن پێتەوە، هێندەش هەست بە خۆشەویستی و ڕێزداریم دەکەم بۆ تۆی گەورە! گەورەییەك کە هەموو خۆشی و ناخۆشیەکان، سەروەری و دەسکەوتەکانی خۆمی تیادا دەبینمەوە. دایە گیان بیر لەهەموو ئەو ساتانەی کە زراسکە و پاشان منداڵ و تا خۆناسین، دەکەمەوە کە بەخێوت کردووم، خۆشی خۆت بەلاوە ناوە بۆ ئەوەی من، منێك کە نەتزانیوە لە ئایندەی تۆدا میهرەبان دەبم یا پێچەوانە، ژیر ببمەوە، ئازار نەجێژم، تێر بم و تەندروست. دایە گیان سڵاو لەو ساتانەی کە تیایدا لەدایك بوویت، ژیاویت و تا ئەو ساتانەس کە تیایدا دەژیت و بەردەوام دەبیت لەژیان. سڵاو لە جوانیت، لە سۆز و میهرەبانیت، لە هەموو رۆژەکانی ژیانت، بەتایبەتیش لەو ڕۆژەی کە بەڕۆژی تۆوە ناسراوە. لەو ڕۆژەدا دەبمە خۆڵی ژێر پێت و چەتری هەموو خواستەکانت. ڕێز و چەمانەوەم بۆ گەورەییت بفەرموو گەورەم!.
بڵاوکردنەوەی ڕۆژێك دوای ڕۆژی دایك