رۆندک: October 2013

Thursday, October 17, 2013

ساتێك لە حزووری ژیاندا



کە تۆ خۆت نزیك بووی، چ پێویستم بە نزیکبوونەوە هەیە؟!
دەزانم هەوڵ دان بۆ نزیك بوونەوەت، لەخودی خۆیدا باوەڕ نەبوونە بە نزیكیت!
ئەگەر گریمانەی دووریشت بکەم، دەبێ بکرێت خوێن بکەم بەو دەروازەیەی لەتۆم نزیك بکاتەوە؟!
کام ڕێگایە دووریەکانم نزیك تر و نزیکەکان ئاوێتەی ڕۆح دەکاتەوە؟!
لەمێژە باوەڕم وایە تۆ نەك هەر نزیكیت لەڕۆح، بەڵکو تۆ هەر خودی ڕۆحیت!
ڕۆحیش پێویستی بە سەمفۆنیای ژیانە بۆ ئەوەی مەلەوانی تێدا بکات، نەك بە خوێن!
خوێن ڕۆح دەڕەوێنێتەوە
نزیکیەکان دوووور دەخاتەوە
دوورەکان لەناو دەبات
ئێرەکان ئاڵۆز و ئەوێکان وێران دەکات!

تۆ ژیانیت
ئەوانیش مەرگ
ئەی چۆن مەرگ دەمانگەیەنێت بەژیان؟!