رۆندک: December 2012

Sunday, December 16, 2012

هەردوو پێتەخت، ناوی قەبەی بێ ناوەرۆك


هەردوو پێتەخت، ناوی قەبەی بێ ناوەرۆك!!

لەم ڕۆژانەدا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سلێمانی بە پێتەختی ڕۆشنبیری دەستنیشان کرد، بەر لەو کاتەش هەولێر وەکو پێتەختی گەشت و گوزاری "عەرەب" دەستنیشان کرا. ئێمەش حەقمانە بپرسین لەو هەرێمەی کە سێ شاری هەن دوانیان پێیتەختن، دوو فڕۆکەخانەی هەن هەردووکیان ئینتەرناشیۆناڵن!، چەند حیزبێکی هەن دابەش بوون بەسەر دوو شاردا، لەسەر سنوورەکانیشی زنجیری تانك و تۆپەکانی زەیدی و مالیکی نەڕەیان دێت و سەودای ئەنفالێکی دی لەکەللـەی داونەتەوە. بۆ دەبێت سیاسیەکانی کورد هێندە ئەشقی قەبەیی بێ ناوەرۆك بن؟

سەرەتا ئەم بڕیارەی پەرلەمان هەبێ و نەبێ، سلێمانی ناوەرۆکی هەیە و دەیان نوسەر و هۆزانڤان و هونەرمەند لەو شارەدا پێگەیشتوون. ئەم بڕیارە داوەموێکیش لە ڕۆشنبیری خەڵکی ئەم شارە نە کەم دەکات و نەزیاد، لەگەڵ ئەوەش پیرۆزبایی لێ دەکەم و ئومێدەوارم بەو بڕیارە پشتی لێ نەکەنەوە. سەرەڕای ئەوەش لەوە دەترسم کە ئەم بڕیارەش وەکوبڕیاری زانکۆکان و زۆر بڕیاری دی، بچێتە خانەی پەنجا بە پەنجا و وەکو کاردانەوەیەک بۆ بە پێتەختی گەشت و گوزاری ناساندنی هەولێر دەبوایە سلێمانیش بکرێت بە پێتەختی ڕۆشنبیری. بەهەرحاڵ با لەوە گەڕێین و بزانین هەولێر بۆ پێتەختی گەشت و گوزارە و سلێمانیش ڕۆشنبیری؟
نکوڵی لەوە ناکەم کە هەرێمی کودستان، بەتایبەتیش هەولێر لەڕووی بیناسازیەوە تا ئاستێك پێشکەوتووە، بەڵام هێشتا زۆری ماوە سەقامگیری لەم ڕووەوە بەخۆیەوە ببینێت، بەتایبەتیش ناڕێکخراوەیی و بێسەروبەریەکی زۆر لە پرۆسەی ئەو بیناکردن و ئاوەدانکردنەوەدا بەرچاو دەکەوێت. سەرەڕای ئەوەش دەبێ مەرجەکانی گەشت و گوزاری چی بن تا هەولێر گەیشتبێتە ئەم ئاستە؟ وێڕای پیرۆزباییم بۆ هەولێریش کە زۆربەی یادەوەریەکانم لەو شارەدا لەدایك بوون، ئومێد دەکەم هەر گەشاوە بێت. لەگەڵ ئەوەش حەقمانە بپرسین داخۆ چ لەژێر سەری بەغدا دایە، لەلایەك هەولێـــر وەکو پێتەختی گەشتیاری ولاتانی عەرەب پێشنیاز دەکەن و لەلایەکی دیکەش هەرچی ناوە قەبەکانی بەعس هەن زیندوودەکرێنەوە و لە ئۆپەراسیۆنی دیجلەدا مۆبیلیزە دەکرێن و هەڕەشەی مۆدێلێکی تازەی جەنگ لەکورد دەکەن کە مۆدێلی جەنگی نەتەوەیی کورد و عەرەبە؟! ئایا ئەم پێشنیازکردنەش ئەگەر دیوی دەرەوەی ڕەحمەت بێت ناوەرۆکەکەی عەزاب نیە؟!

لە سێپتێمبەری ئەمساڵدا و لە پێتەختی گەشتیاریدا، لەگەڵ چەند هاوڕێیەك کە یەکێکیان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوو سەردانی یەکێك لە سەیرانگاکانی نزیك هەولێرمان کرد، دوای ئەوەی نانی نیوەڕۆمان خوارد، پێشنیازی ئەوەم بۆ ئەو برادەرانە کرد پێشبڕکێیەکی هەڵمەتی پاککردنەوە دەست پێ بکەین، سەعات و نیوێکمان لە پاککردنەوەی پانتایی نزیکەی دوسەد مەتر بەسەر برد و سێ کەس، سێ نایلۆنی گەورەی ڕەشی زبڵ، تەنها دەببە ئاوی بەتاڵ و بیبسی و کۆلا و نایلۆنمان لەو دووسەد مەتر دووجایە کۆکردنەوە. ئەم دیاردەیە لەهەموو شار و شارۆچکە و ناوچەکانی کوردستان بە ڕێژەی جیا بەرچاو دەکەوێت. ئەمە پەیوەندی بە زەوق و بە پاك و خاوێنی خەڵکەوە هەیە، ئەم پیس و پۆخڵیە تاهەنوکەش لای من بووە بە گرێ کوێرە و بۆم ناکرێتەوە. ئاودەستی مزگەوتێکی هەرێمی کوردستانم نەبینی پاك و خاوێن بێت و مرۆڤ بەبێ لوتگرتن لێیان بچێتە ژوورەوە، بە سەدان هەزار دۆلار لە منارە و دەر و دیوارەکان خەرج دەکرێت و شوێنی دەست بەئاوگەیاندنیش بۆگەن.

ئەی سلێمانی بە چ دەبێتە پێتەختی ڕۆشنبیری؟ گرنگترین دیاردەی شارستانیەت کتێبخانەکانن. سەر بەهەر شارێکی ئەوروپیدا بگرین، لەهەموو کۆڵانێك کتێبخانەیەك هەیە بەهەموو پیداویستیەکانەوە، بە سەدان کتێب، گۆڤار ڕۆژنامە لەهەموو جۆرەکانیان، شوێنی خوێندنەوەی گشتی، شوێنی تایبەتی خوێندنی خوێندکاران کە زۆرجاران پێی دەڵێن هۆڵی بێ دەنگی، چەند دانەیەك کۆمپیوتەر بەپێی گەورەیی و بچوکی کتێبخانەکە، خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، کە زۆربەی جاران بە بەشداری کردن دەبێت، وێڕای شوێنی تایبەت بۆ مناڵان و تەواوی پێداویستیەکانیان، زۆرجاران خزمەتگوزاری فۆرم پرکردنەوە و ڕاوێژیشان لێ دەکرێت، ئەوەچش لەوەی کە ئاودەستەکانیان لەشوێنی خوێندنەوە خاوێن تر و دڵگیر ترن. ئەم کتێبخانانە لە ناوەندی هەموو گەڕەكێدا هەن و دووریان لە ماڵ لە دە دەقە تا چارەگێك تێپەڕ ناکات. وێڕای کتێبخانەی ناوەندی گەورەی شار کە بە هەزارەها کتێب لەخۆ دەگرن، لەپاڵ ئەوەش کتێبخانەی زانکۆکان هیچیان لە کتێبخانەی ناوەندی گشتی کەمتر کتێبیان تێدا نین. سەرەڕای هەموو ئەوانەش کتێب وەکو مەدالیا وایە لەدەستی هەموو خەڵکێك دەبینرێت، لەهەموو شوێنێك خەڵك کاتی زیادەی خۆی بە خوێندنەوە بەسەر دەبات، لەناو پاس، شەمەندەفەر، تەنانەت لەناو پارکەکان و شوێنە گشتیەکانیش خەڵكێك دەبینرێت و دەخوێننەوە. باشە تاکە پرسیارێك لە پارێزگار و شارەوانیەکانی کوردستان و بەتایبەتیش شارەوانی و پارێزگاری هەردوو پێتەخت، ئەگەر گەشتیاران چوونە ئەم دوو شارە و لەهیچ شوێنێك سەیرانگایەکی پاك و خاوێنیان نەبینی، لە هیچ کۆڵانێك کتێبخانەی بە نیوەی ئەو خزمەتگوزاریانەی کە لەسەرەوە باس کران نەیان بینین، دەبێت کۆممێنتیان چی بێت بەرامبەر شاری بێ ناوەرۆك و ناوی قەبە و ڕێگاوبانی وێران؟

بۆ دەبێت لەهەموو کۆڵانێك زیاتر لە چەند مزگەوتێك هەبن، بەڵام لە هەموو شارەکە یەك کتێبخانەیان تێدا نەبێت بۆ ئەوەی مندالەکانی کورد بتوانن بە ئاسانی ڕوویان تێ بکەن و سوود لە کتێب و ئینتەرنێت و ڕۆژنامەکان وەربگرن؟ ئایا گەشت وگوزار تەنها بریتیە لە چەند هۆتێلێك و شارەکان و سەیرانگاکانیش لە زبڵ و تۆز نقوم ببن؟ خۆ ئەگەر باسی کەموکوڕی ئەو تاقە کتێبخانەش بکەین کە لەو شارانەدا هەن، کە لەو باوەڕەدام ڕێژەی زیاتر لە سەدا نەوەدی خەڵك ئاشنایان نین و پێشیان نازانن، ئەوا لە کەموکوڕی و بۆگەنی ئاودەستەکانی نقوم دەبین!!